مێژووی هەڵبژاردن لە ئێران دەگەرێتەوە بۆ 14ی گەلاوێژی 1285ی هەتاوی و سەردەمی موزەفەرەدین شای قاجار. لە سەردەمی
عەلی بەهرامی
مێژووی هەڵبژاردن لە ئێران دەگەرێتەوە بۆ 14ی گەلاوێژی 1285ی هەتاوی و سەردەمی موزەفەرەدین شای قاجار. لە سەردەمی ناوبراو دا شۆرشی مەشروتیەت دەستی پێ کرد و ئەنجامی ئەو شۆرشەیش پێکهێنانی حکومەتی مەشروتە بوو و یەکەم هەڵبژاردنیش بە فشاری ئەوان و فەرمانی شا ئەنجام درا.
موزەفەرەدین شا لە فەرمانەکەی بۆ دەستبەرکار بوونی کاری مەجلیسی میللی چەند مەرجێکی داناو رایگەیاند کە نوێنەرانی مەجلیس دەبێ:
توانای خوێندن، نوسین و قسەکردن بە زمانی فارسیان هەبێ و پێک بێن لە چینە تایبەتەکانی کۆمەڵگەی ئێران وەکوو شازادەکانی قاجار، ئاخوندەکان، دەوڵەمەند، تاجیر، خاوەن زەوی و دەسترۆیشتووەکان. لەو هەڵبژاردنەیشدا تەنیا کەسانێکیش دەیانتوانی دەنگ بدەن کە مولک و ماڵیان بە ئەندازەی 1000 تمەن یان دوکاندارێک کە داهاتی زیاتر لە داهاتی گەرەکێک بووبێ. هەژار، حەماڵ و وشتروان نەیادەتوانی بەشداری لە دەنگداندا بکەن. بەشدارانی دەنگدان پێویست بوو 25 ساڵ بن و خۆ بە خزمەتکاری ئێران بزانن و ژنیش مافی دەنگدانی نەبوو.
لە مەجلیسی یەکەمدا تاران 60 نوێنەر و ئیالەتەکانیش 96 نوێنەریان هەبوو. کە ئەم قانوونانە لە 1287، 1288 و 1290دا گۆرانی بەسەر هات و ئیسلاحات و چاکسازی تێدا کرا.
لەدوای قاجار و بە دەسەڵاتگەیشتنی پەهلەوی ئەم یاسا و رێسایانە هەر بەو شێوەیە کاریان پێکرا و هەڵبژاردن لە ژێر چاودێری پاشاکاندا و بە شێوەی شکڵی بەرێوەدەچوون. بەڵام لە دوای بەدەسەڵات گەیشتنی محەمەد رەزاشای پەهلەوی لە ساڵی 1341ی هەتاویدا قانوونی ئەنجومەنەکانی ئیالەتی و ئەنجومەنی وەڵات پەسەند کرا و بۆ یەکەم جار مافی دەنگدان بە ژنان درا. کە لە دوای ئەم چاکسازیە ئاخوندەکانی قوم دژی وێستانەوە و توندوتیژیەکی زۆریان کرد، بەڵام لە کۆتاییدا جێبەجێ کرا.
هەڵبژاردن لە ئێران بە هاتنەسەر کاری رژیمی ئاخوندی چووە قۆناغێکی دیکە، وێڕای ئەوەی کە هەڵبژاردنەکان لە ئێران بە هەر دوو جۆری راستەوخۆ و ناراستەوخۆ بەرێوەدەچوون بەڵام بەهۆی شەرت و مەرجە سەخت و توندەکان و هێژموونی زاڵی خومەینی بەسەر ئیرادەی خەڵک و دەسەڵاتی بەرێوەبەری وەڵات، بە تایبەتی تر دانانی وەلی فەقیە لە سەروو هەموو دەزگا گرینگەکانی وەڵات و گێڕانەوەی هەموو دەسەڵاتەکان چ راستەوخۆ و چ ناراستەوخۆ بۆ وەلی فەقیە، هەڵبژاردنەکانی ئەوندەی دیکە لە ناوەرۆکدا بەتاڵ و پێچەوانە کردەوە لەگەڵ فەلسەفەی هەڵبژاردنی ئازاد و ستاندارد و خەڵک سالاردا.
