لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا ٢١ لاوی کورد بە تاوانی سوننە مەزهەب بوون و موحارەبە واتا دژایەتی کردن لەگەڵ خودا لە بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج لە سێدارە دران کە ناڕەزایەتییەکی بەرینی لە ئاستی ناونەتەوەییەدا لێکەوتەوە، بۆ تاووتوێ کردنی ئەو باسە ماڵپەری رۆژی کورد وتووێژێکی لەگەڵ بەڕێز کاک کامیل نوورانی فەرد، ئەندامی کومیتەی ناوەندیی سازمانی خەباتی کورستانی ئێران پێکهێناوە. ئەوەی خوارەوە دەقی وتووێژەکەیە:
ڕۆژی کورد: لە کوردستان نەتەوەی کورد جیاواز لە داوای لابردنی هەڵاواردنی نەتەوەیی بە هۆی ئەوەی زۆرینەی دانیشتوانی موسولمانی سوننی مەزهەبن کێشەیەکیش وەک هەڵاواردنی ئایینی لە ئارادایە مەبەستی کۆماری ئیسلامی لە سەرکوتی چالاکانی ئایینی لە کوردستان هۆکارەکەی بۆ گرفتە بنەرەتیەکە واتا کورد بوونی ئەو هەڵسوراوانە ناگەرێتەوە؟
نوورانی فەرد: بە باوەری من هەموو ئەو ستەمانەی ئێمە ڕۆژانە لە وەڵاتی ئێران و بە تایبەتی لە کوردستان لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە دەیبینین، پێش فاکتەری کورد بوون بۆ فاکتەری دژی مرۆڤ بوون دەگەرێتەوە. واتە ئەو نیزامە دیکتاتۆرو جیناتکارە بە هۆی دژی مرۆڤ
بوونیەوە لە قوناغی یەکەم و ئینجا دژی هەموو بەها و نۆرم و چەمکە ئەمرۆییەکان کە شارستانیەتی تێدا پێناسە دەکرێ، دەست دەبات بۆ جینایەت و کوشتار و ستەم و هەڵاواردن و ناعەداڵەتی.
ئیمە نابێ ئەو ڕاستیەمان لە بیر بچێ کە ڕژیمی تاران تەنیا کێشەی لەگەڵ کورد وەک یەکەێکی نەتەوەیی نییە بەڵکو کێشەی ڕژیم بە گشتی لەگەڵ مرۆڤی ئازاد و مرۆڤایەتیە و هەموو ئەو تاکانەیە کە جیاواز لە جیهانبینی و خوێندنەوەی ئەو دەجوڵێنەوە. دژی مرۆڤ بوون بە واتای ئەوەی کە ئەو ڕژیمە قبووڵی هیچ بایەخێک ناکات کە بە درێژایی مێژوو لە ڕەوتی گەشەسەندنی مرۆڤایەتی مرۆڤەکان پێی گەیشتوون و هەر جۆرە ئازادیێک لە هەموو ڕەهەندە فکرییەکانیەوە بە دژی خۆیان دەزانن و تەنیا باوەریان بە یەک جۆری خوێندنەوە هەیە کە ئەویش کورتدەبیتەوە لە بازنەییکی یەکجار بچووک کە تەنیا ئاخوندەکان و هاوبەرژوەندییەکانیان تێیدا جێگەیان دەبێتەوە.
لەگەڵ ئەو ڕاستیەش لە ڕیزبەندی ئەو ناوانەی ڕژیمی ئێران بە دژمنی خوی هەژماریان دەکات، ناوی کورد بە هەموو بیروبۆچوون و ڕەوتە جیاوازەکانیەوە لە سەرووی ڕیزبەندییەکەوە دێت و لەپاش فاکتەری دژی مرۆڤ بوونی دەسەڵات بێگومان فاکتەری کوردبوون هۆکارێکە بۆ ڕەوابینینی ئەو گشتە ستەم و جینایەتەی کە ڕۆژانە لە دژی گەلەکەمان ڕوودەدەن. تاکێکی کوردی خاوەن باوەرێکی تایبەت لە چەشنی زیندانیانی عەقیدەتی کە چەند ڕۆژ لەمەوپێش بە کۆمەڵ لەسێدارەدران لە لای دەسەڵاتداران بە چەندین تاوانی جۆراوجۆر شایەنی سزان، واتە هەم بە تاوانی کورد بوون و هەم بە تاوانی جیابیربوون و هەم بە تاوانی بەربەرەکانی ستەم و ناعەداڵەتی تاوانبار دەکرێن و لەگەڵ قورسترین سزا ڕووبەروو دەبنەوە.
