هاونیشتمانی تێکۆشەر!
هاونیشتمانی تێکۆشەر!
کەس و کاری سەربەرزی شەهیدانی ڕێگەی ئازادی!
زیندانیانی سیاسی و تێکۆشەرانی شۆڕشگێڕ!
سەرەتا پیرۆزبایی گەرمتان پێشکەش دەکەم بە بۆنەی چل و یەکەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی سازمانی خەبات، بە ناوی سازمانی خەباتەوە دڵنیاتان دەکەمەوە کە سازمانی خەبات وەک هەمیشە سەنگەری تێکۆشان و بەرخودان دەبێ لە بەرانبەر داگیرکەران و ستەمگەران و دیکتاتۆراندا. بە پێویستی دەزانم باسێکی کورت لە سەر فەلسەفەو ئامانج و هۆی پێکهاتنی سازمانی خەبات باس بکەم دامەزرانی سازمانی خەبات لە هەلومەرجێکدا بوو کە خومەینی فەرمانی جیهاد و شەڕی دژی گەلی کورد ڕاگەیاند و کوردستان کەوتبوە بەر پەلامارو هێرشی پاسدارو هێزی چەکداری ڕژیمی تازە بە دەسەڵات گەیشتوو. بەو پێیە یەکێک لە هۆکانی پێکهاتنی سازمانی خەبات،بە مەبەستی بەرهنگاریکردن بەرانبەر ستەمکاری ودیکتاتۆری و خۆسەپێنیدا بوو.
سازمانی خەبات لە ناو جەماوەری کوردستان و لە سەر دەستی چەندین کەسایەتی و تێکۆشەری گەلی کوردو بە ڕێبەرایەتی مامۆستا شێخ جەلال حوسەینی دامەزراو پێکهاتنیشی زەرورەت و پێویستیی مێژوویی بوو. سازمانی خەبات لە ناوخۆی کوردستان و بە پشت بەستن بە جەماوەرو بە بیروباوەڕی نەتەوەیی و دوور لە ڕێنوێنی بێگانەو خارجیی دامەزرا.
سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران خاوەن خەت و بەرنامەیهکی نەتەوەیی و نیشتمانی بووەو هەر لە سەرەتای دامەزرانیەوە ئەوە ڕێبازی بووە، تەنانەت ئەو چەند ساڵەی کە بە ناوی سازمانی خەباتی نەتەوایەتی و ئیسلامی کوردستانی ئێران تێکۆشاوەو بە تایبەت لەو ساڵانەی دوایشدا کە بە ناوی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران تێکۆشانی درێژە پێداوە، بەردەوام بووە لە ئەرکی پیرۆزی شۆڕش و موبارزە لە پێناو هاتنە دیی ئامانجەکانی تێکڕای چین و تۆێژەکان و هەموو پێکهاتە فکری و ئایینیەکانی کوردستان.
سازمانی خەبات خاوەن ڕێبازو خەتی نەتەوەیی و نیشتمانیەو ئامانجی سەرکی هەوڵ بۆ یەکدەنگی دروست کردن و پێکەوە کارکردن و لێک گەیشتنی تێکڕای بیروباوەرو فکرەکانه و لهسهنگهری نەهێشتنی هەستی خۆسەپاندنی فکری و ئایینی و قۆرغ کردنی دەسەڵات لە دەست چینێک و باوەڕێکی دیاریکراو دایه. خەتی نەتەوەیی و نیشتمانی خەتێکی سەردەمیانەیەو بەربەرست دروست دەکا لە بەر دەم کەسانێک کە هەوڵ دەدەن جیاوازی مەزهەبی و ئایینی،جیاوازی چینایەتی،جیاوازی ڕەگەزی پەرە پێ بدەن.
ڕێبازی نەتەوەیی و نیشتمانی جەماوەر بەرەو ئاشتەوایی و هاوکاری و هاودەنگی هان دەدات، بە شێوەیەک کە باوەڕەکان و جۆری بیرکردنەوەکان نەبنە بەربەست لە حاست ئەرک و خزمەتە نیشتمانیەکاندا. سازمانی خەبات پێ وایە موسڵمان و یا چەپ و غەیرە موسلمان، شیعەو سوننی، ئەهلی حەق و یەهودی و مەسیحی و بەهایی، لە کوردستاندا خاوەن بەش و هاوچارەنووسن و هەموو پێکەوە تواناکانیان بۆ خزمەتی نیشتمان و بەرەوپێشبردنی بەکار بێنن و نابێ هیچ کات ڕێگە بدرێ کوردستانی ئێران، وە بە شێوەی گشتی سەرانسەری ئێران لە داهاتودا بکرێتە مەیدانی جەنگی ئایینی و مەزهەبی و خۆ فەڕز کردنی ئەم باوەڕ بە سەر باوەڕێکی دیکەدا.