بۆ وێنە لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهدا، سەرۆک کۆمار کە سەرۆکی دەزگای بەرێوەبەریە و بە قسە راستەوخۆ لەلایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێ، دەبێ پاڵێوراوەکەی لە فیلتەری شۆرای نیگابان دەرچێ، کە دامەزراوەیەکە بۆ چاودێری دامودوزگاکانی بەرێوەبەری و قانووندانان و بەرپرسەکەی راستوخۆ لەلایەن رێبەری دەسەڵاتەوە دیاری دەکرێ. لە دوای دیاری کرانی سەرۆککۆماریش بەشێکی گرینگی وەزارەت و ئەندامانی کابینەی حکومەت دەبێ بە چاودێری و تەئیدی شەخسی رێبەرەوە داندرێن و سەرۆککۆمار توانای گۆڕین و دانانی کەسێکی دیکەی لەو وەزارەتانەدا نیە. راستی و دروستی ئەم بابەتە لە کاتی سەرۆککۆماری ئەحمەدینژادا روویدا لە دوای ئەوەی ناوبراو بریاری وەلانانی وەزیری ئیتلاعاتی دەرکرد، بە رازی نەبوونی خامنەیی سەرۆککۆمار نەیتوانی دەست لە وەزیر بدات و بە ناچار 11 رۆژ لە ماڵەوە مانی گرت.
ئەو پرۆسە و بەربەستانەش بۆ دەزگای یاسا دانانی رژیمیش هەیە، ئەوانەی خۆیان دەپاڵێون بۆ مەجلیس پێویستە شۆرای نیگابان تەئیدیان بکات و بریار و پەسەندکراوەکانی مەجلیس دەبێ لەلایەن شۆرای نیگابانەوە تەئید بکرێن.
لەلایەکی دیکەوە ئەو میکانیزم و مەرجانەی بۆ خۆ پاڵاوتن بۆ جومگە گرینگەکانی رژیم داندراوە، 42 ساڵە بەشێکی زۆری نەتەوە و دین و مەزهەبەکانی ئێران بە پێی قانوون رێگە و مافیان پێ نادرێ و بەربەستی زۆریان دەخرێتە بەردەم و لە گەیشتن بە پۆستە سەرەکی و کلیدیەکان بێ بەش دەکرێن.
بەم خوێندنەوەو پێناسەی بۆ هەڵبژاردنەکانی ئێران کرا، رژیمی سیاسی ئێستای ئێران چ قازانجێک لە بەرێوەبردنی هەڵبژاردن دەکات و مەبەستی لەم هەنگاوە پڕ هەزینەیە چیە؟
رژیمی سیاسی ئێستای ئێران بەو شکڵەی کە دارێژراوە دەسەڵاتێکی دیکتاتۆریە بەڵام دیکتاتۆرێک کە جیایە لە سیستەمە دیکتاتۆرەکانی سەردەمی خۆی. ئەم دەسەڵاتە سیستەمێکی دیکتاتۆری زۆر پێچەڵاوپێچەکە کە تیایدا نیشانەکانی دیموکراسی بە شێوەی فورمالیتە بەرێوە دەبرێن و بانگەشەی ئەوە دەکرێ کە هەڵبژاردن بۆ دەسەڵاتی سیاسی گرینگە و مڵملانێی تێدایە بەڵام لە ئەنجامدا هەموو دەسەڵاتەکان بۆ یەک کەس دەگەرێتەوە ئەویش وەلی فەقیە کە هەم پشتیوانەیەکی رۆحیان بۆ دروست کردووە هەم پشتیوانەیەکی قانوونی. لە دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیه دا بۆیە بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن هەزینە دەکرێ بۆ ئەوەی خەڵک دەنگ بدات بەو کەسە دەستەبژێرانەی وەلی فەقیه، بۆ ئەوەی بۆ چوار یان لانی زۆری 8 ساڵ ئەوەی وەلی فەقیە بە قازانج و پێویستی دەزانێ جێبەجێی بکەن، نەک ئەوەی خەڵک پێویستیەتی و ئەولەویتە لایان.
