لەدوای تێپەرینی حەوتوویەک بەسەر لەسێدارەدانی 25 کورد لە زیندانی گەوهەردەشتی کەرەج، هەندێ زانیاری سەبارەت ئێعدامی ئەو بەندکراوانە بڵاوکرایەوە یەک لەو زانیارانە لەسەر یەکێک لەو ئێعدامکراوانەیە کە لە کاتی لەسێدارەدانی دا بەرۆژوو بووەو بە زمانی رۆژووەوە لە قەنارە دراوە.
بە پێی راپۆرتەکان، سەعات حەوتی ئێوارەو سەعاتێک پێش خۆرئاوابوون هێزەکانی ئیتلاعات و هێزەکانی تایبەتی بەندیخانەکە هێرشیان بردۆتە سەر ساڵۆنی ژمارە 10 بەندی 4 و رێگەی هاتووچۆیان بە کەس نەداوە.
دەست و دەم و چاوی ئەوانیان بەستووەو کیسەیەکیان کردوە بە سەریاندا بۆ ئەوەی کەس دەنگیان نەبیستێ. بەو پێ یەی سوونەتە زۆربەیان رۆژانی دووشەمان و پێنج شەممان بەرۆژوو دەبوون، کە لە قەنارەدانەکان لە 11ی شەو تا بانگی بەیانی بەردەوام بووە.
سەرلەبەیانی رۆژی یەکشەممە 10ی گەلاوێژ ژمارەیەک لە مۆرەکانی دەزگای قەزایی رژێم لەو بەندیخانەیە کۆبوونەوەیان هەبووەو سەبارەت بە لەسێدارەدانی زیندانیەکان قسەیان کردوە.
دوانیوەرۆی رۆژی دووشەممە 11ی گەلاوێژ لەگەڵ هێرشی هێزە جل رەشەکانی زیندان، 37 بەندکراوی کوردی سوننی مەزهەبی کە حوکمی ئێعدامیان بە سەردا سوپا بوو، بە دەست و پێ و چاوبەسراوی بۆ زیندانی تاکەکەسی گواستەوەو 25 کەسیان لێ لە قەنارەدان.
هەر ئەو رۆژە لە سەعات 5و نیوی دوانیوەرۆوە نزیک بە 100 کەس لە هێزە تایبەتەکان، تێکڕای هەواخۆریەکانیان داخست، ئیجازەو مورەخەسی کامەندەکان دواخراو بەرێوەبەری بەندیخانەکە کەوتە دەست هێزەکانی ئیتلاعات. تێکڕای کادرەکانی گرتووخانە بۆ سەر کارەکانیان بانگکرانەوە. هێزە سەرکوتگەرەکانی گرتووخانەکە کە رۆژانە لە سەعات سێی دوانیوەرۆوە دەچوونەدەر لە زیندان بە فەرمانی بەرێوەبەری بەندیخانەکە ئەو رۆژە گەرانەوە بۆ سەر کارەکانیان و خرانە حاڵەتی ئامادەییەوە.
نزیک بە 100 کەس لە هێزە تایبەتەکان و بەرپرسانی پلەبەرزی بەندیخانەکە رووبەرووی هۆڵی ژومارە 12 ریز ببوون. دەرگای خوارەوەی هۆڵەکە کرایەوە و هێزە تایبەتەکان بە چەک و باتۆنی برقی (کارەبایی)، گازی فرمێسکرێژ، جلوبەرگی تایبەت و کڵاوی دەمامکدار و بەتەواوی هێزەوە هێرشیان بردەسەر هۆڵی ژومارە 10 کە زیندانیە کوردەکانی تێدابوو.
سەعاتی 7 تێکڕای بەندییەکانیان هێنایە خوار، پێ و دەستیان لە پشتەوە بەستن. بە چەسپی پان دەمیان بەستن و کیسەیان بەسەردا کردن و بۆ زیندانی تاکەکەسیان بردن.
لەو ماوەی یەکسەعات راگواستنەی بەندیەکاندا هێزەکان ئەوپەری توندوتیژیان لەگەڵ کردن و دوایی بەرێوەبەری جینایەتکاری زیندان فەرمانی کرد دەرگای هۆڵی 10 کە چۆڵ بوو، جۆش بکەن و دایخەن.
تێکڕای پێوەندی و هێڵی تەلەفونەکان پچرابوو، دەزگای پارازیت هاوێژ بۆ لەکارخستنی موبایلی زیندانیەکان وەکار کەوتبوون و زیندان بە تەواوی خرابووە حاڵەتی ئامادەباشی. تابوتەکانیان بە ترۆمبێڵی باری هێنابووە زیندانەوە. چەندین ماشینی مودێل بەرز کە هیی بەرپرسانی پلەبەرزی رژێم بوون و لە لەلایەن موتورسوارەوە ئیسکۆرت دەکران هاتبوون بۆ زیندان.