کارو چالاکی دڵسۆزانەو پاکی سیاسی و پێشمەرگانەی سازمانی خەبات لە ماوەی چل و یەک ساڵدا و چاوپۆشی لە قازانجی سازمانی لە پێناو قازانج و بەرژەوەندیە نەتەوەیی و نیشتمانیەکان دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە سازمانی خەبات خاون پرنسیپ و خاوەن بەرنامەیەو بە حەق بۆ خزمەتی جەماوەری کوردستان و بۆ دابین کردنی ئازادی و بەختەوەری کۆمەڵگەی کوردەواری پێکهاتوە.
شۆڕشی خاوێن وهەڵوێست و سیاسەتی دروست و سنوور دانان لە نێوان شۆڕشگێڕ و دژە شۆ٠رش و سنوور دیاری کردن لە نێوانی لە گەڵ دوژمن و داڕشتنی ئیستراتیژیک و بنەڕەتی لە کاری شۆڕشگێڕانە لە شوناسەکانی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێرانە. هیچ وولاتێکی بێگانەو هیچ دەسەڵاتێک نەیتوانیوە کارێگەری هەبێ لە سەر سیاسەت و تێکۆشانی سازمانی خەبات و لە پێنجی خەرمانانی ساڵی ١٩٨٠ زایینی تا ئێستا هیچ دژمنێک نەیتوانیوە کەڵک لە سازمانی خەبات بۆ زیان گەیاندن بە هیچ لایەن و هیچ پێکهاتەیەک وەرگرێ. ووت وێژ و دانوستان لە گەڵ ڕژیمی ئاخوندی بە خەتی سوور دەزانین کە ئەو بڕیاڕەی هەڵقوڵاوی فەلسەفەو بنەڕەتی شۆرشگێرانەیەو لە ئاکامی سیاسەت و بریاڕی دژمنە بۆ وێران کردنی کوردستان و تەفروتونا کردنی گەلی کورد، و بە شێوەێکی بەرینتر بۆ وێرانکردنی ئێران بەگشتی و لە ناوبردنی تەدریجی و قۆناغ بە قۆناغی خەڵکی ئێرانە.
باس کردنی ئەوانەی سەرەوە، شیکردنەوەو خستنە ڕووی فەلسەفەو بنەڕەت وهۆی پێکهاتنی سازمانی خەبات و ڕێبازی نەتەوەیی و نیشتمانی و شێوەی کارو هەڵسوڕان و خزمەت بە گەلی کوردو شۆرشی ڕەوا بەرانبەر ڕژیمی دیکتاتۆری ئاخوندی لە ئێرانە. بەو بنەماو پێناسە سەرەتاییانەی باسم کردن بوونی فەلسەفەو ڕەسەنیەتی سازمانی خەبات وەک یەکێک لە ڕەواترین و خاوەن بەرنامەی دروستی سیاسی و هەڵقوڵاوی ئیرادەو ویستی بەشێکی بەرچاوی جەماوەری کوردستانەو هەر بۆیە کارو هەڵسوڕان بۆ چالاک کردنی زیاتر و پارێزگاری لە مەوجودیەت و مانەوەی لە مەیدانی کاری سیاسی و شۆڕشگێڕانەدا ئەرکێکی پیرۆزەو خزمەتە بە ڕەوتی دیموکڕاسی ودابین کردنی ئازادی لە کوردستاندا.
هەروەها فیداکردنی گیانی دەیان ڕۆڵەی قارەمان و سەرکردەی پێشڕەوی کوردایەتی و ئازادیخوازی سەڵماندی کە سازمانی خەبات، چهنده پێداگره لهسهر جێبهجێکردنی ئهکانی.
هاونیشتمانیانی هێژا!
ئامادەبوانی بەڕێز!