لەم دەسەڵاتەدا خەڵک مێعیار و ئەساس نین وە هەر وەکوو لە پێشدا ئیشارەی پێدرا بەپێی قانوون تەنیا کۆمەڵێکی کەم لە دەسەڵاتداران و نزیکەکانی وەلی فەقیە لە فیلتەری شۆرای نیگابان دەرچن بۆ پۆستە سەرەکیەکان، هەر بەپێی قانوون بەشێکی زۆری خەڵکی ئێران لەبەر جیایی دین، مەزهەب و نەتەوە، هەروەها لەبەر ئەو جیاکاریەی بۆ ژنان و ئەوانەی باوەڕی قووڵیان بە بنەماکانی سیستەمی وەلی فەقیە نەبێ لە خۆ پاڵاوتن بێ بەش دەکرێن. لە دەسەڵاتی ئاخونداندا خەڵک تەنیا لە رۆژی دەنگداندا پێویستە بۆ ئەوەی رێژە و ژمارەی بەشداری جەماوەر لە بەردەم سەندوقەکانی دەنگدان بکرێتە دەرفەتێک هەتا نیزامی سیاسی ژێستی خۆی روو بە دەرەوە و کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی پێوە بگرێ و دسەڵاتەکەی بە هەڵێژردراو و نوێنەری گەل نیشان بدات.
وابڕیارە رۆژی هەینی 28ی جۆزەردانی 1400ی هەتاوی، دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیە شانۆی هەڵبژاردنەکانی دەورەی 6ی شۆرای شار و دێکان و دەورەی 13ی سەرۆککۆماری خۆی بەرێوەدەبات. بۆ ئەو مەبەستە ژمارەیەکی بەچاو لە کەسانی سەر بە دەسەڵاتە چوونە وەزارەتی ناوخۆ و خۆیان ناونووس کرد، شۆرای نیگابان تەنیا حەوت کەسی لە مۆرە هەرە گوێڕایەڵ و گوێلەمستەکانی وەلی فەقیهی بۆ ئەو دەورەی شانۆگەری هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری تەئید کرد کە بریتین لە ئاخوند ئیبراهیمی رەییسی سەرۆکی دەزگای قەزایی رژیم و ئەندامی هەیئەتی مەرگ و قاتڵی بەندییە سیاسیەکان، پاسدار موحسینی رەزایی فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران و سکرتێری کۆڕی لێکدانەوەی قارانجەکانی رژیم، سەعید جەلیلی نوێنەری خامنەیی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی رژیم، شۆرای هیدایەتی سیاسەتی دەرەوە و ئەندامی کۆڕی لێکدانەوەی قازانجەکانی رژیم، عەلیرەزا زاکانی سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی مەجلیسی رژیم، ئەندامی هەیئەتی زانستی زانستگای علومی پزیشکی تاران، سەرۆکی پێشووی رێکخراوی بەسیجی خوێندکاری، ئەندامی ئەنجومەنی بەرزی مانگی سوور و چەندین دەورە نوێنەری مەجلیس بووە. ناوبراو بۆ دەورەکانی ساڵی 1392 و 1396ی سەرۆککۆماری لەلایەن شۆرای نیگابانەوە رەت کرابوویەوە. موحسین مێهر عەلیزادە سەرۆکی فیدراسیۆنی نێونەتەوەیی وەرزشی زۆرخانەیی و ئەندامی هەیئەتی بەرێوەبەری رێکخراوی ناوچەی ئازادی کیش و سەرۆکی هەیئەتی بەرێوەبەری شیرکەتی موهەندیسی پەرەپێدانی ئاوی ئاسیایە. لە کاتی خاتەمی دا جێگری سەرۆککۆمار و سەرۆکی رێکخراوی وەرزش بووە. نابراو بۆ ساڵی 1394 خۆی بۆ مەجلیس پاڵاوت کە لەلایەن شۆرای نیگابانەوە رەت کرایەوە. عەبدولناسری هیمەتی سەرۆکی بانکی ناوەندی رژیمە و پێشتر لە رێکخراوی دەنگ و رەنگی رژیمدا بەرپرسی بەشی هەواڵ بووە. هەروەها سەرۆکی بیمەی ناوەندی رژیم، بانکی سینا، بانکی میللی و نوێنەری کابینەی حەسەنی رۆحانی لە کومیتەی ئابووری شۆرای بەرزی ئاسایشی نەتەوەیی رژیم بووە.
سەید ئەمیرحوسەین قازی زادەی هاشمی نوێنەری مەجلیس لە دەورەکانی هەشت، نۆ، دە و یازدە بووە.
