جیل تروی، پرۆفیسۆر لە مێژوو زانستی سیاسی لە زانکۆکانی ئەمریکا، لە بابەتێکی شیکاریدا بۆ ماڵپەڕی دەیلی بیست دەنوسێ:سەرۆک ئوباما یەکەم سەرۆککۆمارێک نیە کە هەوڵ دەدا خۆی لە تاقمە میانرەوەکانی رێژیمی ئێران نزیک کاتەوە، بەڵام گومانی تێدا نیە ئەو سیاسەتەی ئوباما ئاکامی خراپی دەبێت.
ئەو لێکۆڵەرە درێژە دەدا و دەڵێ: لەگەڵ ئەوەی سەرۆک ئوباما بۆ گۆرینی هەڵوێستی دژە ئەمریکایی رێژیمی ئاخوندەکان ریسکی زۆری کرد بەڵام لاتولووتەکان بە فەرمانی خامنەیی شیعاری دژ بە ئەمریکا دەڵێنەوە. لەگەڵ ئەوەدا سەرۆک کۆمارو راویژکارەکانی بە جۆرێک فریویان خواردوە کە بەردەوامن لە سیاسەتەکانیان و لەو پێناوەدا ئامادەن دەوری کونگرە لە سیاسەتی دەرەوە ژێر پێ بنێن و بێ رێزی بە ئەندامانی کونگرە بکەن.
ناوبراو هەروەها دەنوسێ: قسەکانی من هێرشێکی دیکەی موحافیزەکاران بە سیاسەتی باراک ئۆباما و رێکەوتنی ناوکەیی لەگەل رێژیمی ئێران نیە. هۆی ئەو قسانەی من، بۆ هەڵەی سەرۆکەکانی ئەمریکا دەگەرێتەوە کە رۆناڵد رەیگان لە ساڵی 1985 بۆ رزگار کردنی دیپلۆماتە ئەمریکاییەکان بڕیاری دا میانەرەوەکانی نێو حکومەتی ئێران بەهێز بکاو لەو راستایە چەک و کەل و پەلی سەربازیان بۆ بنێرێت. سیاسەتێک کە بە رووداوی (ئیران کونترا) ناوی دەرکرد.
نووسەر بەردەوام دەبێ و دەڵێ: بەدەر لەوەی ڕامان سەبارەت بەو رێکەوتنە چیە، دەبێ جوابی ئەو پرسیارە بدەینەوە کە ئایا سیاسەتەکانی حکومەتی ئێران گۆڕانی بەسەر هاتووە؟
سی ساڵ لەوە پێش بەرنامەیەکی گاڵتەئامێزیان بۆ رزگارکردنی ئەو حەوت ئەمریکاییەی لەلایەن تاقمی حیزبوڵا گیرابوون، خستە بەردەم رۆناڵد رەیگان. بە پێی ئەو بەرنامەیە لە رێگەی ئیسراییلیەکان چەک بە میانرەوەکانی رێژیمی ئێران فرۆشرا کە بەڵێنیان دابوو لە دوای مردنی خومەینی پێوەندیەکان لەگەڵ ئەمریکا ئاسایی بکەنەوە. رۆناڵد رەیگان کە دەیویست بە هەر رێگەیەک بووە دیلە ئەمریکایەکان ئازاد بکاو ئومێدی بەوە بوو کە بە نزیکی لەگەڵ رێژیمی ئێران دژمنی سەرەکی شەری سارد یانی یەکیەتی شۆرەوی تووشی سەرلێشێواوی بکا، ئەو بەرنامەی قەبووڵ کرد.
دوای دوو حەوتوو لە وتارێکی سەرۆک لە ژێر ناوی " لەگەڵ تیرۆریستەکان سەودا ناکەین"، رۆناڵد رەیگان لە 17ی ژووئیەی 1985 لە دەفتەری بیرەوەریەکانی نووسی، لە هێندی لە بەرپرسانی حکومەتی ئێران دەنگێکی نامۆ بە گوێ دەگا. بە پشت بەستن بەو دەنگە نامۆیە، یەکەم کاروانی چەکوچۆڵی ئەمریکا لە رێگەی ئیسراییلەوە گەیشتە ئێران و یەکەم بەندکراوی ئەمریکی ئازادکرا.
