لە بنکەی سەرەکی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران، سیمینارێک بە بۆنەی یانزەهەمین ساڵیادی کۆچی دوایی مامۆستا شێخ جەلال حسینی، بەڕێوەچوو.
لە بنکەی سەرەکی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران، سیمینارێک بە بۆنەی یانزەهەمین ساڵیادی کۆچی دوایی مامۆستا شێخ جەلال حسینی، بەڕێوەچوو.
ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٥ی پوشپەڕ، لە بنکەی سەرەکی سازمانی خەبات، بە ئامادەبوونی ئەندامانی سەرکردایەتی و کادر و پێشمەرگە و ئەندام و لایەنگران، سیمینارێک لە ژێر ناوی (ساڵوەگەڕی کۆچی دوایی مامۆستا شێخ جەلال حسینی، یەکێک لە ڕێبەرانی گەلی کورد و ڕەمزی خەباتی نەتەوەیی و نیشتمانی لە کوردستان)، بەڕێوەچوو.
ئەو سیمینارە کە لە دوو بڕگە پێک هاتبوو، بڕگەی یەکەم تایبەت کرابوو بە دوو پانێل بۆ بەڕێزان (دوکتور دڵشاد زاموا) مامۆستای زانکۆ، (سەیید کامیل نورانی فەرد)، ئەندامی دەفتەری سیاسی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران.
جێی باسە کە بەڕێز دوکتور دڵشاد زاموا، لە تەوەری باسەکەی دا لەژێر ناوی ( ڕووداوە مێژووییەکانی نیشتمان لە بەرهەمە ئەدەبیەکانی مامۆستا (پەژار) دا)، تیشکی خستە سەر لایەنی ئەدەبی ڕێبەری گەورەی گەلەکەمان، مامۆستا شێخ جەلال حسینی و باسی لە سەرەتای چۆنیەتی دەستپێکی کاری ئەدەبی بەڕێزیان کرد، هەروەها تێڕوانینە ئەدەبیەکانی و توانا و لێهاتووی ئەو زاتە.
بەڕێز زاموا، باسی لەوە کرد کە یەکەم بەرهەمی ئەدەبی کوردی مامۆستا کە بۆ پێشمەرگە نوسیبوی، لە ڕۆژنامەی کوردستانی کۆماری کوردستاندا بڵاو کرایەوە و ئەو ڕۆژنامەیەی بە هەل زانی تاوەکو هەستی نیشتمان پەروەری، کە بە هۆنراوە دەربڕ٠ی دەکرد، بڵاوبکاتەوە...
دوکتور دڵشاد، لە درێژەی قسەکانی دا باسی لەوە کرد کە مامۆستا شێخ جەلال، لە بەرهەمە ئەدەبیەکانیدا بەشێوەیەکی بەرفراوان سودی لە ڕەمز و هێما وەرگرتووە و هەریەکە لەو ڕەمز و هێمایانەشی کە بەکاری هێناون، دەلالەت بوون لە کارەسات و بەسەرهاتی کە بەسەر گەلی کورد و کوردستان دا هاتوون.
ناوبراو لە درێژەدا هەروەها باسی لەوە کرد کە مامۆستا هەریەک لە ڕووداو شۆڕشەکانی گەلی کوردی، بە شێعر و بەرهەمی ئەدەبی وەسف کردووە و گلەیی و گازەندە و ڕەخنەکانیشی بەهەمان شێوە بە بەرهەمی ئەدەبی دەربڕیوە.
لە درێژەدا وتی، کە دیوانی مامۆستا (پەژار)، وەک دیوانەکانی، نالی و سالم و گەورە شاعیرانی کوردستان دێتەوەو گرنگە لە قوتابخانەو زانکۆکان کەڵکی لێوەرگیرێت.
پانێلی دووەمی سیمینارەکەش تایبەت کرابوو بۆ قسەو باسەکانی بەڕێز (سەیید کامیل نورانی فەرد) ئەندامی دەفتەری سیاسی سازمانی خەبات، لە ژێر ناوی (بیرو هزر و تێڕوانینە سیاسیەکانی مامۆستا شێخ جەلال حسینی).
بەڕێز نورانی فەرد، لە پانێلەکەیدا تیشکی خستە سەر لایەنی ژیانی سیاسی و بیرو هزرە سیاسەکانی مامۆستا شێخ جەلال حسینی و باسی لەوە کرد کە مامۆستا ڕێبەرێکی کاریزما بوو، لە درێژەدا وتی کە پێویستە مامۆستا وەک ڕێبەر ناوزەد بکرێ نەک وەکو سەرۆک و سەرکردە، چونکە مامۆستا خولقێنەر، ڕێنیشاندەر و ڕێبەری گەلێکی کردووە و بە لە خۆمایەدانان و پێشەنگایەتی، توانیویەتی وزە و پۆتانسێلی کۆمەڵانی خەڵک کانالیزە بکات و لە ڕێگەی تێکۆشان و دەستەبەرکردنی مافە نەتەوەییەکان، هیدایەت بکات.
بەڕێز نورانی فەرد، لە درێژەدا وتی کە مامۆستا ڕێبەرێکی نەتەوەیی و خەمخۆری گەلی کورد بوو بە شێوەیەکی گشتی، واتە مامۆستا ڕێبەرێکی نەتەوەیی بوو. دواتر تیشکی خستە سەر چەندین هەلوێستی گرینگی سیاسی کە لە ماوەی تێکۆشانی سیاسیدا ئەوپەڕی لێهاتوویی مامۆستای دەرخستووە و دەرئەنجامی گرینگی بە دوای خۆیدا هێناوە.
لە دوای قسە و باسەکانی هەردووک بەڕێزان، ئامادەبووان کۆڕەکەیان بە پرسیار و تێبینیەکانیان دەوڵەمەندتر کرد.
بڕگەی دووەمی سیمینارەکە تەرخان کرابوو بۆ پیشاندانی کورتە فیلمێک لەسەر مێژووی ژیاننامەی مامۆستا شێخ جەلال حسینی.