رۆژانی دووشەممە زیندانی گەوهەردەشت شاهیدی لەسێدارەدان بووەو ئەوەش بۆتە شتێکی ئاسایی بەڵام ئەم دووشەممە زۆری فەرق هەبوو. سێبەری ئێعدام و مەرگ هەموو جێگەیەکی گرتبوو.
لە بەندی 8 و سەعاتی 8 دەنگی شیعاردان بە دەنگی بەرز دەبیسترا کە تا سەعاتونیوێک بەردەوام بوو. دەنگی ئاژیر لە بەندی سوپا دەهات.
ئەو وەزعە ترسناک و ئامادەباشیەی گرتووخانە تا رۆژی دوایی بەردەوام بوو وە بەلانی کەمەوە 20 کەس لەو کەسانەی گواسترابوونەوە بەرەبەیانی رۆژی سێ شەممە لەقەنارە درابوون. ئەوە لە کاتێکدا بوو کە بە خانەوادەی ئەو کەسانەیان راگەیاندبوو کە بۆ ئاخرین بینین بچن بۆ لای کوڕەکانیان، بەڵام لە نیوەی رێ دا ئاگاداریان کردبوون کە بەجێی گرتووخانە و بینین بچن بۆ پزیشکی قانوونی کەهریزەک ئەو جێگەی تەرمی ئێعدام کراوەکان دەداتەوە.
دوانیوەرۆی سێ شەممە سەعات پێنج و نیو، سێ زیندانی سیاسی کە لە هۆڵی 12 بوون بەناوەکانی ئەفشین بایمانی، ساڵح کۆهەندڵ و محەمەد عەلی مەنسوری کە بە پێوەندی لەگەڵ رێکخراوی موجاهیدینی خەلق تۆمەتبار کراون بانگکران. بەڵام بەهۆی ئەو وەزعە مەترسیدارەی پێکهاتبوو تێکڕای بەنیدەکانی ئەو هۆڵە کەوتبوونە نیگەرانیەوە.
لە دوای پرسیار و بەدواداچوونی بەندیەکانی دیکەی ئەو هۆڵە، گوترا کە بەرپرسی ئیتلاعاتی گرتووخانە کاری پێ یانە و مەسەلەکە زۆر موهیم نیە. ئەفشین بایمانی بەتەنیا دەچێتە دەر لە بەند. بەڵام لە کاتی چوونەدەرەوە لە بەەرامبەر هۆڵی چاوپێکەوتن ژومارەیەکی زۆری هێزە تایبەتەکان چاوەڕێی بوون و ئەویان برد بۆ بەندی تاکەکەسی بەندی 5. دوای ئەوە فشارەکان بۆ گواستنەوەی ساڵحی کۆهەندڵ و محەمەد عەلی مەنسوری زیادی کرد. پێشی هۆڵی 12 پڕ بوو لە هێزە تایبەتەکان و ئەو دوو بەندیەشیان بۆ لێدان بۆ زیندانی تاکەکەسی گواستەوە.
کاتێ ئەو سێ کەسەش بۆ بەندی 5 بران یەکێک لەو هێزانە پێی گوتن ئێوەش سوننی مەزهەبن و لەگەڵ لەسێدارە دراوانی دوێنێ شەو یەک تاوانتان هەیە؟ سێ زیندانیەکە وەڵامیان داوە نا ئێمە سیاسین و لە هۆڵی 12ین. ئەو مۆرە جینایەتکارە لە وەڵامدا دەڵێ فەرقی چیە هەر کەس بێتە ئێرە بۆ لەسێدارەیە، دوێنێ شەویش 25 کەس لە هاوڕێ کانتان کە سوننی بوون لە قەنارە دران. یەکێ دیکەشیان هێنابوو بۆ ئێعدام نازانم چی بەسەر هات ئیتر نەمبینیەوە.
بەڵام لە دوای پێنج رۆژ ئەو سێ کەسەیان گەراندبۆوە بۆ بەندی هۆڵی 12و لەسەر گواستنەوەکەیان هیچیان پێ نەگوتبوون.
لە کاتی گەرانەوەی ئەو سێ بەندکراوە، یەکێک لە هێزەکانی زیندان پێ یان دەڵێ: بەختی باشتان هەیە کە لەسێدارە نەدران، لە وەڵامدا زیندانیەکان پێی دەڵێن ئەوان ئێعدامی نین، دەڵێ: وەک تەلەفونی دەستی کە هەمیشە لە شەبەکەدایە، قازیش لەگەڵ هێزە تایبەتەکاندا بوو، هەر کارێک پێ یان خۆش بێ دەیکەن. کە کەسێک بۆ ئێرە دەێنن بۆ لەسێدارەیە. بەختان هێنا رێنەکەوتن دەنا لە قەنارە دەدران.