بەشی دووهەم و کۆتایی....
دەمهەوێ بلێم مەبەستی دەسەڵات رێکەوتن لەگەڵ نۆرمە نوێکان و ئاراستە کردنی کۆمەڵگا بەرەو ئاقارێکی پێشکەوتووتر و سەردەمیانە نیە و ناتوانن بەو روانگە پاشکەوتووە ئایینیەی خۆیانەوە دۆخەکە شی بکەینەوە، واتە بە گشتی رێفۆرم یان رێکتر بڵێم، شۆڕشێکی وەها کاری ئەوان نییە. رێم، مەبەستیەتی وەک ئامرازێک نۆرمەکان و گرفتە نۆرماتیڤەکان بەکار بێنێت بۆ رەوا لە قەڵەم دانی دەسەڵات و روانگەی ئایینی خۆیان ، دەنا نەمەستیانە و نە زانستەکەیان لایە و نە هەستی بەرپرسیارەتی بەرامبەر بە کۆمەڵگایان ئەو تۆیە کە گرفتێکی نۆرماتیڤ بکەنە قوناخێکی نوێی کۆمەڵایەتی و چاندی و بەم ئامانجە پاڵپشتی رێکخراوە کۆمەڵایەتی و مەدەنیەکان بن.
وەها پێگەیان لەرزۆک بووە کە بە گۆرانی ریسایەک هەست بە مەترسی دەکەن، ناتوانن خۆیان لەگەڵ رێکبخەن و بگۆڕن، ئەمەش نیشانی دەدات کە ئەمانە بەسەرچوون و وەڵامدەرەوەی ویست و داخوازی خەڵک نین و ناتوانن ببن. هەست بە مەترسی و بایەخ نەدان بە نۆرمە فەرمییەکان دەکەن و دەیانهەوێ رێ لە پێکهاتنی نۆرمی نوێ بگرن، رێبازی ئەمنی و توندوتیژانە دەگرنە بەر و تووشی کێشە دەبن، واتە نە دەتوانن ئاراستە بەرەوتی گۆڕانی کۆمەڵایەتی بدەن و نە دەتوانن رێ لە گۆرانکاری بگرن. ئەگەر نا، کوا کێشەیەکی نۆرماتیڤ یان سەرەرۆییەکی کۆمەلایەتی بەتوندوتیژی و لێدان و گرتن و سنووردارکردن چارەسەر دەکرێ؟ ئاخۆ چارەسەری کێشەی لەم جۆرە ، لای رێکخراوە مەدەنی و چاندییەکان نییە؟ یان پێویستی بە پاشخان و زەمینە سازی چاندی و رۆشنگەری نییە؟ ئەم مژارانە پێویستیان بە دانووستان و مشت و مڕە، پێویستیان بە ئازادی رادەربڕین و گوزارشت لە خۆ کردن هەیە، نەک تەنگ پێ هەڵچنین و گوێ بە هیچ راگەیاندن و لایەن و بۆچوونێکی جیاواز نەدان. ئەم پرسە، ئەوەندەی پێوەندی بە رێکخراوە کۆمەڵایەتی و چاندییەکان هەیە، ئەوەندە پێویستی بە شیکردنەوەی زانستی و مشت و مڕی سایکۆلۆژیک و کۆمەڵناسان هەیە، ئەوەندەی پێویستی بە دەوڵەت و پێویستی بە دەزگای ئەمنی و ئایینی نییە. رژیمی ئێران بە تێروانینێکی میلیتاری و دەسەڵاتخوازی پاشڤەرۆوە لە مژارەکە دەروانێت، ئەگینا بۆ دەبێ رێز لە ئازادی تاک و جڤات نەگرێ و خۆ لە ژیانی تایبەتی تاک هەڵقورتێنێ و رۆ بچێتە گشت شوێنەکانی نیشتەجێبوون و گەشتیاری خەڵک؟ نۆرم و ئەخلاق بۆ رژیمی ئاخوندی زیاتر لە پرسێکی کۆمەلایەتی، گرینگیەکی سیاسی هەیە.
بە پێی وتارەکەی خامنەیی، چالاکی و پێشکەوتنی زانستی، ئابووری و بەرێوەبەری، پێویستی بە ئەمنیەتە و ئەمەش مەرجی بنەڕەتیەتی!. ئەویش دەبێ بە داسەپاندن و میلیتاریزە کردنی کۆڵان و رێگا و بان دابین ببێ!. ئەوە لەکاتێکدایە کە هەمووان دەزانن پێشکەوتنیزانستی و ئابوری پێویستی بە خۆنوێکردنەوە، ئازادی، تاقیکردنەوە، ئاڵوگۆری چاندی و پتەوترکردنی ژێرخانی ئابووری و ... هتد ، هەیە.