ڕۆژی کورد:کوردستان بە گشتی ڕووبەڕووی هەڵاواردنێکی هەمە لایەنە بە هۆی کۆماری ئیسلامیەوەیە هاوپێوەندی بزوتنەوە ئایینیەکانی کوردستان لەگەڵ بزوتنەوەی نەتەوەیی هەتا چەندە بە پێوسیت دەزانن ؟
نوورانی فەرد: بێگومان ئەوە خاڵێکی یەکجار گرینگە. ڕژیمی ئێران لەماوەی دەسەڵاتداریەتی خۆیدا لەرێگەی جۆراوجۆر ویستوویەتی وەک چەکێک لە دژی کورد ئەو جیاوازی فکرییانە بە کار بێنێ و بۆ لاواز کردنی نەتەوەی کورد کەڵکی لێوەربگرێ. ئەرکی هەموو ڕەوت و جەریانە سیاسی و مەدەنیە جۆراوجۆرەکانی کوردستانە ڕێگەی هەر جۆرە دزەکردنێکی دەسەڵات بۆ زەربە وەشاندن لە کورد بگرن. نمونەی لە چەشنی پێکدادانی دانیشتووانی کوردستانمان لە لایەن دەسەڵاتەوە یەکجار زۆر بووە و چارەسەری ئەو کێشەیەش ڕوانگە و گووتارێکی نەتەوەیی و نیشتمانیە کە هەموو دانیشتووانی کوردستان بە هەر نەتەوە و زمان و ئایین و فکرێکەوە بە یەک چاو تەماشا دەکات و مافەکانیان وەک یەک بۆ لەبەر چاو دەگرێ.
ڕۆژی کورد: لە سێدارەدانی بەندییە ئایینیەکانی کوردستان بۆ چاوترسێنکردنی بزوتنەوە ڕەنگاڵەکانی دیکەش لە کوردستانە بۆ بەرپەرچ دانەوەی تاوانی لە سێدارەدان هاوئاهەنگی لە نێو بزوتنەوە ڕەنگاڵەکانی کوردستان دەبێ چۆن بێ؟
نوورانی فەرد: خاڵی بە هێزی کورد لە کوردستانی ئێران ئەوەیە کە خاوەنی بزووتنەوەی وشیاری جۆراوجۆرە و ئەگەر بەراوردێکی بچووک لە نێو گشت ئێران بکەین بە جوانی ئەو ڕاستیەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە کوردستان لە هەموو بەشەکانی تری ئێران خاوەن بزووتنەوەی ئامادەتر و ووشیارتر و لەسەر پێترە، بەڵام بە داخەوە هاکات نەبوونی گووتارێکی هاوبەش و هاوپەیوەندییەکی توکمە بە سیمای جولانەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلەکەمان بە گشتی دیارە و سیبەری ئەو خاڵە لاوازییە تا هەنووکەش قورسایی بەسەرمانەوەیە. دسەلاتدارانی ئێران کاتێک تاکێکی کورد بە هەر تاوانیک بێ لەسێدارە دەدەن لە حەقیقەتدا گشت کوردیان نیشانە کردووە و لە زۆر قوناغ دا شاهید بووینە لەسەروبەندی حەرەکەت و جوڵانەوەێک کە کوردستان بە خۆیەوە بینیبووبێتی لەسیدارەدانەکان دەستیان پێکردووە. لەواقعیش دا زۆربەی هەر زۆری ئەو ئیعدامانەی لە کوردستان بەرێوە چوون و بەرێوە دەچن زیاتر ڕەهەندی سیاسی لەپشت بووە تا حقوقی. ئەوەی پێویستە بیزانین خاڵی هاوبەشی هەموو بزووتنەوە چالاکەکانی کوردستان ، کوردبوونە. واتە هەموو چالاکوانە خوێندکاری و ژنان، سیاسی و عەقیدەتی و ژینگەپارێز و مەدەنیەکان و …. هتد، لە کوردستان پاشگری کوردیان پێوەیە و لە هەمووشیاندا کوردبوون بەشیکە لە تاوانباربوونیان. کەوایە دەتواندرێ ئەو هۆکارە هاوبەشەی پێی تاوانبار دەکرێین بکرێتە خالێکی هاوبەش بۆ یەک گووتاری و هاوپەیوەندی زیاتر و هەموو لە دەوری کوردبوونەوە بە بێ جیاوازیی کۆ ببینەوە و لە ڕاست هەر پێشیلکارییک بە نیسبەت هەر کام لە چین و توێژ و جوڵانەوەکانی کوردستان هیچ تاکێک بێدەنگ نەبێ.
