دووشه‌مه‌‌ 

28 جۆزه‌ردان2724
سازمانی خه‌بات ی
کوردستانی
ئێران
sazmanixebat

هەواڵەکانی کوردستان و ئێران و جیهان 17ی گەلاوێژی 1395

هەواڵەکانی کوردستان و ئێران و جیهان 17ی گەلاوێژی 1395

فیزیکناسێکی کورد لە ئێران ئێعدام کرا
کچە خوێندکاریکی کورد سزای ٢ ساڵ زیندانی بەسەر سەپێندرا
ڕێکخراوی “فەتح” بەرپەرجی هەڕەشە و دەستتێوەردانەکانی ئێرانی دایەوە
پێنج کەس لە دەستبەسەرکراوانی مهاباد، دادگایی کران
کرێکارێکی کورد کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا
ئێرانیەک بە تاوانی ترۆریسم لە بڕێزیل دەرستبەسەر کرا
سی‌ویەکەمین ڕێوەڕەسمی وەرزشیی ئۆلەمپیکی ٢٠ ١٦ دەستی پێکرد
ئێعدام‌کردنی زیندانییان بۆ دروستکردنی ترس و خۆف لە نێو چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە کوردستان دایە
ناڕەزایی‌و مانگرتنی کرێکارانی چاڵەنەوتەکانی ئیلام بەردەوامە
داعش دەڵێ 1400 منداڵی کوردی ئێزیدیم بۆ خۆتەقاندنەوە ئامادە کردووە
داعش بەرپرسیارێتی‌ لەهێرشەکەی‌ بەلژیکی راگەیاند
ترەمپ: پێموانییە هیلاری لەڕووی عەقڵییەوە تەواوبێت

 فیزیکناسێکی کورد لە ئێران ئێعدام کرا

حکوومەتی ئێران بە شێوەیەکی لەناکاو بیرمەندێکی پڕۆژەی ئەتۆمیی خۆی لەسێدارە دا. بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی ڕابردوو هەواڵی لەسێدارەدانی شارام ئەمیری، فیزیکناسی خەڵکی کرماشان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکرایەوە. ئەم هەواڵە ئەوەندە لەناکاو و چاوەڕوان‌نەکراو بوو کە شوێنی ئێعدام‌کرانەکەشی تا ئێستا نادیارە. دایکی شارام ئەمیری لەوتووێژ لەگەڵ ماڵپەڕەکانی دەرەوەی ئێران، هەواڵی لەسێدارەدانی کۆڕەکەی پشتڕاست کردووەتەوە. مەرزیە ئەمیری باسی لە بینینی شارام لە ڕۆژی سێشەممە، پانزدەی گەلاوێژ لە شاری تاران کردووە و کوڕەکەی گوتوویەتی کە ئەمە دوایین دیدارە و بەمزووانە ئێعدام دەکرێت. هەربەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، تەرمی ئەو توێژەر و پسپۆڕەی ڕادیۆئیزۆتۆپی پزیشکی کە ئاسەواری تەناف بە ملیەوە دیار بووە، گوازراوەتەوە بۆ شوێنی لەدایکبوونی لە کرماشان و بەخاکسپێردراوە. حکوومەتی ئێران لە مانگی گەلاوێژدا زیاتر لە ٣٠  هاووڵاتیی کوردیکە زۆربەیان چالاکی مەزهەبی بوون لە زیندانەکانی ڕەجایی شار، خۆی، سەقز، سەڵماس و ... لەسێدارە داوە. ماڵپەڕی "ایران وایر" لەزاری سەرچاوەیەک لە تاران بڵاویکردەوە کە زەخت و گوشار لەسەر بنەماڵەی شارام ئەمیری زۆر زیاتر بووە لە گوشار لەسەر بنەماڵەی سەعید ئیمامی و مەرگی شارام وەک نهێنییەک دەمێنێتەوە. شارام ئەمیری کە جۆزەردانی ساڵی ١٣٨٨ لەکاتی سەفەری حەج، ون بوو کە دواتر دەرکەوت کە لە ئامریکادایە و پاشان لە ٢٤ی پووشپەڕی ٨٩ بە پێشوازی فەرمی دەوڵەتی ئەحمەدی نەژاد گەڕایەوە بۆ ئێران. ناوبراو ماوەیەک دوای گەڕانەوەی، دەستبەسەر و لە مانگی جۆزەردانی ٩١ لەلایەن لقی حەوتی دادگەی نیزامی تاران بە ١٠  ساڵ زیندانی و ٥ ساڵ دوورخستنەوە بۆ بەلووچستان حوکم درا.

