عهلی بههرامی
هاوڕێ و هاوسەنگر کاک بێهزاد! کاتێک بیستم ویستووتە خۆت بکەیتە قوربانی لە پێناو مافی ئاوارەو لێقەوماوان. کاتێک بیستم توورەیی و خەمی بێ مافی لە ناختدا کڵپەی کردوەو پڕ بە گەروو هاوارت بەسەر ویژدانی مردووی یوئێن و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دا کردووە. ئەوجار تێگەیشتم دەرد و ئازارەکان چەندەیان شەکەت و ماندوو کردووی و وەک قارەمانێکی مەیدان بریاری بەگژدا چوونەوەت دژی کۆشکی ستەمی مافی مرۆڤ و یوئێندا داوە. کاتێک سەیری شاشەی ناشازی تێڤێکانم دەکرد چەندەم ئاوات و ئارەزوو لە نێو چاوانتدا خوێندنەوە. لەو کاتێک بینیم چۆن خولیای بە دوای مافەکانتەوە و دەتویست بڵێی ئێمەی کوردیش دەمانەوێ وەکوو مرۆڤ بژین.
کاتێک بینیم چۆن دژی نادادی و جیاکاری هاوارت عەرشی ستەمکارانی دەهەژاند. لەو کاتەدا قەڵافەتی پیاوێکی پڕ لە ئیمان و ورەم بدەیی کرد کە بە تەنیا دەیەوێ دەردێک نیشانی جیهان بدات کە ساڵانێکە بە ناخیان غەریبان رۆ دەچێ و دەیانتوێنێتەوە.
ئەی هاوڕێ بێ نازەکەم! بۆ ئەوەی بیسەلمێنی ویژدان نەماوە، مافی مرۆڤ لە منداڵداندا خنکێندراوەو دادپەروەری ژێر پێ دراوە، جەستەت کردە ئاگردانێک کۆشکی بێ دادی و نارەوایی و تاجرانی گیانی مرۆڤت پێ سوتاند. بەڵام نازانم ئەو ئاگرە چۆن توانی ئەوندە بێ رەحم بێ جەستەت بکاتە قەقنەس و هەموو ئاواتەکان لە چاوتا بسوتێنێ و کۆتایی بە تێکڕای خولیا و ئارەزووەکانت بێنێ.
ئەی شەهیدەکەی ئاگر و خوێن! لەدوای تۆ هەموو شەوێک سەعات 12، هەموو یەکشەممەیەکی حەوتوو و هەموو 23یەکی مانگی مای، پڕ بە گەروومان هاوار دەکەین و جەستەی خەستەی بێنازت بە رووی یوئێن، مافی مرۆڤ و وێژدانە مردووکاندا دەدەینەوە و شەرمەزاریان دەکەین. ئەی بێهزادەکەی بۆکانی مەکۆی جوانمێران، بێ خەم بنوو ئیتر برینەکان ئازارت نادەن و هیچ رژیمێکی داگیرکەر ناتوانێ لەسێدارەت بدا، بۆیە با رۆحی بەرزت بەرەو بۆکانی سەردار و سوارچاکانی کوردستان لە شەقەی باڵ بدا و دیداری مامۆستا ئارام و باقی شەهیدانی سازمانی خەباتی خوێناویت لێ پیرۆز بێ.