ڕۆژی کورد: ئەو ئیعدامە سیاسی ئایینیانە تا چەندە پێوەندی بە ئالۆزییەکانی دەسەڵاتی ئایینی ئێران لەگەڵ عەرەبستان سعوودی هەیە؟
نوورانی فەرد: ئێستا دەسەڵات هەوڵدەدات کە هەلسوورانی ئەو کەسانە گرێبدات بە عەرەبستان و بە داردەستی “ریاز”یان لە قەلەم بدات، بەڵام لە حەقیقەت دا یەکێک لەو بەڵگانەی کە دەرخەری درۆ بوونی تاوان خستنە پاڵ ئەو زیندانیە ئیعدام کراوانەیە بەستنەوەی کار و هەڵسوورانیان بە وەڵاتی عەرەبەستانە لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە. سیاسەتی پیلانگیری وەڵاتانی دەرەکی تێزێکی ناسراو و کۆنی دەسەڵاتی ئاخوندییە کە ساڵیانی ساڵە چالاکوانان و ئازادیخوازان و هەڵسووراوانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکانی پێ چاوترسین و دەستبەسەر و ئیعدام دەکرێ. لە پێشوودا بچووکترین جوڵە دەبەسترایەوە بە ئەمریکا و ئیسرائیل بەڵام ئێستا هەمان سیاسەت پەیرەو دەکرێ بەڵام پەنجەی تاوان بەرەو ڕووی عەرەبستان دەکرێتەوە. حیزب و لایەنە شۆڕشگێرەکانی کوردستان لەسەرەتای هاتنە سەردەسەڵاتی ڕژیم دەستیان داوەتە خەبات و تێکۆشان و بە بەردەوامیش داوا و ویست و ئامانجەکانیان خراوەتە پاڵ پیلانگیری ئیسرائیل و ئەمریکا بەڵام ئەم چەند ساڵەی دوایی و بە تایبەتیش ئەمساڵ شاهید بووین کە تەنانەت جوڵەی پێشمەرگانەش بە هاندانی عەرەبستان درایە قەڵەم و یەکسەر ئەو تۆمەتە خرایە پاڵمان. هۆکاری ئەو سیاسەتەش ئینکاریی لایەنی حەقیقی بوون و ڕەوابوونی ویست و داواکانی ئەو تێکۆشەرانەیە لە بەرچاوی گشتی وشێواندنی ئامانج و مەبەستی تێکۆشەرانی بوارە جۆراوجۆرەکان لەبەردەم بیرورای گشتیە. ڕژیم دەیهەوێ بە هێنانە پێشەوەی ئەو سیاسەتە لە مێژینەیەی ئینکاری بوونی ستەم لە لایەن سیستەمەکەی بکات و هەر جیابیر و نارازیکیش لە ژێر ئەو ناوە دا بە توندترین شێوە سزا بدات.
هاوکات دەشکرێ یەکێک لە ئامانجەکانی دەسەڵاتدارانی ئێران لە ئیعدامی ئەو زیندانیە سووننی مەزهەبانە ، درێژەی شەڕی نێوان ئەو دوو دەسەڵاتە و پەیامێک بۆ عەرەبستان و هەولێکی تۆڵەکردنەوانە بێ و لە ڕژیمێک کە دەربەست نییە بە گیانی هیچ مرۆڤێک بێگومان بە ئامراز گرتنی ژیانی مرۆڤەکان بۆ بردنە پێشەوەی سیاسەتە شەڕئەنگێزەکانی چاوەرواننەکراو نییە.