ژاڵە سنەیی
ژاڵە سنەیی
کاتێک لە مێژووی 43 ساڵ دەسەڵاتداری ئاخوندەکان لە ئێران دەڕوانین، بەرهەمی ئەو دەسەڵاتە بێجگە لە دواکەوتویی ،جەنگ،ترۆر،زیادبوونی فەسادی کۆمەڵایەتی و ئیداری، هەڵاوسانی ئابوری و هەژاری و مردن و لەناوچوونی خەڵک بە هۆی نەبوونی خزمەتگوزاریە پزشکیەکان و دەیان کێشەی دیکە، هیچ خێرێک و بەرهەمێکی باشی بۆ جەماوەری ئێران نەبووە.
دیارە سەبارەت بە پێوەندیە سیاسیەکان و نزیکی لەو ڕژیمەش پێناسەو مێژووی خۆی هەیەو جێگەی بەراوردە، لە مێژووی دەسەڵاتی ئاخوندیدا هەر لایەنێکی سیاسی ئێرانی، لە حکومەتی خومەینی نزیک بوبێتەوە، تووش هەرەس و داڕمان و لە ناوچوون بووە.
ئەو لایەنە سیاسیانەی پێیان وابووە بە نزیکی لە دەسەڵاتی ئاخوندی دەتوانن درێژە بە کاری سیاسی بدەن، کەوتونە بەر بەرداشی ڕژیم و یا لە ناوچوون و یا ئاسەوارێکی ئەوتۆیان لێ نەماوە. حیزبی تودەی ئێران و سازمانی چریکە فیداییەکانی ئەکسەریەت وەک دوو هێزی دیارو گەورەی سیاسی لە ئێران و لە کوردستانی ئێرانیش ئەو لایەنانەی هەوڵیاندابێ لە ڕژیمی ئاخوندی نزیک ببنەوە تووش قەیران و کێشە هاتوون.
سەبارەت بە ناوچەکەو جیهان و ئەو حکومەت و دەسەڵات و حیزبانەی لە ڕژیمی ئاخوندی نزیکن، ئەو چارەنووس و هەولومەرجە سەخت و نالەبارەیان هەیە کە خەڵکی ئێران 43 ساڵە تووشی هاتوە. ووڵاتی لوبنان بە هۆی دەستێوەردانەکانی ئەو ڕژیمە بەرەو وێرانی دەچێ و لە ئێستادا پێداویستیە سەرەتاییەکانی ژیان و خزمەتگوزاریەکان وەک برق و ئاو بەنزین، یا هەر نیە یا زۆر کەم بووەو نرخی خواردەمەنیەکان بە ڕادەیەک بەرزە کە خەڵکی لە ڕابردوو دەوڵەمەندی لوبنان و لە ئێستا هەژار توانای کڕینیان کەم بووە.
ووڵاتی یەمەن بە هۆی کردەوە دژمنکاریەکانی ئاخوندە دەسەڵاتدارەکانی ئێران تووش جەنگی درێژخایەن و وێرانی و گرانی و دەیان کێشەی کۆمەڵایەتی و سیاسی بووە. ووڵاتی عێراق بە هۆی هەژمونی دەسەڵاتی ئاخوندی ئێران و دەستێوەردانەکانی، تا دێت بەرەو ئاڵۆزی زیاترو پەرەگرتنی جەنگی مەزهەبی و سەرهەڵدانی گرانی و بێکاری و برسیەتی و هەژاری و نەبونی خزمەتگوزاری دەبێ.
دیارە نمونە زۆرن کە ئەو ڕاستیە دەردەخا ڕژیمی ئاخوندی ئێران سەرچاوەی مەینەتی و بەڵایەو هەر کەس گومانی لەو ڕاستیە هەیە با بە وردی چاو لە هەلومەرجی ئەو ووڵات و دەسەڵات و حیزب و تاکانە بکات، بۆیە هەر حکومەت و دەسەڵات و هەر حیزبێک و هەر تاکێک هەوڵی نزیکی و هاوپەیمانی لەگەڵ ئەو ڕژیمە بدات و یا بە گرینگی بزانێ کە لەو دەسەڵاتە دیکتاتۆرو قێزەونە نزیکە، لێیان ڕوون بێ، سەنەدی لە ناوچوون و یا لاواز بوونی خۆیان ئیمزا کردووە.