28 ساڵ لەوە پێش خومەینی رێبەری رژێمی دیکتاتۆری ئێران، بەبڕیارێک فەرمانی بە دامودەزگا داپڵۆسێنەرەکانی رژێمەکەی دا کە لە ژێر ناوی دژایەتی لەگەڵ "خودا و حکومەتی ئیسلام" زیندانیانی سیاسی لە ئێران لە سێدارە بدەن.
ئەگەر چی رژێمی خومەینی هەر لە سەرەتای بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات لە ئێران، هەوڵی سەرکەوت و پەراوێزخستن و گرتن و راوەدوونانی بیرجیاوازان و هێز و لایەنە سیاسیە ئازادیخوازەکانی ئێرانی دا، هاوکات سێدارە یەکێک بوو لە ئامرازەکان بۆ سەرکوت و لەناوبردنی نەیاران و بیرجیاوازان کە لە ساڵی یەکەمی دەسەڵاتداریانەوە، لە ناوچە جیاجیاکانی ئێران و بەتایبەت لە کوردستاندا کەڵکی لێ وەرگیراوە.
یەکێک لەو لاپەڕە رەشانەی رژێمی خومەینی لە مێژووی خۆیدا تۆماری کردوە، شەپۆلی کوشتن و لە سێدارەدانی زیندانیانی سیاسی لە ساڵی 1367 ک خ بوو کە لە ماوەی دوو مانگدا زیاتر لە 30 هەزار رۆڵەی ئازادیخوازی ئێرانی و کوردی لە چاڵەرەشەکاندا لە سێدارە دان و شەهیدی کردن.
هەر چەندە لەو بارەوە تا ئێستا ئامار و داتای تەواو نیە و رژێم رێگە بە بڵاوبونەوەی هیچ جۆرە زانیاریەکی رەسمی سەبارەت بەو ئێعدامانە نادا، بەڵام لە دوای هەوڵ و گەڕانێکی زۆر دەکرێ هەندێک لە راستیەکان لە سەر هۆی ئەو ئێعدامانە و ژمارەی ئێعدام کراوەکان وەدەست بێنین و بیانخەینە بەرچاو.
لەسەر هۆی دەرکردنی بریاری ئێعدامی زیندانیە سیاسیەکان لە هاوینی 1367 لەلایەن خومەینی خوێنرێژەوە، دوو بۆچوونی سەرەکی هەیە، ئەویش ئەوەیە کە خومەینی لە تۆڵەی عەمەلیاتی فروغی جاویدانی سازمانی موجاهیدین کە لە(3ی گەلاوێژ بۆ 7 گەلاوێژ) بەرێوەچوو و تیایدا ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی رژێم تەفروتونابوون، بریاری دا کە ئەو ئەندامانەی سازمانی موجاهیدین لە زیندانەکانی رژێمدا بوون تاوانی محاربە لە سێدارە بدرێن. دووهەم بۆچوون ئەوەیەکە ئەو شەپۆلی ئێعدامانە بە درێژەی شەپۆلی ئێعدامەکانی ساڵانی پێشتر بەتایبەت ساڵی 60 و 64 دەزانێ. بەڵام لەبەر هەر کام لەو هۆیانە بێ ئەوەی رژێم ئەنجامی دا جینایەتێکی گەورەی مرۆڤایەتی بوو، کە هۆی یەکەم زیاتر لە راستیەوە نزیکە لەبەر ئەوەی عەمەلیاتی فروغی جاویدانی 7ی گەلاوێژ کۆتایی هات و لە هەمان رۆژدا خومەینی بریاری ئێعدامی زیندانیانی سیاسی لایەنگری موجاهیدینی داو بۆ ئەو مەبەستەش کۆمسیۆنێکی سێ کەسی پێکهێنا بۆ بەرێوەبردنی بریارەکەی کە پێکهاتبوون لە :
حسینعەلی نیری (حاکمی شەرع)
مورتەزا ئەشراقی (دادستان)
موستەفا پورمحەمەدی (نوێنەری وەزارەتی ئیتلاعات)
کە لە دوایی دا بەهۆی گەورەیی جینایەتەکە ئەم کۆمسیۆنەی خومەینی بە کۆمسیۆنی مەرگ ناودێر کرا.
هەندێ جار باس لەوە دەکرێ کە ئەو جینایەتە لە ماوەی یەک مانگدا بەرێوەچووە بەڵام رەفسەنجانی لە بیرەوەریەکانی دا دەنووسێ، شەپۆلی ئێعدامەکان 7ی گەلاوێژ دەستی پێ کرد و 5ی رەزبەر کۆتایی پێ هات، مانگی گەلاوێژ ئەندامانی سازمانی موجاهیدین لە سێدارە دراون و مانگی خەرمانان ئەندامانی هێزە چەپەکانی ئێران.
سەبارەت بە شوێنی ئێعدامەکان هەر چەندە تەنها ئیشارە بە گرتووخانەکانی ئەوین و گەوهەردەشت دەکرێ، بەڵام گوومانی زۆر هەیە کە لە باقی گرتووخانەکانی دیکەش لایەنگری ئەحزاب لە سێدارە درابن بەڵام رژێم لەو بارەوە رێگەی بە دزەکردنی هیچ زانیاریەک نەداوە.
سەرچاوەکان ئەوە دەخەنەروو کە لە زیندانی ئەوین حسەینیە و لە گەوهەردەشتیش هۆڵی وتاردان بۆ لە سێدارەدانی ئەو بەندیە سیاسیانە تەرخان کراوە، بۆ ئەوەی هەواڵی لەسێدارەدانی بەندیەکان بڵاونەبێتەوە و رژێم نەکەوێتە ژێر فشار بە کۆمەڵ لە سێدارە دراون و کەسیان تیرباران نەکردوە.