رژیمی ئاخوندی ئێران بۆ خۆی خەریکە بە بەرتەسک کردنەوەی مافەکان، کپ کردنی دەنگ و جوڵەی جیاواز، پێنەدانی ئازادی تاک و کۆمەڵ و رێکخراوە و بە گوێنەدانە راگەیاندن و بۆچوونی دیتران، بە میلیتاریزە کردن و وەحشیگەری، بە شانتاژ و بە بانگەشەی ئایینی، نۆرمێکی نەرێنی و نائەخلاقی و نامەدەنی و نادیموکراتی فەرمی و ئایینی جێگیر بکات. ئەمە لە حالێکدایە کە وەک ئاماژەمان پێکرد، گرفتێکی نۆرماتیڤ و کۆمەلایەتی ، پێویستی بە پەروەردەێکی زانستی، وتووێژ و راوێژ و لە ئاستە کۆمەلایەتیەکەیدا پێویستی بە بەستێنی چاندی هەیە.
دواتر ئەمانە پارێزگاری بۆ کۆمەڵێک نورمی کۆن و بەسەرچووی ئایینی و فەرمی دەکەن. خۆ بڕیار نییە گشت نۆرمێک، ئەخلاقی بێت تا پاراستنی ببێتە ئەرکێکی ئەخلاقی و کارێکی حکومی و ئەمنی و هۆی دابین بونی ئەمنیەتی ئەخلاقی!.
بۆ وێنە، نۆرم هەیە لە شێوازی عیبادەتدا، یان لە شێوازی ژنخوازیدا کە بە هیچ جۆرێک ناچێتە خانەی ئەخلاقەوە. بۆیە بە پێچەوانەی ئەوەی دەسەڵاتداران دەیڵێن، پاراستنی دەبێتە بێ ئەخلاقی و هۆی ناتەبایی کۆمەڵایەتی.
کەوابوو، دەتوانین بێژین، ئەمنیەتی ئەخلاقی هۆی سەرقاڵی خەڵک نییە، بەڵکو داوا و سەرقاڵی و دەغدەغەی خودی دەسەڵاتە کە ناتوانێ لەگەڵ بەها و رێسا نوێیەکاندا بگونجێ هیچ، بگرە رەوایی بێ نادەن و لەناوی دەبەن. ئەگەر لە راستیدا بۆ خۆیان باوەریان نەمابێ، بۆ دەبێ لایان وابێ کە شکاندنی نۆرم و هەنجارێکی لەباوکەوتوو کە کارتێکەری نەرینی هەیە، ببێتە هەڕەشە بۆ ئەمنیەتی ئەخلاقی!؟.
لەگەڵ ئەمانە و هەر لەناو دەسەڵاتی ئێراندا، باڵێکی دیکە هەن کە لە رێفۆرمخوازەکانەوە نزیک و هەڵوێستی نەرمتر پیشان دەدەن. کەسایەتیەکی وەک رەفسەنجانی و دواتر ئەوانی لەدەوڵەتی ئێستادا دان و لە رۆحانی نزیکن لەو رەوتەن.
با لە وەڵامی رۆحانی بۆ ووتارەکەی ئەمدواییەی خامنەیی ورد ببینەوە، رۆحانی وتبووی : ( نابێ هەر کەسێک یان ئورگانێک کە ویستی، بەدوای چاودێری و کۆنترۆڵی خەڵکەوە بێت! و ئەو کارە بە نایاسایی لەقەڵەم بدات!. یان جێگری سەرۆک کۆمار بۆ کاروباری ژنان دەلێ: دەترسێین ئەم پۆلیسی بێ سنوورانە لە نامووسی خەڵک بدەن! وەک ئەوەی تا ئێستا چاودێری خەڵک نەکرابێ یان لەنامووسیان نەدرابێ!. ئەمانە لەراستیدا و وەک لەکاروچالاکی ئەم چەند ساڵەیان و قسە ووتارەکانیاندا دەتوانین هەلیبهەنجێنین ، هێچ کێشەیان لەگەڵ خودی کۆنترۆڵی کۆمەڵگا و تاک دا نییە بەڵکو نابانهەوێ چ ئۆرگانێکی نوێ سەربە باڵی توندرەو و توورە لە ئێران ساز بێت، تا پلانیان کە پاراستنی رژیم لە رووخسار و بەرگێکی تردایە و بە کۆمەڵێک هەڵویستی نەرم و هەروەها مانەوەی رواڵەتی میانەرۆ و نەرمیان لای جیهانی رۆژئاوایە، تێک بچێت و سەر نەگرێ. ئەگەرنا، ئەمانە کە پێشتر لە دەوڵەتەکانی دیکەی رژیمی ئێران وەک کاربەدەست لەسەرکووتی خوێندکاران و ژنان و لاواندا بەشدار بوون بۆ کێشەیەکی ئەوتۆیان لەگەڵ گەشتەکانی ( ئەمری بە چاکە و نەهی لە خەراپە) و ئیرشاد و رێنوینی دا نەبووە و ئێستا لەسەر گەشتی نامەحسوس مشت و مڕیانە؟
دەیانهەوێ توورەیی گەل دابمرکێنەوە و حەقیقەتی کێشەکە کە نارەایی رژیم و پلانەکانیەتی ، بە ئابووری و بە ئەخلاقی و بەسیاسەت و گشت رەهەند و ئورگان و دام و دەزگاکانیەوە ، بە لارێدا ببەن و خەڵک بە هێندێک دەسکەوتی سەرەتایی وەک مافی جل لەبەرکردنی جلی تەسکتر یان مافی گەراندنی سەگ! و ...هتد، بخافلێنن.