لە راپۆرتی کۆتاییدا دەوڵەتی ئەمریکا لە سەر مەسەلەی "ئێران کونترا" بەو جۆرە هاتووە: هەنگاوێکی دڵنیاکەر بۆ رزگاری گیراوە ئەمریکیەکان لە بەرامبەر ناردنی چەک بۆ ئێران. کە بەو پێیە دوو هەزار قەبزە موشەکی دژە تانک لە جۆری TOW و چەند پارچەی کەلوپەلی دیکەیان وەرگرت، لە بەرامبەردا سێ کەس لە گیراوەکانیان ئازاد کرد. هەر چەند حیزبوڵا لە ماوەیەکی کەمدا چەندین ئەمریکایی دیکەی لە جێی ئەوان بە ئەسیر گرت.
جیل تروی هەروەها لە بابەتەکەیدا لە ماڵپەری دەیلی بیست نووسیویەتی، راوێژکارەکانی رۆناڵد رەیگان هەوڵیاندا ئەو رووداوە بە شاراوەیی بێڵنەوە. لە بەر ئەوەی رۆناڵد رەیگان لە سەرودەمی هەڵبژاردنەکانی 1980 لە بەرامبەر جیمی کارتیری رەقیبی دا بەڵێنی دابوو کە هیچ کات لەگەل تیرۆریستەکاندا وتووێژ نەکات.
هاوکات راوێژکارەکانی رەیگان نەیاندەویست زیرەکی رێژیمی ئێران لە فریودانی شەیتانی گەورە "ئەمریکا" و شەیتانی بچووک "ئیسراییل" لەو مەسەلەدا ئاشکرا بکرێ. لە روانگەی جیل تروی، لە هەمووی سەیرتر ئەوەیە کە بەشێک لە بەرپرسانی ئەمریکا بەتایبەت سەرهەنگ ئەلیور نورس لە بڕیاری کونگرە لەبارەی نەناردنی کۆمەگی سەربازی بۆ گروپی چکداری "کونترا" لە نیکاراگوە کە دژ بە دەسەلاتی ساندینیستەکان لە شەڕدا بوون، تەواو بێزار و بێ تاقەت ببوون. ئەوان بە نهێنی لە ژێر ناوی فرۆشتنی چەک بە ئێران، کۆمەگی ماڵی و سەربازیان بۆ گروپی کونترا، دەنارد.
کونگرەی ئەمریکا کە ئەو دەم لە کونترۆڵی دیموکراتەکاندا بوو لە سێ بڕیارنامەدا هاوکاری گروپی کونترا لە نیکاراگوەی قەدەغە کردبوو. رەیگان لەو هەنگاوانەی کۆنگرە توورە بوو، لە راستی دا رووداوێک کە بە "ئێران کونترا" ناوی دەرکرد، هەنگاوێک بوو بە پێچەوانەی یاسا و شاردنەوەی مەسەلەکان لە کۆنگرەی ئەمریکا کە چاودێری بە سەر سیاسەتی دەرەوەی وەڵاتدا دەکا.
لە پاییزی ساڵی 1986 رۆژنامەکانی لوبنان وردەکاری ئەو ساتوسەودا شاراوەیان ئاشکرا کرد و لە ئاکامدا سەرۆککۆمار روخا، رەیگان ئامادە نەبوو تا چەند مانگ راستی مەسەلەکە قەبوول بکا، چوونکە لەلایەن کۆنگرەوە هەوڵی لابردنی دەدرا. ناوبراو لە ساڵی 1987 داوای لێبوردنی کرد.
لە کۆتایی دا رووداوەکانی دەسەلاتداری گۆرواچۆف و کۆتایی تەمەنی یەکیەتی شۆرەوی فریای رەیگان کەوت. بەڵام مەسەلەی "ئێران کونترا" ئابڕوی رەیگانی برد و تا ئێستا بۆ لێ فێربوون دەبێ.
جیل تروی بەردەوام دەبێ و دەنووسێ، حیساب کردنەوە لە سەر میانەرەوەکانی رێژیمی ئێران، رێگەیەکی کۆن و سیاسیە کە هۆکەی دەگەرێتەوە بۆ ئەو باوەڕە کۆنەی ئەمریکاییەکان بە هێزی دروست و مەنتقی بوون.
