لێبوردنی نێودەوڵەتی لە راپورتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە لە بەفرانباری ساڵی 1388وە هەتا ئێستا نزیک بە 72 کەس لە 42 زیندانی ڕژیمدا، بەشێوەی گوماناوی گیانیان سپار
لێبوردنی نێودەوڵەتی لە راپورتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە لە بەفرانباری ساڵی 1388وە هەتا ئێستا نزیک بە 72 کەس لە 42 زیندانی ڕژیمدا، بەشێوەی گوماناوی گیانیان سپاردووە.
بەپێی لێکۆڵینەوەکانی لێبوردنی نێودەوڵەتی، 46کەس لەوانەی گیانیان سپاردووە بەهۆی شکەنجە و ئازاردان بەدەست هێزەکانی ئیتلاعات و بەرپرسانی زیندانەکان بووە.
هەروەها ئەو ناوەندە لەزاری سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوەوە نووسیویەتی کە مردنی 15کەسیان بەهۆی بەکارهێنانی چەکی گەرم و یان گازی فرمێسک ڕێژ بووە کە لەلایەن هێزە سەرکوتگەرەکانەوە بۆ دامرکاندنەوە و سەرکوتی ناڕەزایەتی زیندانیان کە بەهۆی نیگەرانیەکانیان لەسەر ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە زیندانەکان، بەکار هاتووە. ئەو 11کەسەی دیکەش بەشێوەیەکی گوماناوی گیانیان سپاردووە و لە ئێستادا هیچ زانیاریەک لەسەر مەرگی ئەو 11کەسە لەبەردەست دا نیە.
بەپێی ئەو ئامارەی کە لەلایەن لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕاگەیەندراوە، دەری دەخات کە 15کەس لەم 72کەسە ئەو زیندانیانەن کە لەبەردەوامی ڕاپەڕینەکەی زیندانی سپیداری ئەهواز لە خاکەلێوەی 1399، لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنیەکان و پاشان گیر خواردنیان لە ئاگر کەوتنەوە لە زیندان، گیانیان دا.
هەر لەو پێوەندەدا دەکرێ ئاماژە بە تازەترین قوربانی بکرێ، ئەویش یاسر مەنگوڕیە، ئەو هاووڵاتیە کوردە 31ساڵەی کە لە مانگی پووشپەڕ دەستبەسەر کرا و هەندێک سەرچاوە باسیان لەوە کردووە کە ناوبراو لەژێر شکەنجەدا گیانی داوە.