کچە خوێندکاریکی کورد سزای ٢ ساڵ زیندانی بەسەر سەپێندرا

سەر لەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ١٧ی گەلاوێژی ١٣٩٥ی هەتاوی، “سۆما بازرگان”، کچە خوێندکاریکی کوردی تەمەن ٢١ ساڵان و خەڵکی باژێڕی مەریوان، لەلایەن دادگای ڕژیم لەم باژێڕە، سزای دوو ساڵ زیندانی ‌هەڵواسراو بۆ ماوەی پێنج ساڵی بەسەردا سەپا. سۆما بازرگان بە تاوانی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕژیم دادگایی و مەحکووم کراوە. هەواڵنێری کوردپا لە باژێڕی مەریوان ڕایگەیاندووە کە ئەو کچە خوێندکارە بە بێ ئەوەی مافی هەبوونی پارێزەری هەبووێت، چەندین جار دادگایی کراوە و لە ئاکامدا ئەمڕۆ ئەو سزایەی بەسەردا سەپاوە. سۆما بازرگان لەدایکبووی ساڵی ١٣٧٤ی هەتاوی و هەڵگری بڕوانامەی دیپڵۆمی باڵا لە بەشی حیسابداریی زانکۆی پەیامی نووری مەریوانە کە لە زۆربەی چالاکییە مەدەنیەکانی ئەو شارە و بەتایبەت لە بواری مافی ژناندا بەشدارییەکی بەرچاوی هەبووە. 

ڕێکخراوی “فەتح” بەرپەرجی هەڕەشە و دەستتێوەردانەکانی ئێرانی دایەوە

ڕۆژی دوای ئەوەی کە چاوپێکەوتنی مەحموود عەباس و مەریەم ڕەجەوی، دڵ ئێشی و هەڕەشەی تووندی دەسەڵاتی تارانی لێکەوتەوە، ڕێکخراوی ئازادیخوازیی فەلەستین “فەتح” بەرپەرچی هەڕەشە و دەست تێوەردانەکانی ڕژیمی تارانی داوە. “سائیب عەریقات”، سەرۆکی گشتیی ڕێکخراوی ئازادیخوازیی فەلەستین “فەتح” گوتی: “بەرپرسانی دەوڵەتی فەلەستین هەروا سەرقاڵی بەدواداچوون بۆ هێرشە تووندەکانی ئێران بە دژی مەحموود عەباس ـن و بە هیچ جۆرێک ئەو هێرشانە لە لەایەن ئێرانەوە بۆ سەر مەحموود عەباس و ڕێکخراوی ئازادیخوازیی فەلەستین، قەبووڵ ناکرێن. ماڵپەڕی ئەلسەبیل لە هەواڵێکدا باسی لە هەڕەشەکانی عەریقات بە دژی ئێران کرد و گوتی: “ئەوە یەکەم جار نیە کە ڕژیمی ئێران دەستدرێژی دەکاتە سەر کەسایەتیی کەسایەتییە فەلەستینییەکان، هەر بۆیەش  بەرپرسانی فەتح و فەلەستین لە هەمبەر ئەو وتە و هەڕەشانەی ئێران بێدەنگ دانانیشن. عەریقات هەروەها گوتووشیەتی کە ئەگەر ئێران بە ڕەسمی داوای لێبووردن لە فەتح نەکات، ئەوا بەرپرسانی فەتح هەڵوێستی تووند لەمبارەوە دەگرن و پەیوەندییەکانی نێوان دوو لایەنی ئێران و فەتح تووشی ئاڵۆزی دەبێت. عەریقات باسی لەوە کردووە کە هەندێک هەڵوێست بە دژی ئێران دەگرن کە بۆی هەیە پەیوەندیی نێوان ئەو دوو لایەنە تێک بچێت بەڵام نەیگوت ئەو کردەوە و هەڵوێستانە چی دەبن. عەریقات لە میانەی قسەکانی خۆیدا هەروەها گوتووشیەتی: “ڕێبەرانی فەلەستین بە بەردەوامی پشتیوانی لە بزاڤگەلی ئازادیخوازانی جیهان دەکەن و پشتیوانی لە مجاهیدینی خەڵک بە واتای خۆتێهەڵقوتاندن و دەست تێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی ئێران نیە و چاوپێکەوتنی مەحموود عەباس لەگەڵ مریەم ڕەجەوی هیچ پەیوەندییەکی بە پرسەکانی ناوخۆیی ئێرانەوە نیە”.