ڕۆژی پێنج شەممە ٤ ی خەرمانان کابینەی ئاخوند ڕەئیسی لە لایەن مەجلیسی ڕژیم متمانەی وەرگرت.هەموو دەزانین کە ئاخوند ڕەئیسی یەکێک لە ئاخوندە نزیکەکان و هاوکارەکانی خامنەیی ڕێبەری ڕژیمە کە بە دیاری کردنی ناوبراو بۆ سەرۆک کۆماری ڕژیم، سێ کوچکەی دەسەلات یەکیان گرت و تەواوی پێکهاتەو ئورگانەکانی ئیجرایی و قانون دانان و قەزایی لە دەست مۆرە دیارەکانی خامنەییەو تاوانبارەکان و جەللادەکانی قەتڵوعام کردنی زیندانیانی سیاسی و شۆڕشگێڕانی موجاهیدین و تێکۆشەرانی کورد، ئێستا ئەهرومی دەسەڵاتیان بە دەستەو هەموو لە ژێر دەستی خامنەیی و موجتەبای کوڕیدان.
بە یەک دەست بوونی سێ کوچکەی سیستم و پێکهاتەی دەسەڵات، هەلومەرج لە ئێراندا خراپتر دەبێ و خەڵک زیاتر لە ڕابردوو دەکەونە بەر هێرش و سەرکوت و شکەنجەو، ئیعدامی زیندانیانی سیاسی و تێکۆشەران زیاتر پەرەدەستێنێ و ناوەندە ئەمنیەتیەکانی ڕژیم دەست ئاوەڵە تر دەکرێن بۆ ئەوەی ژیانی ڕۆژانەو سات بە ساتی خەڵک بخەنە بەر چاودێری کردن. سەرکوت و چەوساندنەوەی زیاتری جەماوەر لە بەرنامە و کارە بنەڕەتیەکانی ئەم پێکهاتە حوکمڕانیە دیکتاتۆریەدا دەبێ و سیاسەت و کار کردیان لە سەر ئەو بەراوردو بیرکردنەوە دیکتاتۆرانەیان دادەڕێژن کە کوشتن و لە ناو بەردنی ئەو کەسانەی دژایەتی دەسەلات دەکەن هۆی مانەوەی دەسەلاتی دواکەوتوو دیکتاتۆریانەو هەر بۆیە هیچ سنوور و بەربەستێک لە بەردەم خۆیان نابینین بۆ تاوانکاری و لە پێناو مانەوەی دەسەڵات.
دەسەلاتداران ئەو ڕێچکە پیس و پۆخڵەی کە هەر لە سەرەتاوە خومەینی بۆ پاراستنی دەسەڵاتی گرتیە بەر کە دو نمونەی ئەو سیاسەتی پاکتاوکردنی موخالفان، فەرمانی جیهاد بۆ سەر خەڵکی کوردستان و فەرمانی قەتڵو عامی زیاتر لە ٣٠ ٠ ٠ ٠ هەزار زیندانی سیاسی لە ساڵی ١٣٦٧ کۆچی خۆری بوو.لەم کاتە حەستەم و مێژووییەدا جەماوەری ئێران بە یەکگرتوویی و بە خەباتی یەکانگیر دەتوانن بەربەستێکی ئاسنین بن لە بەرانبەر سەرکوت و چەوسانەوەو بە ناڕەزایەتی سەرانسەری دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئاخوندی بڕوخێنن. هاک کرانی دوربینەکانی زیندانی ئەوین و لێدان و شکەنجەی زیندانیان لە لایەن بەکرێگیراوانی ڕژیم، هێرشی بەکرێگیراوانی ڕژیم بۆ سەر خولەفای ڕاشیدین و خێزانی پێغەمبەری ئیسلام دژایەتی کردنی بەرنامە بۆ داڕی٠ژاوی دەسەلات بۆ سەر هاووڵاتیانی سوننی لە ئێران، وێران کردنی شۆێنی ژیانی بەهائیەکان لە (ایول) لە ئوستانی مازندەران و داگیرکردنی موڵک و ماڵەکانیان و سەرکوتی کرێکاران و جوتیاران و سەرکوتی پێکهاتە نەتەوەییەکان لە ئێران و بە تایبەت نەتەوەی کوردو کوشتنی کۆڵبەران و برسی کردنی خەڵکی ئێران و دزی و فەسادی بەرپرسان و گەندەڵی و پەرەپێدانی فەسادی کۆمەڵایەتی بەرهەمی ٤٣ ساڵ دەسەلاتی ئاخوندی بووە حکومەتی ڕەئیسی زیاتر لە ڕابردوو پەرەی پێدەدا.