هەروەها بۆ ئەم دەورەی سەرۆککۆماری رژیم شۆرای نیگابان کۆمەڵێک کەسی وەکوو مەحمودی ئەحمەدی نژاد سەرۆککۆماری پێشوو، عەلی لاریجانی سەرۆکی پێشووی مەجلیس و ئیسحاق جەهانگیری جێگری یەکەمی حەسەنی رۆحانی رەت کردەوە. ئەمەش کاردانەوەی جیاجیا و توندی لێ کەوتەوەو ئەو کەسانە بەتایبەت ئەحمەدی نژاد، حەسەنی رۆحانی و حەسەنی خومەینی کوڕەزای خومەینی دامەزرێنەری رژیم، رەخنەیان لەو بریارانەی شۆرای نیگابان گرت.
بە رای من چاوەروان کراوبوو کە رژیم زیاتر لە رابردوو هەوڵی داخراوەیی و یەکدەستی دەسەڵاتەکەی دەدا بەتایبەت لە ئێستادا کە خامنەیی مەرگی نزیکە و بابەتی جێدار و کونترۆڵی دۆخی دەسەڵاتی پڕ لە کێشە و ئاڵۆزی ئێرانی لە بەردەمدایە. ئەمەش وای لە خامنەیی کردووە هەموو هەوڵێک بدا بۆ زیاتر یەکدەست کردنی دەسەڵاتەکەی و تەسویە حیسابی ئەوانەی بەجۆرێک مەترسی لێیان هەیە. هەر بۆیە ناوبراو وێڕای ترسی لە بەشداری نەکردنی خەڵک و دابەزینی رێژەی بەشداری خەڵکو کاردانەوەکانی، هەوڵی ئەوە دەدات یەکێک لەو کەسانەی تەئید کراون بکاتە سەرۆککۆمار و لەو رێگەوە وەزعەکە روو بە دەرەوە بە ئاسایی و لەناوخۆیش کونترۆڵ بکات و بەبێ گرێ و گۆڵێکی ئەوتۆ ئاسانکاری بۆ بە دەسەڵات گەیشتنی جێدارەکەی بکا. ئەمەیش وای کردووە بەشێکی زۆر پێیان وابێ باشترین بژاردەی خامنەیی بۆ سەرۆککۆماری ئاخوند رەئیسیە! بە ڕای من ئەوەی ئێستا روو دەدا سیناریۆی بەیتی رێبەری و ژووری فکری سپای پاسدارانە کە رەئیسی وا نیشان بدرێ کە لەم دۆخەدا تەنیا کەسە بتوانێ لەنگەرێک لە باری لاری وەلی فەقیە بگرێ و سوپەری بەڵاگێڕەوە بێ بۆی. هاوکات لەلایەن بەشێک لە دامودەزگاکانی دەسەڵات هەوڵ دەدرێ وا نیشان بدرێ رەئیسی جێداری خامنەییە. ئەم جۆرە یارکردنە بە رەئیسی دەتوانێ ئەو دەرنجامە بدا بە دەستەوە کە ناوبراو تەنیا شانۆگەریەکان بۆ خامنەیی خۆش دەکات و لەم شەڕ و ملبەملەی نێو دەسەڵات خۆی دەکاتە پردەباز بۆ جێداری خامنەیی. لەلایەکی دیکە خامنەیی و بەیتی رێبەری رژیم لە هەموو کەس باشتر لەو راستیە حاڵین کە هەر کەس لەلایەن ئەوانەوە پشتیوانی بکرێ نەک هەر خەڵک بەڵکوو لەلایەن بەشێکی بەرچاو لە لایەنگرانی رژیمیشەوە رەت دەکرێتەوەو دەنگی پێ نادرێ. بەم پێیە هێنانە پێشەوەی ناوبراو بۆ نێو شانۆگەری هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری لەلایەک بۆ دروست کردنی رقابەت لە نێوان مۆرە دەستەبژێرەکانی ئەمجارەی وەلی فەقیه و خۆش کردنی کورەی هەڵبژاردنە و بەو جۆرە خەڵک هانبەدەن بۆ بەشداری کردن و لەلایەکی دیکە ئەو تێگەیشتنە لای خەڵکی ئێران دروست بکەن کە ئەگەر بەشداری نەکەن لەو هەڵبژاردنەدا ئەوە خامنەیی و بەیتی رێبەری ئیبراهیمی رەئیسی دەکەنە سەرۆککۆمار. بەڵام لە