پێنج کەس لە دەستبەسەرکراوانی مهاباد، دادگایی کران

بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژی کورد، 5 کەس لە 15 دەستبەسەرکراوی ڕەشبگیرییەکانی ئەم دواییانەی مهاباد، دادگایی کراون. هێمن غەزاڵ، محەممەد شوکری، مەزهەر تاڵانە ، پێژمان ئیمانی و ئەمیر عەبدووڵازادە ئەو پێنج هاووڵاتیە مهابادییەن کە لە ماوەی ٢ مانگی ڕابردوودا وێڕای ١٠  کەسی تر دەستبەسەر کرابوون کە پێشتر هەواڵی دەستبەسەرکانەکەیان لە ناوەندی ڕۆژی کورد بڵاو بۆتەوە. ئەو ٥ کەسە بە هۆی ئەوەی کە پێشتریش لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەرکرابوون، بە هۆی هەبوونی پێشینەی دەستبەسەرکران، ڕێکەوتی ١٢ی گەلاوێژ لە دادگای مهاباد، دادگایی کراون. ئەو ٥ هاونیشتمانییەی باژێری مهاباد بە تاوانی پەیوەندی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕژیم دەستبەسەر و دادگایی کراون. ئەمیر عەبدووڵازادە نیشتەجێی  گەڕەکی شەهرەکی فەرهەنگیانی مەهابادە و  ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی بە تاوانی پەیوەندی لەگەڵ یەکێک لە حیزبه کوردییەکان بۆ ماوەی شەش مانگ لە زیندانی مەهاباد دەستبەسەرکرابوو ڕێکەوتی ٩ و ١٠ ی پووشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی، هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕژیم لە شاری مهاباد لە ڕشبگیرییەکدا ئەو کەسانەی خوارەوەیان دەستبەسەر و بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەیان ڕاگواستوون. خۆشناو و ڕەحیم خولە کە بران و خەڵکی گوندی خوڕخوڕەی سەر بە باژێڕی مهابادن عەلی قاسمی نەژاد، خەڵکی گوندی کۆسەکەرێز سیروان حوسێن زادە، خەڵکی گوندی داشخانە پێژمان ئیمانی، خەڵک مهاباد هێمن غەزاڵ، خەڵکی مهاباد شاهین چووسایی، خەڵکی مهاباد ڕەحیم دیواری، خەڵکی مهاباد ئەسعەد ئەنووشە، خەڵکی گوندی قەرەقشڵاق محەممەد شکوری، خەڵکی مهاباد قاسم خەلیفەزادە، خەڵکی مهاباد سیامەک سوڵتانیان، خەڵکی مهاباد سەید مەزهەر پاوانە، خەڵکی مهاباد

کرێکارێکی کورد کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا

رۆژی شەممە 16ی گەلاوێژ کرێکارێکی کورد خەڵکی شاری مەهاباد بە ناوچەی باخی شایگانی ئەو شارە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. بەپێی هەواڵی زاگرۆس پۆست دوێنێ شەممە 16 گەلاوێژ کرێکارێکی تەمەن 43 ساڵ کە خاوەنی ژن‌و منداڵە بە ناوچەی باخی شایگانی مەهاباد کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. تا ئێستا هۆکاری خۆکوژی ئەو کرێکارە دیاری نەکراوە.

