خەبات مێدیا: حوکمی لەداردانی زیندانی سیاسی کورد شاکر بێهروزی، لەلایەن دادگای دادوەری ڕژیمەوە بۆ جاری دووەم پەسەند و پێی ڕاگەیەندرا.
جێی باسە کە حوکمی لەداردانی ئەم زیندانیە سیاسیەی خەڵکی ورمێ کە پووشپەڕی ساڵی ڕابردوو لەلایەن دادگای ڕژیمی ئێران ڕەد کرایەوە، جارێکی دیکە بەتۆمەتی کوشتنی ئەندامێکی سپای تیرۆریستی پاسداران پەسەند کرایەوە، و ڕۆژی سێ شەممە 6ی ڕەزبەر، لە زیندانی ناوەندی شاری ورمێ، بەفەرمی سزاکەی پێ ڕاگەیەندرا.
شایانی باسە کە شاکر بێهروزی بەفرانباری ساڵی 1399، لەلایەن دادگای ڕژیمی ئێران بەتۆمەتی کوشتنی ئەندامێکی سپای تیرۆریستی پاسداران حوکمی لەداردانی بە سەردا سەپابوو، ئەم حوکمە 10ڕۆژ پێش ئێستا لەلایەن شۆعبەی 31ی دادگای ڕژیم لەشاری قوم تەئید کرا.
ئەم حوکمە لەحاڵێکدا تەئیدکراوە کە 12 کەس لە خەڵکی گوندی دیزەجی مەرگەوەڕی سەربە شاری ورمێ شایەتیان داوە کە شاکر بێهروزی لە کاتی کوشتنی ئەو ئەندامەی سپادا، لەگوندەکەی خۆیان بووە.
هەروەها بنەماڵەی ئەو ئەندامەی سپای تیرۆریستی پاسداران هیچ سکاڵایەکیان تۆمار نەکردووە، بەڵام بەهۆی فشاری هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای تیرۆریستی پاسداران ناچار کراون کە شکات بکەن.