راستیدا بەهۆی ئەوەی رەئیسی مێژوویەکی دوور و درێژی لە سێدارە و کوشتاری بەندکراوانی سیاسی ئێراندا هەیە و روو بە دەرەوە کەسێکی بێزراوە، هەروەها لەو دۆخەدا کە رژیم پشتی لە ژێر باری گرانی ئابڵوقە ئابووری و سیاسەکان چەماوە، ناوبراو ناتوانێ مۆرە و سەرۆککۆمارێکی باش بۆ بەرنامەکانی خامنەیی روو بە دەرەوە و لە ناوخۆی دەسەڵاتیش بێ. کاردانەوەو موخالیفەتەکان بەم هەنگاوەی خامنەیی بۆ بەرتەسکردنەوەی زیاتری ئاڵقەی لایەنگران و کەسانی خۆی، رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر دەبێ، لە کاتێکدا ئەگەر ئیبراهیمی رەئیسی بکرێتە سەرۆککۆمار کێشەو بەریەککەوتنی نێوخۆی دەسەڵات زۆرتر بێتەوە. لەلایەکی خامنەیی کێشەی دانانی جێداری خۆی هەیە و بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ئێستای خانەوادەی خومەینی، مەترسی لە پەراوێزکەوتن و داهاتوویی خانەوادەکەی و بەتایبەتی موجتەبای کوڕی هەیە هەر بۆیە خامنەیی چەند ساڵێکە کار بۆ ئەوە دەکا موجتەبای کوڕی وەلی فەقیهی داهاتووی رژیم بێ.
بە رای من دۆخی موحسینی رەزایی وەک بەرپرسی پێشووی سوپای پاسداران و تاوان و جینایەتەکانی ناوبراو لە ناوخۆی ئێران و تاوانبارکرانی بە تێوەگلانی لە تیرۆری نەیاران و موخالیفانی رژیم لە دەرەوەی وەڵات، ناتوانێ بژاردەی خامنەیی بێ بۆ ئەو پۆستە. هەروەها لە بەربێژێرەکانی ئەمجارەی خامنەیی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری ئەو کەسەی خامنەیی دەکرێ سەرمایەگوزاری لەسەر کردبێ سەعیدی جەلیلیە. بەهۆی ئەوەی ناوبراو یەکێک لە کەسە نزیک و باوەڕپێکراوەکانی خامنەیی و نوێنەری ناوبراو بووە لە بەشێکی بەرچاو لە دەزگا گرینگ و کاریەگەرەکانی دەسەڵات و ئەزموونی باشی لە دیپلۆماسیەت و دوونیای دەرەوە هەیە.
بەڵام ئەوەی لە کۆتاییدا پێویست بگوترێ ئەو خاڵەیە کە لە دوای 115 ساڵ لەبەرێوەچوونی هەڵبژاردن لە ئێران، خەڵکی ئەو وەڵاتە تا ئێستا نەیتوانیوە بە هەڵبژاردن دەوری هەبێ لە بریاری سیاسی وەڵاتدا بەتایبەت تا دێ پرۆسەی هەڵبژاردن بێ نارۆک و بێ بنەماتر دەکرێ. هەر بۆیە باشترین پژاردە بۆ خەڵکی کوردستان و ئێران بایکوت و تەحریمی جیددی و کاریگەری شانۆگەری هەڵبژاردنی 28ی جۆزەردانە. چوونکە بە بایکوت و تەحریمی ئەو سیرک و شانۆیە، رژیم ئەو کارتەی بە دەستەوە نابێ کە بڵێ نوێنەر و هەڵبژێدراوی خەڵکن بەپێچەوانەوە نامەشروعیەتی ئەو دەسەڵاتە دەردەکەوێ. بەڵام بژاردەی بایکوت و تەحریم کۆتایی کاری ئەو دەسەڵاتە نیە بەڵکوو پێویستە ئاگری خەبات و راپەرینی جەماوەری لە ئێران زیاتر نێڵ بدەین و هەموو خەڵکی ئێران بە تێکڕای چین و تووێژەکانەوە هەنگاوەکان بەرەو روخان و لەناوچوەونی دەسەڵاتی دیکتاتۆر و گەندەڵی ئاخوندی، چڕتر بکەنەوە.