ئێرانیەک بە تاوانی ترۆریسم لە بڕێزیل دەرستبەسەر کرا

هەینی 15ی گەلاوێژی 1395ی هەتاوی، پۆلیسی وڵاتی بڕازیل کەسێکی ئێرانی بە تاوانی پەیوەندی لەگەڵ تیرۆریسم دەستبەسەر کرد. هاووڵاتیەکی ئێرانی بەناوی “پوریا پەیکانی” کە لەسەرەتای مانگی ئاگۆستەوە لە لایەن پۆلیسی فیدراڵ و ڕێکخراوی ئاسایشی بڕازیلەوە لە ژێر چاودێری دابووە، بە تاوانی پەیوەندی لەگەڵ تیرۆریسم دەستبەسەر کرا. ئەو هاووڵاتیە ئێرانیە کە پێشتر حوکمی دەستبەسەرکران و دەرکران لە بڕازیلی بۆ دەرکرابوو لە کاتی چوونە ناو خاکی وڵاتی ئۆرۆگۆئێ، دەستبەسەر کرا. میدیا و ڕاگەیێنەکانی بڕازیل باس لەوە دەکەن کە پوریا پەیکانی، دوای ئەوەی کە مانگی مارسی ئەمساڵ بە پاسپۆرتی ئێرانییەوە چۆتە وڵاتی بڕازیل، دوو جار هەوڵی داوە وێنە و ڤیدۆی بەشی دەرەوەی فڕۆکەخانەی شاری سائۆپائۆلۆ بگرێت  هەر بۆیەش بەرپرسانی ئەو فڕکەخانەیە لێی کەوتوونە گومان و لەژێر چاوەدێرییان گرتووە. ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەی کە ئەو کەسە ئێرانییە لەو فڕۆکەخانەی گرتوون ئێستا لەبەر دەستی پۆلیسی بڕازیل دان و لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکرێت. پێشتریش لە مانگی ژوئیەدا، پۆلیسی وڵاتی بڕازیل ١٠  کەسی تری بە تاوانی داڕشتنی گەڵاڵە و هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی تەقینەوە لە کاتی یارییەکانی ئولەمپیکی ئەمساڵی ڕیۆ دەستبەسەر کردبوو. دەست تێوەردانی ئێران لە کاروباری وڵاتانی تر و هەبوونی سیخوڕی ئێرانی لە وڵاتانی دەرەوە، ڕووداوێکی تازە نیە، چەند ڕۆژ بەر لە ئێستا پۆلیسی ئاڵمان ڕایگەیاند، ئەو بکوژە هێرشبەرەی کاتژمێر ٦ی سەر لە ئێوارەی ڕۆژی هەینی ١ی جۆزەردانی ١٣٩٥، بەکاتی ئوروپا هێڕیشی کردە سەر شارۆمەندانی شاری مونیخ لە وڵاتی ئاڵمان، گەنجێکی تەمەن ١٨ ساڵانەی ئێرانی بووە و دەگوترێ دوای ڕووداوەکە خۆی کوشتووە. لە لایەکی ترەوە ڕۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ١٧ی پووشپەڕ، دادستانی گشتیی ئاڵمان رایگەیاند کە پیاوێکی تەمەن ٣١ ساڵ بەناوی “سەید مستەفا ، ح ” کە کاری زانیاری کۆکردنەوەی بۆ دەزگا سیخوڕییەکانی رژیمی تیرۆریستیی ئێران کردووە، لەلایەن پۆلیسی وڵاتەکەیەوە دەستبەسەر کراوە. هەواڵدەریی فەڕانسە لە زاری دادستانی گشتیی ئاڵمانەوە بڵاوی کردۆتەوە، ئەو کەسە پاکستانییە لەگەڵ ناوەندێکی ئەمنیی رژیمی ئێران پەیونەدیی هەبووە و زانیاریی لەسەر بەرپرسی پێشووی “کۆمەڵەی ئاڵمانی_ئیسرائیلی” (راینهولد رووبە) و کەسانی نزیکی ئەو بەرپرسە کۆکردۆتەوە.