ئەوانەی براونەتە بەردەم کۆمسیۆنی مەرگ تەنها چەند پرسیاریان لێکراوە، کە جواب دانەوەی نا بە یەکێک لە پرسیارەکان بەرامبەر بووە بە حوکمی ئێعدام، پرسیارەکانی کۆمسیۆنی مەرگیش بریتین بوون لە: ئامادەی لەسەر تەلەفزیۆن موجاهیدین مەحکوم بکەی؟ ئایا ئامادەی پەتی سێدارە لە ملی ئەندمێکی چالاکی موجاهیدین بکەی؟ ئایا ئامادەی مەیدانی مین بۆ سوپای ئیسلام پاک بکەیتەوە؟
وەک دیارە سەبارەت بە ژمارەی ئێعدام کراوەکان هیچ زانیاریەکی دەقیق و روون لە ئارادا نیە، بەڵام زۆرترین قسەی لەبارەوە دەکرێ، هەرچی دەسەڵاتدارانی رژێمە هەوڵی بچوک نیشاندانی تاوانەکەیان دەدەن، بۆ نمونە رەفسەنجانی لەو بارەوە دەڵێ لە شوشتەری جێگری فەرماندەی رێکخراوی زیندانەکانم بیستووە کە 1700 کەس لەو ماوەدا ئێعدام کراون، هەروەها مونتەزێری جێگری خومەینی کە نارازیش بووە بەو بریارەی خومەینی بۆ لە سێدارەدانی زیندانیان، دەڵێ لە 2800 بۆ 3800 کەس لە سێدارە دراون، هەندێکی دیکە باس لە 4500 کەس و لە ماوەی ئەو چەند ساڵەشدا ئوپزیسیۆن ئیشارەی بە زیاتر لە 30 هەزار کەس کردوە. بەڵام لە ساڵی 1387دا یەکێک لە جێگرانی وەزیری ئیتلاعات لە سەردەمی فەلاحیاندا دیان بەوەدا دەنێ کە 33700 کەس لە ماوەی ئەو دوو مانگەدا ئێعدام کراون. "رەزا مەلەک" یەکێک لە هاوکارەکانی سەعیدی ئیمامی و جێگری وەزیری ئیتلاعات لە کاتی ئاخوند فەلاحیان بۆ "بەدوادەچوون و لێکۆڵینەوە"، لە گرتە فیلمێکدا کە بۆ سەرۆکی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانی ناردووە، دیان بەوەدا دەنێ کە لە هاوینی 1367و لە شەپۆلی ئێعدامەکاندا 33700 کەس ئێعدام کراون.
ئەو جێگرەی عەلی فەلاحیان هەر لەو فیلمەدا ئیشارە بەوە دەکا کە لە سەرانسەری ئێراندا 170 بۆ 190 گۆڕی بە کۆمەڵ بوونی هەیە. بەڵام خانەوادەی ئێعدام کراوەکان لە ساڵانی رابردوودا تەنها بە گۆرستانی خاوەرانیان زانیوەو ساڵانە بۆ بەرز راگرتنی یادی ئێعدام کراوەکانی ساڵی 67 سەردانی ئەو گۆرستانە دەکەن.
ئەگەر چیی لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا لە یادی ئێعدامی زیندانیانی سیاسی لە ساڵی 67دا تەنها ئیشارە بە ئێعدامی لایەنگرانی سازمانی موجاهیدین و هێزە چەپەکانی ئێران دەکرێ، بەڵام لە راستیدا ئێعدامەکانی 67 زۆر لەوە بەربڵاوتر بوو، هەر لەو شەپۆڵی ئێعدامەدا ژمارەیەکی زۆر لە پێشمەرگە و ئەندام و لایەنگری هێزە سیاسیەکانی کوردستانیش لە سێدارە دران و رژێم هیچ زانیاریەکی سەبارەت بە شوێنی سێدارەو گۆرەکانیان بڵاو نەکردۆتەوە یان بە کەس و کاری شەهیدەکانی نەداوە، هەر لەو ساڵەداو لەو جینایەتەی رژێم خولقاندی ژمارەیەک ئەندام و هەواداری سازمانی خەباتیش لە دوای چەند ساڵ مانەوە لە گرتووخانە، لە سێدارەدران کە بەداخەوە ناونیشان و ئامارێکی دیقیقمان لەو شەهیدانە نیە، بەڵام بە دیاری کراویی چوار پێشمەرگەی سازمانی خەبات کە بە پیلانێکی حیزبی دەعوەی عێراق و بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستانی عێراق ساڵی 1363 لە ناوچەی سیوەیل دەست بەسەرکران و تەحویل بە رژێمی ئێران درانەوە، لە هاوینی 1367داو لە کوشتاری زیندانیانی سیاسی دا لە سێدارە دران کە ناوەکانیان بریتیە لە: شەهید عەبدولا هەمزە، شەهید خەلیل جەعفەری(خەلیل رەشاش)، شەهید تاهیر یاکوباوایی وشەهید حەسەن سەلیمی.
لە یادی 28 ساڵەی کوشتار و لە سێدارەدانی زیندانیانی سیاسی و کورد و ئێرانی، هەزاران سڵاو بۆ رۆحی پاکی ئەو مرۆڤە بێ تاوانانەی کە بە بێ رەحمانەترین شێوە لەلایەن ئاخوندانی دەسەڵاتدار و مرۆڤکوژەوە بە پلەی بەرزی شەهادەت گەیشتن و یاد و رێبازیان بۆ هەمیشە لە بیری خەڵکانی ئەو وەڵاتەدا بە زیندوویی دەمێنێتەوە.