بەپێی هەواڵی ئاژانسی کوردپا، لە دوای بێ رێزی هونەرمەندێکی بێ شوناسی سەر بە رژێم بە کوردانی لەک، کاردانەوەی کوردانی بەغیرەتی لەکی بە دوادا هات و وەک نارەزایەتیێک بەو هەنگاوەی رژێم رژانە سەر شەقامەکان.
بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکان، کوردانی لەک لە شار و ناوچەکانی "نووراوا" و "دولفان"ی لوڕستان دژ بە بێڕێزیی گۆرانیبێژێکی فارسی سەر بە ڕێژیم بە کوردانی لەک خۆپیشاندانێکیان وەڕێ خست.
خەڵکی ناڕازی و چالاکانی فەرهەنگی و ئەدەبی بە جلی کوردییەوە و بەدانی درووشمی وەک "من لەکم" لەو شارانەدا ڕژانە سەر شەقامەکان و داوایان کرد کۆتایی بەو بێڕێزییانە بهێنرێت.
ئەو ناڕەزایەتییەی کوردانی لەک لە بەرامبەر بێرێزیی "گۆرانیبێژێکی سەر بە ڕژیم" بە ناوی خوازراوی "خان" بە ڕێوەچووە کە لە گۆرانییەکی خۆیدا خەڵکی لەک بە " ناحاڵی" و "ناتێگەیشتوو" و "نەخوێندەوار" ناو دەبات و دەڵێ چون لەکن مرۆڤ نین و ئەقڵیان لە ئاستی قەوزەیەکدایە.
ناوبراو لە درێژەی ئەو گۆرانییەدا، کوردانی لەک بە "دز" لە قەڵەم دەدات کە هیچ کات لە پۆمپی بەنزین پارە نادەن و ڕادەکەن و دەڵێ تا ماوەیەک بەر لە ئێستا هەر لە پشت کێوەکان بوون و شاریان نەدیتبوو و هەر لەگەڵ کەر و مەڕوماڵات دەژیان و دەڵێ ساڵێ جارێکیش خۆیان ناشۆن و ناچنە حەمام و هێزیان هێندەی کەرێکە و دەڵێ تەنانەت نازانن خەتەر (مەترسی) بە کام (ت) دەنووسن.
لەکەکان لە نەتەوەی کوردن، کە لە پارێزگاکانی کرماشان، لوڕستان، ئیلام و هەمەدان دەژین. زمانی زگماکیی لەکەکان شێوەزاری لەکییە کە بە یەکێک لە شێوەزارەکانی زمانی کوردی دێتە ئەژمار. زۆربەی لەکەکان سەر بە ئایینزای شیعەن و بەشێکیشیان سەر بە ئایینی یارسانن.