سی‌ویەکەمین ڕێوەڕەسمی وەرزشیی ئۆلەمپیکی ٢٠ ١٦ دەستی پێکرد

ئۆلەمپیکی ٢٠ ١٦ لەکاتێکدا بەڕێوە دەچێت کە ئەو کێبڕکێیانە لە چەند مانگی ڕابردووەوە لە ژێر کاریگەریی چوار کێشەی گەورەی وەک: ڤایرۆسی زێکا، دووپینگی تیمی ڕووسیە، ئەمنیەتی کێبڕکێیەکە و ئیمکاناتی مێوانداریی وڵاتی برێزیل بەرەوڕوویە. لە ئۆلەمپیکی ٢٠ ١٦دا، ڕێژەی ٨٥ هەزار هێزی ئەمنیەتی لە ٥٥ وڵاتی جیهان ئەرکی پاراستنی ئەمنیەتی یارییەکانیان بە ئەستۆ گرتووە، کە ئەم ڕێژەیە دووقاتی ڕێژەی ساڵی ٢٠ ١٢یە. وڵاتی برێزیل یەکەمین وڵاتی ئامریکای باشوورە کە مێوانداریەتی یارییەکانی ئۆلەمپیک دەکات و لەگەڵ کێشە و گرفتی ماڵی و ئابووری بەرەوڕوویە. چەند کاتژمێر پێش لە دەستپێکردنی یارییەکان، "پلە"، ئەستێرەی تۆپی پێ ڕایگەیاند: "بە هۆی جێگرنەبوونی بارودۆخی تەندروستی ناتوانێت مەشغەلی ئەو ساڵی ئۆلەمپیک هەڵبگرێت. وڵاتی ئێران بە ٦٣ وەرزشوان لە بەشە وەرزشییە جیاجیاکاندا لە ئۆلەمپیکی ٢٠ ١٦دا بەشداریی کردووە. یارییەکانی ئۆلەمپیک بەو فێستیڤاڵە وەرزشییە دەگوترێ کە بە وتەی دێرینەناسان و مێژووناسان لە وڵاتی یونانی کۆن بۆ یەکەم جار دەستی پێکردووە و لە سەرەتای سەدەی ١٩ی زاینییەوە سەر لە نوێ دەستی پێکردەوە. ئەو ڕێوەڕەسمە بە نیشانەی ڕێزدانان لە زئوس (پاشای خواکانی یونان) لە سەرەتادا لایەنی مەزهەبی هەبووە کە لە شوێنی تایبەت بەو خودایە بە ناوی "ئولمپیا" بەڕێوە دەچوو.

ئێعدام‌کردنی زیندانییان بۆ دروستکردنی ترس و خۆف لە نێو چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە کوردستان دایە

ناوەندێکی داکۆکیکاری مافی مرۆڤی کورد، ئێعدام لە حکوومەتی ئێرانی بە پرۆسەیەکی شیاو لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئەو حکوومەتەوە ناوزەد کرد. بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێعدامی بەربڵاو و بێ وێنەی چالاکانی عەقیدەتی کورد لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج، لەگەڵ دژکردەوەی توندی ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان بەرەوڕوو بووە. ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مڕۆڤی کوردستان سەبارەت بە ئێعدام‌کردنی چالاکانی عەقیدەتی کورد، بەیاننامەیەکی لە ڕۆژی ١٣ گەلاوێژدا بڵاوکردەوە. لەو بەیاننامەیەدا، ئێعدام‌کردنی چالاکانی عەقیدەتی بە "زاڵمانە و نایاسایی" وەسف کردووە و ئێعدامی لانیکەمی ٢٥ زیندانیی مەزهەبی کورد لەژێر ناوی "پێکهێنان و ترس و خۆف لە نێو چالاکانی سیاسی و مەدەنی کوردستان" ناو دەبات. ئەو ڕێکخراوە لەو بەیاننامەیەدا ئێعدامەکان بە "پروسەیەکی جێی شیاو لە دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامی" دەزانێت و بە داخبوونی خۆیان لە هەمبەر ئەو کردەوانە دەربڕی و داوکاری "ڕاگرتنی پرۆسەی هەمەلایەنە"ی سزای نامڕۆڤانە بوو. هاوکات لەگەڵ ئەو بایاننامەیەدا، فێدراسیونی نیونەتەوەیی کۆمەڵگای مافی مرۆڤ و ڕێکخراوە ئێرانییەکانی ئەندام، کۆمەڵگای داکۆکی لە مافی مرۆڤی لە ئێران، ئێعدامی دەیان زیندانیی سوننه مەزهەب لەو وڵاتەدا بە توندترین شێوە مەحکووم کرد. عەبدولکەریم لاهیجی، بەرپرسی فێدراسیونی نێونەتەوەیی کۆمەڵگاکانی مافی مڕۆڤ لەو بارەیەوە گوتوویەتی: کۆمەڵگای نێونەتەوەیی ناتوانێت بە لە بەرچاو نەگرتنی پێشێلکردنی زەق و بەرچاوی مافی مڕۆڤ بە دەست دەسەڵاتدارنی ئێران درێژە بدات. ئێعدامی ژمارەیەکی زۆر لە زیندانییانی کوردی سوننه مەزهەب بەپێی "اعترافات"ـی زۆرەملی و محاکمەی نادادپەروەرانە، بێڕێزی بە سەرەکیترین ڕێساکانی مافی مرۆڤە. سەرلەبەیانی ڕۆژی سێ شەممە ١٢ گەلاوێژ لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج لانیکەم ٢٥ چالاکی عەقیدەتی بە ناوەکانی "کاوە وەیسی، تالب مەلەکی، بێهروز شا نەزەری، کاوە شەریفی، ئارش شەریفی، کەیوان مۆئمێنی فەر، وریا قادری، عالم برماشتی، بەهمەن ڕەحیمی، موختار ڕەحیمی، یاوەر ڕەحیمی، شاهۆ ئیبراهیمی، ئومید پەیوەند، ئادریس نعمەتی، ئەحمەد نەسیری، فەرزاد هەنەرجو، ئەمجەد ساڵحی،محەممەد غەریبی، شارام ئەحمەدی، کەیوان کەریمی، ئومید مەحمودی، پوریا محەممەدی لەگەل حکمەت عێراقی، حەمزە عێراقی و عەلی عیراقی لە سێدارە دران.