بێگومان ئەو رەوتەش پرسە نۆڕماتیڤەکان وەکوو ئامرازێک بۆ مانەوەی رژیم بەکاردەبەن. ئەمە سیاسەتی هەڵخەڵەتاندنی گەلە. ئەو باڵ بە تۆقاندن و هۆڤیگەری و ئەم باڵیش بە گەوجاندن و بەڵێنی بێ بنەما(لەزۆربەی مزگێنیەکانیاندا) دەیانهەوێ درێژە بە دەسەڵاتی ناڕەوا و نادیموکراتیکی رژیم و حکومەتێکی کۆنزەرڤاتیڤ و ئیکسپایەر بدەن. ئەو رەوتە بەکار و بەڵێنیانەوە، بەم رەخنە و گازندە لاپاڵ و ناراستەوخۆیانەوە ، تەنانەت ئەگەر مودێلێکی جیاوازی ئابووری و تێرورانینێکی دیکەی سیاسی بێننە کایە، لەراستیدا دیانهەوێ رێگر بن لەبەردەم بەشداریی راستەقینەی گەل لەچارەنووسی خۆیاندا.
گرفتی نۆرماتیڤ گرفتێک نییە بە رژیمی ئاخوندی ئێران چارەسەر بکرێت. نە بەشێوازی دینی و نە بەشێوەی فەرمی ناتوانن کاری لەم چەشنە بکەن و لە توانای هزر و ئایدیۆلۆژی و باوەر و مەبەستی ئەوان بەدەرە.
ناشکرێ ئەوەش لە یاد بکەین کە رەوتێک یان مۆرێکی ئیدعای هەبوونی گۆرانکاریی لەو سیستەمە دا هەبێ هەرگیز رێگەی بەرێوەچوونی گۆرانی پێنادرێ ، چونکە سروشتی نیزام و سیستەمەکان بەمجۆرەیە کە لەگەڵ خۆیان کۆمەڵیک نۆرم و بەها دێننە کایە و بەو نۆرمانەشەوە دەناسرێنەوە و ئەوەی تا ئێستا بینیومانە لە دەسەئلاتدارانی ئێران لەهەموو جینایەت و وەحشیگەرییەکانیان دەکرێ بلێن نۆرم و ئەرزشەکانی ئەو سیستەم و دەسەلاتە بوونە، کەواتە نەمان یان خود گۆرانی ئەو نۆرمانە راستەوخۆ بە واتای هەڵتەکاندنی بناغەکانی دەسەڵات دێ.
ئەمرۆ و لەم سەردەمەدا تاک زیاتر لە هەر سەردەمێکی تر ئاگاداری رەوتی جیهانی، مافەکانی تاک، منداڵ، ژنان، ئاژەڵان و ... هەیە، بەم هۆیە و لەبەر ئەوەی لەمرۆدا پلەی گەرمی هەر رووی لەبەرزبوونەوەیە چیتر نۆرمی ئایینی بۆ پۆشین ناتوانێ و نابێ وەک خۆی بمێنیتەوە . ئەمرۆ تێڕوانینێکی دیکە بۆ مامەڵەلەگەڵ ئاژەڵان لەئارادایە، ئەگەر هەر لەبەر بەتاڵی و کەلێنی ژیانی و سایکۆلۆژیکی مرۆڤیش نەب٠Žێ، دیسان مرۆڤ ئاژەڵ رادەگرێ، بەزەیی دێتەوە، دەیگەرێنێ و ... تاوانیش نییە.
ئەمانە دەریدەخەن کە لە ئێراندا کۆمەلێک کیشەی رۆشنگەری، ئەقلانی، سیاسی، دیموکراتیک و ئابووری بوونی هەیە کە کێشەی نۆرماتیڤ لەم بەینەدا چەندە ئامرازێک بە دەست دەسەڵاتەوە بۆ پەرینەوەی لەو تەنگەژەیەی تێی کەوتوون، هێندەش پیشاندەری نارەوایی و بەسەرچوونی دەسەڵاتە.