دووشه‌مه‌‌ 

19 سه‌رماوه‌ز2724
سازمانی خه‌بات ی
کوردستانی
ئێران
sazmanixebat

بەرێوە چوونی پلینۆمی شەشەمی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی پێنجەمی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران

بەرێوە چوونی پلینۆمی شەشەمی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی پێنجەمی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران

 رۆژانی چوارشەممە و پێنج شەممەو پێش نیوەرۆی رۆژی هەینی رێکەوتی 13 و 14 و 15ی گەلاوێژی ساڵی 1395 لە بارەگای ناوەندی سازمانی خەبات لە شارۆچکەی تۆبزاوا سەر بە پارێزگای هەولێر،بە ئامادەبوونی ئەندامانی سەرکردایەتی پلینۆمی شەشەمی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی پێنجەمی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران بەرێوەچوو. 

سەرەتای پلینۆم بە دەقیقەیێک بێدەنگی بۆ رێز گرتن لە روحی پاکی شەهیدانی کوردستان و بە تایبەتی شەهیدانی سوورخەڵاتی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران دەستی پێکرد. پاشان بەرێز کاک بابەشێخ حسێنی بەرێوەبەری گشتی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران راپۆرتی سیاسی و تەشکیلاتی خوی تایبەت بە نێوان پلینۆم 5 تا 6 پێش کەش بە ئەندامانی پلینۆم کرد. بەرێزیان سەرەتای باسەکەی بە دوایین پێشهات و رووداوە سیاسیەکان لە ئاستی جیهان دا کردەوە و لە پێوەندییەدا ئاماژەی بە گۆرانکاریی لە خوێندنەوە و زاڵ بوونی گووتارێکی نوێ لە ئاستی جیهاندا کرد. بەرێزان، بە ئاماژە بە شەڕو ئاڵۆزییەکانی چەند ساڵی رابردوو لە وەلاتانی رۆژهەڵاتی ناوین و رووتێکردنی شەپۆلێکی بەرچاوی پەنابەر بۆ وەلاتانی ئورووپایی و رۆژئاوا و لە هەمانکاتدا بەرزبوونەوەی ئاستی توندوتیژی و کردەوەی ترۆریستانە لە چەندین وەڵات،کە بوونەتە هۆکار بۆ دروست بوونی ترس و دڵەراوکێ لە زۆرێک لە وەلاتانی جیهان و بە چەشنێک ئەو رەوشە هاندەر بووە بۆ بەرزبوونەوەی گووتاری رەگەزپەرەستی و بەرتەسک کردنەوەی بازنەی هاونیشتمانی رەسەن و غەیرە رەسەن لە ئاستی جیهاندا و گووتاری راستگەرایانە و موحافزەکارانە بە جۆرێک لە زۆربەی وەلاتانی جیهان بۆتە بەرنامەیێکی خوازراو، و هەم لە ناو گەلان و هەم لە ناو سیاسیەکان و بەشدارانی ناوپرۆسەی سیاسی و حکومەت پێداگرییەکی زیاتر لەسەر ئەو گووتارە دەکرێتەوە. 

بەرێز حسێنی لە درێژەی قسەکانیدا ووتی: هەر چەند کردەوەی نەشیاوی ژمارەیێک لە پەنابەران و خاوەن فکر و بۆچوونی ترۆریستی کە لە ژێر ناوی پەنابەر خۆیان خزاندۆتە رۆژئاوا رەوشێکی ناهەموواری بۆ سەرجەم پەنابەران دروست کردووە و بە جۆرێک بۆتە هۆی گۆرانکاری فکریی لەسەر بیرورای گشتی بەڵام ئەوەی جێگەی خۆشحالیە بە هۆی کارامەیی و بەشداربوونی چالاکانەی کورد لە رووبەرووبوونەوەی ترۆر و شەری ترۆریزم رەوشی پەنابەرانی کورد باشترە لە باقی پەنابەران. بەرێز حسێنی بە ئاماژە بە هاتنەدەرەوەی وەڵاتی بریتانیا لە یەکێتی ئورووپا و دوایین پێشهات و دەرکەوتەکانی و هەروەها رووداوەکانی ئەمریکا و شەری نیوان رەش پێست و سپی پێستەکان و باقی کردەوە شەرئەنگیزەکانی فکری فەندەمینتالیسم ، لە بواری فکری قوناغێکی نوێی بۆ رۆژئاوا پێناسە کرد کە بە قوناغی بوژانەوەی فکری رەگەزپەرەستی ناساند و وێرای دەربڕینی نیگەرانی لەو قوناغە و ئەنجامەکانی هیوای کۆتایی هاتن بەو فکرە مەترسیدارەی کە خەریکە پەرەدەستێنی خواست. 