ناڕەزایی‌و مانگرتنی کرێکارانی چاڵەنەوتەکانی ئیلام بەردەوامە

دوێنێ شەممە زیاتر لە 200 کرێکار لەسەر کاردەرکراوی مەیدانی گازی بیجاڕ‌و کەمانکوە لەناوچەی ئیلام بۆ گەڕانەوە بۆ سەرکار‌و دەستبەرکردنی مافەکانیان لەبەردەم بینای پارێزگای ئیلام کۆبوونەوە. کرێکارانی چاڵەنەوتەکانی ئیلام لەو کۆبوونەوەیەدا خوازیاری گەڕانەوەیان بۆ سەر کار‌و وەرگرتنی حەقدەستەکانیان بوون.

داعش دەڵێ 1400 منداڵی کوردی ئێزیدیم بۆ خۆتەقاندنەوە ئامادە کردووە

ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە ڕێگای بڵاو کردنەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی، باس لەوە دەکا کە سەدان منداڵی کوردی ئێزیدی بۆ خۆتەقاندنەوە و هێرشی خۆکوژی ئامادە کردووە و ڕاهێنانی بۆ کردوون. بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییە ئەو منداڵە کوردە ئێزیدییانە لە ئوردوگایەکی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش بە ناوی “تێشکە شێرەکان” ڕاهێنانیان بۆ دەکرێ. بە سەرنجدان بەوەی کە بە پێی ئامارەکان، 1400 منداڵی کوردی ئێزیدی لە بن دەستی داعش ئێخسیر کراون، پێدەچێ ڕێژەی ئەو منداڵانە کە بۆ خۆتەقاندنەوە و هێرشی خۆکوژی ئامادە کراون، ١٤٠ ٠  کەس بێت. پێشتر فەرمانگەی کاروباری ئێزیدیە ڕفێندراوەکان لە شاری دهۆک ڕایگەیاندبو کە 3770هەنووکە  کوردی ئێزیدی لە دەست داعشدا ئێخسیر و دیلن ، ئەوەش لە حاڵێکدایە کە هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان تا ئێستا توانیویانە 2640 کوردی ئێزیدی لە دەست داعش بستێننەوە و ئازادیان بکەن.

