حەمید نوری لە یازدەیەمین دانیشتنی دادگاییەکەیدا ناڕەزایەتی دەربڕی لە بەرانبەر دەنگی خەڵکی ناڕازی لە دەرەوەی دادگا و ووتی کە بیان بەنە بیابان هاوار
حەمید نوری لە یازدەیەمین دانیشتنی دادگاییەکەیدا ناڕەزایەتی دەربڕی لە بەرانبەر دەنگی خەڵکی ناڕازی لە دەرەوەی دادگا و ووتی کە بیان بەنە بیابان هاوار بکەن.
یازدەیەمین ڕۆژی دادگایی حەمید نووری، جێگری جێبەجێ کاری زیندانی گەوهەردەشت لە دەیەی 60، و تاوانبار بە دەست تێدابوون لە کوشتاری زیندانیانی سیاسی، ڕۆژی هەینی 12ی خەرمانان، لە ستۆکهۆڵمی سوئێد بەڕێوە چوو.
لەم دانیشتنە دا مێهدی بەرجەستە، سکاڵاکاری سێهەمی ئەو پەروەندەیە وتی کە (ناصریان) لەزیندانی گەوهەر دەشت هەموو کارە بووە و حەمید عەباسی (ناوی خوازراوی حەمید نووری)هەردەم لەگەڵی بووە و بەردەوام یەک هەنگاو لەپشت سەریەوە بووە و هەموو ئەو شتانەی کە ئەو پێی دەوت لەنێو دەفتەرێک دەینووسی.
بەپێی ڕاپۆرتی زیندانیە سیاسیەکانی ئەو زیندانە، ناصریان، هەر ئەو محەممەد مقەیسە، قازی دادگای ئینقلابە و داوود لەشکەریش، لەو کاتەدا جێگری ئەمنیەتی ئەم زیندانە بووە.
بە وتەی مێهدی بەرجەستە، لەشکەری لە 9ی گەلاوێژی 1367، باسی لەوە کردووە کە هەیئەتی ڕێکخراوی لێبوردن هاتبوونە ناو زیندانەکە و داوایان لە هەندێک زیندانی کردووە لەگەڵیان بچن، بەڵام لەو کاتەدا یەکێک لە زیندانیەکان لە درزی درگاکەوە لەشکەری بینیوە کە کۆمەڵێک پەتی سێدارەی بەدەستەوە بووە، هەندێک لەو زیندانیانەش کە شکیان لە لەسێدارەدانی خۆیان هەبووە دەستیان کردووە بە نووسینی وەسیەت نامە.
لە بەشێک لە دادگایی ڕۆژی هەینی دا، حەمید نووری ناڕەزایەتی خۆی لە بەرزبوونەوەی دەنگی ناڕازیان لە دەرەوەی دادگا دەربڕی و وتی: ئەم خەڵکە ناڕازیە ببەنە بیابانەکان هاوار بکەن، پاش ئەوە دادوەر کوتی دانیشتنی دادگا بۆ ماوەی 20دەقە ڕادەگرین.
حەمید نووری لە 18ی خەزەڵوەری 98، لە ستۆکهۆڵم گیراوە و یەکەم بەرپرسی یاسایی ڕژیمی ئێرانە کە لە دەرەوەی ئێران لە لەسێدارەدان و کوشتنی بەکۆمەڵی زیندانیانی سیاسی دەستی هەبووە، دادگایی دەکرێت. ئیبراهیم ڕەئیسی کە لە ئێستادا سەرۆک کۆماری ڕژیمی ئاخوندیە، لەو کاتەدا وەکوو جێگری داواکاری گشتی تاران، یەکێک لە هەیئەتەکانی مەرگ بووە.