جۆرج واشنتۆن لە ئاخرین وتاریدا دڵپاکی خەڵکی کردە بنەماو حکومەتی ئەمریکای راسپارد کە هەمیشە دۆستانە و بەبێ جیاوازی هەڵسوکەوت بکات.
بە پێی نوسراوەی جیل تروی، لایەنگرانی رێکەوتنی ناوکەیی لەگەل ئێران بەشێک لە وتارەکەی جۆرج واشنتۆن بە بیر دێنێتەوە کە وتبووی: نەتەوەیەک دۆست و دژمنی هەمیشەیی هەبێت، دەبێتە یەخسیری هەلومەرج. دژمنایەتی هەمیشەیی وەلاتێک بۆ وەلاتێکی دیکە دەبێتە هۆی ئەوەی دوو لایەن بە سانایی هێرش بکەنە سەر یەکو زەر لە یەک بدەن، و کاتێ شتێک روو دەدا بە هۆی پێداگری و خۆبەزلزانیانەوە لێک دەدەن.
بەڵام رەخنەگرانی ئەو رێکەوتنە بە بیری دێننەوە کە جیمی کارتێر وەها شەیدای ناوەرۆکی ئینقلابی ئێران ببوو، کە هەستی بەو توندەرەوییەی کە لە قسەکانی خومەینی دا دیاربوو نەکرد. رۆناڵد رەیگان و راوێژکارەکانی فریوی ئەو میانەرەوانەیان خوارد کە بە رواڵەت لەگەڵ رێبەری توندرەوی ئینقلاب جیاوازیان هەیە.
تروی هەروەها ئیشارە بەوە دەکا کە، با لەوە گەرێین کە ئەم رێکەوتنە چۆن لێک بدەینەوە، دەبێ لە یادمان نەچێ کە شیعاری دژ بە ئەمریکا لە ئێراندا بە شێوەی جیددی و مەترسیدار بەردەوامی هەیە و چوار هاولاتی ئەمریکایی لەو وەلاتەدا لە زینداندان.
بە پێی قسەی جیل تروی، باراک ئۆباما لە سەر وەسیەتەکانی جۆرج واشنتۆن حیسابی کردۆتەوە و دەیەوێ ئەمریکاییەکان لە سەرێشەیەی دژمنایەتی رێژیمی ئێران رزگار بکا، بەلام رەخنەگران دەترسێن لەوەی سەرککۆمار بە رێچکەی سەرۆکەکانی دیکە دەروا لە رووی نەزانی و سادەییەوە بیر دەکاتەوە کە پێی وایە خەڵکیش بەتایبەت رێژیمی ئێران، وەک خۆیان لە رووی دڵپاکی و سەداقەتەوە هەلسوکەوت دەکا.
ناوبراو وریایی دەدا کە سیاسەتی نزیکی باراک ئۆباما لەگەل میانەرەوەکانی حکومەتی ئێران مەترسیدارە و سی ساڵ دوای گرتنە بەری هەمان سیاسەتی رەیگان روودەدا. هەر دوو قوماری سیاسی دەرخەری سادەیی و دڵپاکی ئەمریکاییەکانە بۆ دۆزینەوەی رێگەی دروست و راستە لەگەڵ نەیارەکانی ئەمریکا. هەر دوو نمونە باوەرێکی ناØ›سروشتیە بە ریکاری دیپلوماسی و دیفاع لە ماف مافی مرۆڤ، لە کاتێکدا ئەزموون پێچەوانەکەیمان نیشان دەدا.
جیل تروی لە کۆتایی دا، لە هەر دوو نمونەدا دەبینین سەرۆکەکان، هەوڵ دەدەن لە چوارچێوەی سیاسەتی دەرەوەدا هەموو دەسەڵاتەکانی خۆیان بە کار بێنن. رەیگان بە شێوەی ناقانونی بریارەکانی کۆنگرەی پێشێل کرد. سیاسەتی رۆناڵد رەیگان شکستی خوارد و ئابرووچونی "ئێران کونترا"ی لێکەوتەوە. چارەنوسی رێکەوتنی باراک ئۆباما لەگەڵ حکومەتی ئێران بە ئەگەری زۆر وا زوو دەرناکەوێ. بەو پێیە مەترسیەکانی حکومەتی ئیستبدادی و دیکتاتۆر لە ئێران بەردەوام دەبێ.
سەرچاوە رادیۆ فردا