بەرهەمی دەسەڵاتی رژێمی ویلایەتی فەقیە بەگشتی و بەشێوەی تایبەتیش ماوەی 3 ساڵی دەسەڵاتی ئاخوند رۆحانی بۆ خەڵکی ئێران، قەیرانی گەورەی ئابووری، داخرانی کارخانە و کارگاکان، وەددەرنان و بێکار کردنی کرێکاران، بێکاری و پەرەسەندنی هەژاری بووە.
لە وەها هەلومەرجێکدایە کە بەشێکی زۆری سوپای بێکاران و هەژارانی کۆمەڵگە بۆ بژیوی ژیان روو لە دەسفرۆشی دەکەن بۆ ئەوەی لانی کەمی پێداویستیەکانی ژیان دابین بکەن. ئەو بەشەی کۆمەڵگە بە زۆری لە بێ بەشترین کەسەکان و دانیشتوانی ناوچە هەرە هەژاری شارەکانن.
لەم دواییانەدا شارەداری تاران بۆ بێ بەشتر کردنی ئەو خەڵکی هەژارە بە بڕیارێکی زاڵمانە دەسفرۆشیشی بە تاوان داناوە. وە داوای لە یەکێک لە ئورگانە سەرکوتگەرەکان کردوە بۆ ئەوەی بەبیانووی رێکخستنی شەقامەکان و پاک کردنەوەی وێزگەی میترۆکان، دەسفرۆشەکان بگرن و لەو شوێنانەیان دوور خەنەوە.
بڕیارەکەی شارەداری رژێم سەبارەت بە دەسفرۆشەکان لە کاتێکدایە کە دیاردەی دەسفرۆشی ئاکامی سیاسەتی گەندەڵی دەسەڵاتدارانە کە بێکاری و هەژاری پەرەپێداوە دەنا کێ ئامادەیە بەو هەموو رەنج و بێ رێزی و بگرەو بەردە روو لە دەسفرۆشی بکات؟
ئەوانەی دەسفرۆشی دەکەن، ئەو کەسانەن کە توانای دابین کردنی پێداویستیەکانی ژیانیان نیەو بۆ دابین کردنی پێداویستیە سەرەتاییەکان و ژیانێکی بخۆ و مەمرە ناچارن روو لە دەسفرۆشی بکەن.
لە وەها حاڵێکدا دەسەڵاتداران ئەو چینە هەژارە بە تاوانبار دەزانێ و سەرکوتیان دەکا، لە زۆربەی وەڵاتان هەلومەرجێکی گونجاویان بۆ دەسفرۆشان خولقاندووە، بەو شێوەی کە بە دیاری کردنی شوێن بۆ کاری دەسفرۆشی یان دیاری کردنی چەند رۆژ لە حەوتوودا بۆ ئەو کارە، رێ و شوێنێکی باشیان بۆ دیاری کردوون.
بەرپرسانی شارەداری و هێزە سەرکوتگەرەکانیان بەو بیانووە هێرش دەکەنە سەر دەسفرۆشەکان کە گوایە ئەوانە کەڵکی خراپیان لە شوێنە گشتیەکان وەرگرتووە! با برۆن و کاریکی دیکە ئەنجام بدەن. بەڵام ئەوانە بیر ناکەنەوە لەوەی کە لەو کۆمەڵگەی هەژار و برسیەدا کارێکی شیاو وەدەست ناکەوێ و کارخانەکان و کارگە بەرهەمهێنەرەکان داخراون یان نیوەو نیوەچڵ کار دەکەن، لە کوێ دەکرێ کارێکی شیاو بدۆزنەوە بۆ ئەوەی تێکڕای دەسفرۆشان رووی تێ بکەن!
لە راستی دا زۆربەی لاوانی خوێندەوار و دەرچووی زانستگاکان کە پلەی بەرزی خوێندەواریان هەیە بەهۆی بێکاریەوەو نەبوونی پیشە تاویان داوەتە دەسفرۆشی. زۆرێکیان ئەو خوێندکارانەن کە بۆ دابین کردنی خەرجی زانستگا و خوێندن رووی لە کاری دەسفرۆشی کردوە.
لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ئاخوندانی دز و جەردە کە سەرمایەی جەماوەر بە تاڵان دەبەن، دەسەڵاتداران حقوقی مانگانەی زۆر و زەوەندیان هەیەو بەو سەرمایانەی کە دەبێ بۆ لاوەکان هەلی کار برەخسێنن خەریکی سازکردنی ژیانێکی فیرعەونان و خەڵکی هەژاریش کە بۆ دابین کردنی نانی ووشک دەسفرۆشی دەکەن تاوانبارن.
لە رژێمێکدا کە سەرکردەکانی خەریکن بە ملیارد سەرمایەی خەڵک دەدزن، دەسفرۆشانی هەژار تەنیا بۆ ئەوەی بژین بە هەزار سەختی و رەنج هەوڵ دەدەن، بە تاوانبار دەناسرێن.
رۆژێک دێ کە تاوانباران کە دەسەڵاتدارانی رژێمی ویلایەتی فەقیهن بە دەستی ئەو هەژارانەی بە هەموو شێوەیەک مافیان پێ خوست کراوە بە سزای هەموو کردەوەو گەندەڵی و دزیەکانیان بگەن.