داعش بەرپرسیارێتی‌ لەهێرشەکەی‌ بەلژیکی راگەیاند

ئاژانسی‌ ئەعماقی‌ سەر بەداعش کەمێک لەمەوبەر بڵاویکردەوە، هێرشەکەی‌ دوێنێی‌ بەلجیکا لەلایەن سەربازێکی‌ سەر بەرێکخراوەکەیانەوە ئەنجامدراوە. هێرشەکەی‌ دوێنێ‌ یەکشەممەی‌ شاری‌ شارلروا لە بەلژیکی ، لەلایەن کەسێکی‌ چەقۆ بەدەستەوە ئەنجامدرا‌و بەهۆیەوە، دوو پۆلیسی‌ ئافرەت برینداربوون. بەپێی‌ ئاژانسی‌ ئەعماق –پرۆپاگەندەی‌ داعش بڵاودەکاتەوە-، یەکێک لەسەربازانی‌ ئەو رێکخراوە لەوەڵامی‌ داوای‌ بەئامانجگرتنی‌ وڵاتانی‌ ئەندام لەهاوپەیمانی‌ نێودەوڵەتی‌، کردەوەکەی‌ ئەنجامداوە. بەپێی ئەو زانیاریانەی پۆلیسی ئەو شارەی‌ بەلژیک دوێنێ‌ لەئەژماری فەرمیی خۆی لە تویتەر بڵاویکردووەتەوە، ئەنجامدەری هێرشەکە پاش بریندارکردنی ئەو دوو پۆلیسە، لەلایەن سێیەم پۆلیسەوە کە لەشوێنی هێرشەکە ئامادەبووە تەقەیلێکراوە و بریندارکراوە، دواتر براوەتە نەخۆشخانە و بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی‌ داوە. هەروەها تەندروستیی ئەو پۆلیسانەشی کە لە هێرشەکەدا برینداربوون، لە مەترسیدا نەماون.

ترەمپ: پێموانییە هیلاری لەڕووی عەقڵییەوە تەواوبێت

دۆناڵد ترەمپ، کاندیدی پارتی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا، دوێنێ شەو هێرشێکی توندی کردە سەر هیلاری کلینتۆن، کاندیدی پارتی دیمۆکراتەکان و ڕایگەیاند "لەڕووی عەقڵییەوە هیلاری گونجاو نییە بۆ ئەوەی ببێت بە سەرۆک". بەپێی هەواڵێکی نیویۆرک تایمز، ترەمپ لەمیانی کۆبونەوەیەکی جەماوەریدا لە ویلایەتی نیوهامپشایەری ئەمریکا وتی " لەڕاستیدا من پێموانییە ئەو تەواوبێت" و ڕونیکردەوە "هیلاری کەموکوڕییەک لە مێشکیدا هەیە، بۆیە گونجاو نییە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی ئەمریکا". هێرشەکانی ترەمپ بۆ سەر هیلاری دوای ئەوە هات ئەم هەفتەیە هیلاری لەمیانی دیدارێکدا لە گەڵ تەلەفزیۆنی فۆکس نیوزی ئەمریکی سەبارەت بە دۆسیەی بەکارهێنانی ئیمەیڵی تایبەت لەو کاتەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بووە رایگەیاندبوو "ئەوەی من بە جەیمس کۆمی، سەرۆکی دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمریکاش (FBI) م وت، کە ئەو پێی وابوو قسەکانی من ڕاستن، رێک ئەوەبووە کە بۆمن بۆ ڕای گشتیم باس کردووە. ڕەنگە من کەموکوڕیم هەبووبێت بۆئەوەش من هەوڵئەدەم ڕوونکردنەوەی خۆی بڵاوبکەمەوە."  سەبارەت بەو دۆسییەیە کۆمی بە کۆنگرێسی ئەمریکای ڕاگەیاند لێکۆڵەران نەگەیشتونەتە  هیچ بنەمایەک کە هیلاری درۆی لەگەڵدا  کردبنن بەڵام سەرۆکی دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدراڵی دیسانەوە گومانی خستەسەر هەندێک لەو لێدوانانەی کە هیلاری لەبارەی دۆسیەکەوە بۆ ڕای گشتی بڵاویکردۆتەوە. وابڕیارە 8ی مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی گشتی بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا ئەنجامبدرێت.

 


7 ساڵ و 10 مانگ و 9 ڕۆژ و 21 کاتژمێر و 55 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

هەواڵەکانی کوردستان و ئێران و جیهان 17ی گەلاوێژی 1395

هەواڵەکانی کوردستان و ئێران و جیهان 17ی گەلاوێژی 1395

په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

په‌یوه‌ندی گرتن


ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07506206655 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07504687209 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07504497138 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن ئوروپا     : 0767676746   (0046)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن ئوروپا       : 040331264   (0047)



په‌یوه‌ندی ئه‌له‌کترۆنی:



[email protected] 
[email protected]
xebatmedia@sazmanixebat.net
[email protected]om

ئۆرگانه‌کانی سازمانی خه‌بات


ڕێکخراوی ئافره‌تانی خه‌باتی کوردستانی ئێران 

ڕێکخراوی لاوانی خه‌باتی کوردستانی ئێران