لەدرێژەی ئەو باسە بەرێوەبەری گشتی سازمانی خەبات زیاتر هەڵوەستەی لەسەر هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی سەرۆک کۆماری لە وەلاتی ئەمریکا کرد و وێرای هەڵسەنگاندن و تاوتوێ‌ کردنی پاڵویراوەکانی هەرکام لە دوو رەوتی کۆماریخواز و دیموکراتەکان خوێندنەوەی خوی بۆ هەڵبژاردن و ئاکام و ئەنجامەکانی پێش کەش کرد و لەگەڵ ئەو خوێندنەوەیەش پێداگری لەسەر پشت نەبەستن بۆ هەر ئەنجامیک کە ئەگەری روودانی هەیە لە دوای هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا کردەوە. 

لە باسی ناوچەکەش هەمدیسان بوونی داعش و کاریگەریی و دەرکەوتەکانی شەری داعش بە تەوەر کرا و بە ئاماژە بە پێش کەوتنەکانی بەرەی بەرانبەر داعش گەشبینی زیاتری بۆ نەمانی یەکجاری داعش پیشان دا. بەرێوەبەری گشتی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران لەو بەشەی قسەکانیدا ئاماژەی بە شەری سووریا و بەردەوامی ئەو کارەساتە مرۆییە کرد کە رۆژانە لە حاڵی روودانن و تاوانباری سەرەکی بەردەوام بوونی ئەو رەوشەشی گەڕاندەوە بۆ بەردەوامی و هەزینە سەرسوورهێنەر و دەستێوەردانە تێکدەرەکانی دەسەڵاتدارنی رژیمی ئێران. بەرێز کاک بابەشێخ بە ئاماژە دان بە کۆبوونەوەکانی ژێنیف و دەستپێشخەرییەکانی وەلاتان بۆ کۆتایی پێهاتن بە شەر و بەردەوامی سیاسیەتی سات و سەودا لە نیوان زلهێزەکانی جیهان لەسەر سوریا تەنیا رێگەی کۆتایی هاتن بەو رەوشەی بە نەمانی ئەسەد و هاتنە سەر کاری حکوومەتیکی گەلی و دیموکراتیک زانی.