یەکێکی دیکە لە ئامانجە چەپەلەکانی دەسەڵاتداران، کار نەکردن و ڕیگری نەکردن بۆ بڵاو بونەوەی نەخۆشی کۆڕونا لە ئێران و بێ دەربەستیان بە مردنی خەڵکی بێ تاوان بووە.ئاخوندەکان نەخۆشی کۆڕۆنایان وەک هۆیەک بۆ بێ دەنگ کردنی جەماوەری ئێران و کەم کردنەوەی ناڕەزایەتیەکان بەکار هێنا.بە داخەوە کۆڕۆنا تا ئێستا بۆتە هۆی مردنی زیاتر لە ٣٠ ٠ هەزار دانیشتووی ئێران و دەسەڵاتداران لە سەرویانەوە خامنەیی گرینگی بە چارەسەرەکان و هێنانی واکسین لە وولاتانی دیکە نادەن و دەبێ واکسینی ناوخۆیی بەرهەم بهێنن.
ڕێبەری ڕژیم لە سەرەتادا ڕایگەیاند ڕێگە بە هێنانی واکسین لە ووڵاتانی ئەمریکاو ئینگلستان نادرێ و بەم دواییانەش لە بە هۆی فشاری ناوخۆیی ڕایگەیاند کە هێنانی واکسین لە وولاتانی دیکە ڕێگە پێدراوە. سیاسەت و کردەوەی دژمنانەی دەسەڵاتداران لە حاست وایرۆسی کوشەندەی کۆڕۆنا دەرخەری بی دەربەستی و دژمنکاری ئاخوندەکان بەرانبەر جەماوەری ئێرانە. سیاسەتی خارجی و دەرەوی ڕژیم هەر وەک چۆن لە ڕابردوودا پشتی بە هەرەشەو ئاژاوەگێڕی لە وولاتانی ناوچەکەو جیهان بستبوو سەرمایەی خەڵکی ئێرانی بۆ پێکهاتنی گروپ و تاقمە ترۆریستیەکان و خەرجی مانەوەو بەردەوام بوونیان و کردەوە ترۆریستیەکانی خەرج کردوە بێگومان لە ڕۆژان و مانگەکانی داهاتوو بە بونی ئەم پێکهاتە قاتڵ و جینایەتکارەی دەسەڵات، شاهیدی کردەوەی ترۆریستی دەست و پێوەندەکانی ئەو ڕژیمەو دەست تێوەردانیان لە کاروباری ووڵاتانی ناوچەکەو شەرخوازی لە ناوچەکەدا دەبین.
بە ناوی سازمانی خەباتەوە داوا لە هێزە سیاسەکانی کوردستانی ئێران دەکەم هاودەنگی و هاوکاریەکانمان لە سەر خەبات بۆ ڕوخانی ڕژیمی دیکتاتۆری ئاخوندی و خەبات بۆ دابین کردنی مافەکانی گەلی کورد یەک بخەین و ئەو دوو خاڵە بنەڕەتیە کە بریتیە لە ڕوخانی ڕژیم و مافەکانی گەلی کورد لە چوارچێوەی ئێراندا بکەینە بنەمای کارکردنمان. هەروەها داواکارم هێزو لایەنەسیاسیەکانی کوردستانی ئێران هاوشێوەی سازمانی خەبات، هاوکاری کردن و هاوبەشی کردن لە گەڵ ئوپۆزیسیۆنی ڕژیم واتە سازمانی موجاهیدینی خولقی ئێران و شوڕای میللی مقاومەتی ئێران ڕەوتی روخانی ڕژیم خێراتر بکەین و هەروەها بۆ پێکهاتن و دامەزراندنی حکومەتی سکۆلارو دیموکڕاتیک لە ئێران تێ بکۆشین.
لە گەڵ پیرۆزبایی دوبارەم بە بۆنەی ٤١ یەکەمین ساڵیدای دامەزرانی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران.
سکرتێری گشتی بابەشێخ حوسەینی
٥ ی خەرمانانی ١٤٠ ٠ کۆچی خۆری