بە پێی هەواڵی هەواڵدەری کوردپا، لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا "7 و 8ی گەلاوێژ" هێزە سەرکوتگەرەکانی رژێمی ئێران لە پارێژگای کرماشان 9 کەسیان لە شارۆچکەی سەلاسی باوەجانی دەسبەسەر کردوە و گواستوویاننەوە بۆ بەدیخانەی دیزڵئاباد.
گوومانی ئەوە دەکرێ کە هۆی گرتنی ئەو کەسانە مەسەلەی ئەمنیەتی بێ و بەو تۆمەتەی کە ئەو کەسانە پێوەندیان بە یەکێک لە هێزە سیاسیەکانی کوردستانەوە هەبێ.
یەکێک لە نزیکەکانی ئەو گیراوانە سەبارەت بە شێوەی رەفتاری ئەو هێزە سەرکوتگەرانەی رژێم بەو هەواڵدەریەی ووتووە: سەرلەبەیانیەکی زوو بوو کە لە دەنگەدەنگ وەخەبەر هاتین کەمێ دوای ئەوە هێزە ئیتلاعاتیەکان بەبێ هیچ قسەیەک هاتنە ژووورەوە و دەستی دایە گەران و پشکنینی تەواوی ماڵەکەو گرتن دەستی پێکرد.
ناوی حەوت کەس لەو گیراوانە بریتیە لە: نەجیم خودادای، جەمشید شەریف ئازاد، شەمسوڵا مورادی، هوشیار نەمامی، عینایەت رەمەزانی، مەحمود سەباحی و جیهانبەخش نەمامی.
شەپۆلی گرتن و دەسبەسەر کردنی هاوڵاتیانی کورد توندتر بووەو بەپێ هەواڵەکان، شنۆ و سەروئاواو سنە رێژەی گرتن و راوەدوونان زیاتر بووە لە شار و ناوچەکانی دیکە.
ئەو کەسە کە نیەویستووە ناوی بلاو بکرێتەوە گوتی: ئەو هێزانە هەڵسوکەوتێکی زۆر توندیان هەبوو هەروەها بێ رێزیان دەک و جنێویان دەدا کە بێ دەنگ بن و هەواڵی ئەو رووداوە بڵاو نەکەنەوە. حەوتووی رابردوویش لانی کەم 19 کوردی دیکە لە پارێزگای ورمێ و لە شاری پێرانشار گیراون کە کۆی ئەو گرتنانە دەگاتە 50 کەس.
لە ماوەی رابردوودا هێزە سەرکوتگەرەکانی رژێم لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان بە بیانووی مەسەلەی ئەمنیەتی و پێوەندی لەگەڵ هێزە سیاسیەکانی کوردستان، دەستیان داوەتە رەش بگیری خەڵک.