 لە باسی ترکیا بە ئاماژە دان بە سەرهەڵدانی کۆدەتا چاوەرواننەکراو و خێراکەی ئەو وەلاتە ، ووتی: بێگومان ترکیای دوای کودەتا لەگەڵ ترکیای پێش کودەتا ئاڵوگۆرێکی بەرچاو و هەست پێکراو بە خۆیەوە دەبینی. بەرێزیان لەو باسە دا وێرای ئەوەی کە ئاماژەی بە لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی جۆراوجۆر لەوپێوەندییەدا کرد ووتی: سەرهەڵدانی کودەتا لە هەر وەڵاتێک نیشانەی بوونی درز و ناکۆکی لە نیو پێکهاتەی ئەو وەلاتایە و هەر بۆیەشە ئەو کودەتایە لەسەر سیمای دەوڵەتی ترکیا کاریگەری بە جێ دیڵێ. بەڵام ئەوەی دەکرێ‌ لەو هەڕەشە مەترسیدارەی رووبەرووی ئەو وەلاتە بوویەوە دەرفەتێک بخوڵقێ ئەوەیە کە سیاسەتی داهاتووی دەوڵەت چی دەبێ و ئەوەی کە ئایا ئەگەر بەربەستێک هەبووبێ بۆ گۆڕانی ئەرێنی لە یاسای بنەرەتی وەڵات و سیاسەتی کرانەوە بەرووی کورد و باقی گەلانی پێکهاتەی ترکیا کە بە هۆی بوونی سوپا و عەقلیەتی ئەتاتورک کە سوپا نوێنەرایەتی دەکرد، ئایا دەوڵەتی دوای کودەتا بە هوی نەمانی ئەو بەربەستە بە یەکجاری ماڵئاوایی لەو سیاسەتە پڕ لە جیاوازییانەی دێنی ٠Žو رێگەکانی کرانەوە بەرەو دەرەوە و گەشانەوەی زیاتر دەکاتەوە یان نا؟ لە باسیکی تر دا سیاسەت و دوایین گۆرانکاریی و پێشهاتەکانی وەڵاتی ئێران و نیزامی ئاخوندی لێکدرایەوە و لە نیو باسەکانیشدا ئاماژ بە ئاکامەکانی بەرجام و بەرنامەی ناوکەیی و رێکەوتننامەی ئێران لەگەڵ وەڵاتانی 1+5 کرد و بە هە٠Žلسەنگاندن و تاوتوێ‌ کردنی گۆرانکارییەکانی تا ئێستا ووتی: بە پێچەوانەی ئەوەی هەم رۆژئاوا و هەم رژیمی ئێران لە پروپاگەندەکانی سەرەتای رێکەوتنەکە باسیان لە کۆتایی هاتن بە کێشەکان دەکرد، دەردەکەوێ‌ کە هێشتا گەورەترین کێشە و ناکۆکی قووڵ لە نێوان لایەنەکاندا بوونی هەیە و تەنانەت ئەگەری هەڵوەشاندنەوە و کۆتایی هاتن بە رێکەوتنی نیوان دوو لایەن هەیە و ئەوەش لە ئەنجامی نەناسینی سیاسەتی فریوکارانەی ئێران لە لایەن رۆژئاوا خوڵقاوە و لەکاتێکدا کە بە رواڵەت مانەوە لەسەر بەلێنەکانیان دووپات دەکەنەوە بەڵام بە شێوەی نەهێنی و لە رێگەی جۆراوجۆر لە هەوڵی بەردەوام بوون بە بەرنامە مەترسیدارە ناوکەییەکانیان دان و وەزارەتی ئەمنیەتی ناوخوی ئەڵمانیش لە دوایین ئاشکراکردنەکانی ئەو راستیەی خستە بەرچاوی هەموومان کە ئێران لە هەوڵی کرینی کەل و پەلی پێوەندیدار بە بومبی ناوکەییدایە.

