شکستی ئاخوندان و پەرەپێدانی فەرهەنگی دواکەوتوویان لە کەس شاراوە نیە. وە ئەو شکستە بۆتە دەستمایەی شەڕی نێوان تاقمە دەسەڵاتدارەکانی رژێم. نوێترین قسە لەو بارەوە، پاسدار عەلی جەنەتی وەزیری ئیرشادی رژێم، هێرشی کردە سەر ئاخوندەکانی قوم و تێکڕای ئاخوندانی تاقمی رەقیب و گووتوویەتی: ئێمە 50 هەزار کەس عالمان لە قوم هەیە و هەزاران عالمی دیکەمان لە سەرانسەری وەڵاتدا هەیە کە لە حەوزەکاندا خەریکی خوێندنن، ئەی بۆ وەزعیەت بەو شێوەیە؟ ئێمە کە نزیکی 800 خەتیبی جومعەمان لە وەڵاتدا هەیە کە هەموو حەوتوویەک بانگەشەی خەڵک دەکەن بۆ چاکە، یان لە هەموو مزگەوتەکاندا کەسانێک پێشنوێژی دەکەن و هان و رێنوێنی خەڵک دەکەن. ئەی ئەوانە چی دەکەن؟ (مەڵپەرێکی حکومەتی 4ی گەلاوێژی 1395)
ئەو کاربەدەستەی رژێم ئیعتراف بەوە دەکات کە وەزعیەتی فەرهەنگی لە ئێرانی ژێردەسەڵاتی ئاخوندان، نە تەنیا بەدڵی خودی ئاخوندان نیە بەڵکوو بە دڵی کۆت و شەرواڵ لەبەرەکانی ئاخوندان وەک عەلی جەنەتیش نیە، وە ئێستا خەریکە ئەوە دەکاتە لۆمەیەک و دەیخاتەوە بەردەم ئاخوندان. ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئیشارە بە دامەزراوە و بوجە زۆرەکانی وەزارەتی ئیرشاد دێنێ و دەڵێ: زیاتر لە 70 لەسەدی بوجەی فەرهەنگی وەڵات لە بەردەستی ناوەندەکانی ئوسولگەرا دایە کە لە ژێر ناوی جیاجیادا بوجەیەکی زۆریان بۆ خۆیان تەرخان کردوە، وە وەڵام دەرەوەی هیچ ناوەندێکیش نین.
هەر ئەو کاربەدەستە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بۆ ئەوەی زەربەیەکی قاییمتر لە تاقمی بەرامبەری بدات، ئیعتراف بە شتی گەورەتر دەکاو دەڵێ: کاتێک کە راپەرینمان کرد، ئامانجی ئێمە ئەوە بوو کە حکومەتێکی ئیسلامی دامەزرێنین بۆ ئەوەی بە کۆمەڵگەیەکی ئارام و ئەمین بگەین و لەلایەنی ئابووریشەوە پێشکەوین و جیاوازی چینایەتی کەمتر بێ. ئەوانە ئامانجی ئێمە بوو. بەڵام ئەوەی ئەورۆ لە کۆمەڵگەدا دەیبینین لە ئامانجەکانمان دوورە و ئەوەش ئاکامی کارەکانی ئێمەیە.
بێ شک ئەوە نەتیجەی کاری تێکڕای دزانی دەسەڵاتدارە لە ئێران. ئەو رۆژەی راپەرینی دژی پاشایەتی کە بە رەنج و فیداکاری رۆڵەکانی وەڵات و ئامادەبوونی ملوێنی جەماوەر لە شەقامەکان سەرکەوتنی بەدەست هێنا، جوێ لە ئازادی ئامانجێکی دیکەی نەبوو. بەڵام دێومەزمەیەک بە ناوی خومەینی هاتوو بەری راپەرینەکەی دزی. ئەو دزە گەورەی کە لەگەڵ خۆیدا رەوە دزێکی کردە دەسەڵاتدار، ئەو دزانەی ئەورۆ فیشی حەقدەستی مانگانەیان بۆتە وێردی سەر زمان.
راستیەکەی ئەوەیە کە فەرهەنگی دواکەوتووانەی ئاخوندان لە نێو لاواندا جێگەی نابێتەوە، وە هەر چەندە تاقمەکانی رژێم بەسەر و کەللەی یەکتردا بکوتن، دەردێکیان لێ دەوا ناکا. ئەنجامی ئەو شەڕ و کێشەی باندەکانیش، روون بوونەوەی زیاتری دزی و غارەتی زیاترە، ئەو شتەی کە دەبێتە هۆی کڵپە کردنی توورەیی جەماوەری ئێران و لاوانی ئازادیخوازی ئەو وەڵاتەو راماڵینی دەسەڵاتی دزان و رووخانی کۆشکی گەندەڵیی ئاخوندان.