 لە تەوەریکی تر بەرێز کاک بابەشیخ حسینی بەرێوەبەری گشتی سازمانی خەبات هاتە سەر باسی کێشە ناوخۆییەکانی رژیمی ئێران  ووتی: کێشەی نێوان باڵی خامنەیی و رەفسەنجانی و رۆحانی هەتا دێ‌ قووڵتر دەبێتەوە و کێشەکان بە جۆرێک پەرەیان ستاندووە کە ئیتر ناکۆکی و شەرەکەیان بۆ ناشاردرێتەوە و لە رێگەی جۆراوجۆرەوە شەڕی دەسەڵاتی خۆیان بە میدیایی و ئاشکرا دەکەن. بەرێوەبەری گشتی بە وەبیرهێنانەوەی ئەو راستیەی کە ئەو شەڕ و ناکۆکیە هەرگیز لەسەر مەسلەحەتی ئێران و گەلانی پێکهێنەری نییە و دواجار هەر دووک رەوت خاوەنی یەک گووتار و یەک بەرنامەی شەرئەنگێزن کە پێشێلکردنی مەسلەحەت و مافەکانی گەلانی ئێرانی تێدایە، هۆی ناکۆکیەکانی گەڕاندەوە بۆ پشک و بەشی زیاتر لە تاڵان و برۆی ئاخوندەکان و پێداگری لەسەر ئەوە کردەوە کە لە سایەی هیچ کام لەو رەوتانە ماف و ئازادی گەلانی ئێران وەدی نایە و خۆشخەیاڵی بە نیسبەت هەر کام لەو رەوتانە زیانی گەورەی بۆ جوڵانەوەی گشتی رزگاریخوازانە بەدواوە دەبێ. لەدرێژەی ئەو باسە دا بە وەبیرهینانەوەی پەرەسەندنی سەرجەم جینایەت و سەرکووتەکانی دەسەڵات لە هەموو رەهەندە سیاسی و فەرهەنگی و کۆمەلایەتی و ئابوورییەکان پێداگری لەسەر نەمان و رووخانی ئەو دەسەڵاتە دیکتاتۆرە کردەوە. بەرێز کاک بابەشیخ حسێنی بەرێوەبەری گشتی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران لە درێژەی راپۆرتی سیاسی و تەشکیلاتی خۆیدا ئاماژەی بە دۆخی هەر کام لە پارچەکانی کوردستان کرد و لە نیو باسەکەشی دا بە ئاماژە بە کودەتای ترکیا و سیاسەتی هە دە پە لە راست کودەتا هیوای هاتنی سەردەمیکی نوێی لەو وەڵاتە و بە تایبەتی بۆ کوردانی کوردستانی ترکیا خواست و هیوای ئازادبوونی بەرێز ئۆجەلان سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستانی لە ماوەێکی نزیکدا خواست. هەروەها لەسەر رەوشی کوردستانی عێراقیش درێژە کێشانی ناکۆکی و کێشەکانی ناوخۆیی بەلەبەرچاو گرتنی رەوشی ناهەمواری پێکهاتوو لە شەری داعش و شەری ناوەند و نەبوونی وەک پێویستی خزمەتگوزارییەکان بە زیانێکی گەورە زانی و ئومێدی خواست کە لایەنەکان بەوپەڕی بەرپرسیارەتی رێگەی سازانی نیشتمانی بدۆزنەوە و بە سەر کێشە و کۆسپە ناوخۆییەکاندا زاڵ بن و هەر لەو پێوەندییەدا پرسی ریفراندۆمی بە مافێکی بێ ئەملا و ئەو لای خەڵکی کوردستان زانی و لەسەر پشتیوانی کردن لە را و دەنگی خەڵک پێداگری کردەوە. لەسەر کوردستانی سوریاش بە گەشبینیەکی زیاترەوە روانیە هەموو پێشکەوتنەکانی ئەو بەشەی کوردستان و هاوکاتیش هاوخەمی خۆی سەبارەت بە دوایین کردەوەی ترۆریستی لە شاری قامیشلو دووپات کردەوە و ئومیدی خواست بە کرانەوەی زیاتری سیاسی و یەکریزیی نەتەوەیی لەو بەشەی کوردستان پێش کەوتن و سەقامگیری زیاتر لەو بەشەی کوردستان جێگیر بێ. بەرێوەبەری گشتی سازمانی خەبات لە سەر کوردستانی ئێران بەتایبەتی هەڵوەستەی لەسەر دوایین ئیعدامە بە کۆمەڵەکانی زیندانیانی عەقیدەتی کردەوە و ئەو جینایەتەی بە پەڵەیێکی رەش بە نێوچاوانی دەسەڵاتدارانی بەناو ئیسلامی ئێران زانی و ئاستی رق و دژمنایەتی گەلی کوردی بە هەموو بیروبۆچوون و فکر و عەقیدەکانەوە بیرهێنایەوە و هاوکات بێ ناوەرۆک بوونی دروشمەکانی دەسەڵات لەسەر برایەتی نیوان موسلمانان کە ساڵیانی ساڵ بەشێک لە خەڵکی پێ فریودا وەبیر هینایەوە. بەرێز کاک بابەشیخ بە پێداگری کردنەوە لەسەر بۆیری لە هەڵوێست گرتن لەسەر ئەو جینایەتەی دەسەڵات، سیاسەتی نەتەوەیی و نیشتمانی سازمانی خەبات ی کوردستانی لەسەر هەموو پرسەکانی پێوەندیدار بە کوردستان بە سیاسەتێکی دروست زانی. بەرێز بەرێوەبەری گشتی سازمانی خەبات لەسەر جوڵانەوەی کورد و جوڵانەوەی ئێران ئاماژەی بە چەند پێش کەوتنێک کرد و لەوانیش کۆبوونەوەی 6 قووڵی نێوان سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستان و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و حێزبی دیموکراتی کوردستان و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵەی حیزبی کومۆنیستی ئێران بە هەنگاوێکی شیاو لە چوارچێوەی دروست کردنی یەکگووتاری لە ریزی جوڵانەوەی گەلەکەمان زانی و ئومیدی خواست کە ئەو هەوڵە بە گرینگی و بایەخەوە تەماشا بکرێ‌ و سەرجەم لایەنەکان بە هەستی بەرپرسیارەتیەکی زیاترەوە بەرەو هەنگاوی گەورەتر و پێش کەوتنی زیاتر برۆنە پێشەوە. لە لایێکی تریشەوە لە ئاستی گشتی دا بە دووبارە کردنەوەی سیاسەتی پەرەدانی هاوکاریی بۆ ئاستی ئێران پێداگری لەسەر دۆستایەتی و هاوپەیمانی نیوانی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران و سازمانی موجاهیدینی خەڵقی ئێران کردەوە و بەرفراوانبوونەوە و پەرەسەندی هاوکاریی نیوان لایەنە سیاسیەکانی لە ئاستی ئێران دا بە زەرورەتێکی حاشاهەلنەگر زانی. هەر لەو پێوەندییەدا بەرێز کاک بابەشیخ حسینی ئاماژەی بە بەشداری سازمانی خەبات لە کۆبوونەوەی بەربڵاوی پشتیوانانی مقاومەتی ئیران لە پاریس و شۆای میللی موقاومەتی ئێران کرد و ئەو کۆبوونەوانەی بە دەسکەوتێکی پڕ بایەخ بۆ جوڵانەوەی سەرتاسەری هەژمار کرد و بەرفراوان بوون و گەورەبوونی ساڵ لەدوای ساڵی ئەو کۆبوونەوانەی لە ئاستی سیاسی دا بە نیشانەێک بۆ نیزک بوونەوەی زیاتر لە ئامانجی رووخانی دەسەڵات و وەدیی هاتنی ئازادی و دیموکراسی بۆ خەڵکی ئێران لێکدایەوە.

 بەرێز حسینی لە باسی پێوەندیدار بە ناوخۆی تەشکیلاتیش راپۆرتێکی تیروتەسلی لەسەر کارو و هەڵسوورانی نیوان دوو پلینۆمی سازمانی خەبات پێش کەش کرد. لەدوای پێش کەش کردنی راپۆرتی سیاسی و تەشکیلاتی بەرێز کاک بابەشێخ حسێنی بەرێوەبەری گشتی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران لە لایەن ئەندامانی پلینۆم قسە لەسەر ئەو راپۆرتە کرا و لەدوای تێبینی و پێشنیارەکانیان بە کۆی دەنگ پەسەند کرا. بڕگەی دواتری کاری پلینۆم بە هۆی ئەوەی کە دواهەمین پلینۆمی گۆنگرەی پێنجەمی سازمانی خەبات بوو، تەرخان کرا بۆ ئامادەکارییەکان بۆ بەستنی کۆنگرەی شەشەم. رۆژی دووهەم و سەرلەبەیانی رۆژی دووهەم تەرخان کرا بۆ باس و بابەتی پێوەندیدار بە کۆنگرەی شەشەمی سازمانی خەبات و لە دوای قسەو باسیکی ورد هەیئەتێکی 3 کەسی بۆ ئامادەکارییەکانی بەستنی کۆنگرەی شەشەمی سازمانی خەبات دیاری کرا. لەدوای کۆتایی هاتن بەو باسە بە دووپات کردنەوەی بەڵین بۆ کار و هەڵسوورانی زیاتر و کۆمەڵیک باسی پێوەندیدار بە ناوخوی تەشکیلات کۆتایی بە شەشەمین پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی پێنجەمی سازمانی خەبات هێندرا.

صورة


8 ساڵ و 4 مانگ و 2 ڕۆژ و 21 کاتژمێر و 56 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

بەرێوە چوونی پلینۆمی شەشەمی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی پێنجەمی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران

بەرێوە چوونی پلینۆمی شەشەمی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی پێنجەمی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران

په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

په‌یوه‌ندی گرتن


ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07506206655 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07504687209 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07504497138 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن ئوروپا     : 0767676746   (0046)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن ئوروپا       : 040331264   (0047)



په‌یوه‌ندی ئه‌له‌کترۆنی:



[email protected] 
[email protected]
xebatmedia@sazmanixebat.net
[email protected]om

ئۆرگانه‌کانی سازمانی خه‌بات


ڕێکخراوی ئافره‌تانی خه‌باتی کوردستانی ئێران 

ڕێکخراوی لاوانی خه‌باتی کوردستانی ئێران