پێنچ شه‌مه‌ 

1 سه‌رماوه‌ز2724
سازمانی خه‌بات ی
کوردستانی
ئێران
sazmanixebat

پەلامارەکانی رژیم دووبارەکردنەوەی ئەزمونە شکستخواردوەکان!

پەلامارەکانی رژیم دووبارەکردنەوەی ئەزمونە شکستخواردوەکان!

عەلی بەهرامی
لە ئێراندا پرسی نەتەوەی جیاجیا لە ئارادایە کە یەک لەوان پرسی نەتەوەی کورد و داگیرکرانی خاک و نیشتمانەکەیەتی کە یەکێک لە مەسەلە و پرسەکان لەو وەڵاتەیە تا ئێستا بەبێ چارەسەر ماوەتەوە.
لەدوای جەنگی چاڵدیران لە ئوتی 1514ز و رێکەوتنی زەهاو لە لە 1639 کە دابەشبوونی کوردستانی بەسەر دوو بەشی سەفەوی و عوسمانی لێکەوتەوە، نەتەوەی کورد لە ئێران لەگەڵ ئەوەی بەردەوام هەستی بە ژێردەستەیی، خاک داگیرکراوی کردووە، هەستی جیاکاری، سیاسەتی سەرکوت و پاکتاوی نژادی، زمانی، مەزهەبی و فەرهەنگیشی بە شێوەی سیستمامتیک لەسەر جێبەجێ کراوەو بەردەوام وەکوو نەتەوەیەکی نامۆ و جێی گومان هەڵسوکەوتی لەگەڵ کراوە.
بەتایبەت لە 100 ساڵی رابردوودا دەسەڵاتدارانی ئێران کار لەسەر سیستمی دەوڵەت نەتەوە دەکەن و ئێران بە یەک نەتەوە، یەک خاک و نیشتمان و یەک مەزهەب پێناسە دەکەن. بۆ ئەو مەبەستە هەوڵیان داوە هەموو جیاوازیە نەتەوەیی، دینی، مەزهەبی و فەرهەنگیەکانی ئەو وەڵاتە وەلا بخەن و ئەو وەڵاتە و کۆی پێکهاتەکانی لە یەک زمان و رەنگدا بتوێننەوە. لەو ماوەدا ئەم سیاسەتە نە بە جیاوازی ئیدۆلۆژی و فکری و نە بە گۆرینی دەسەڵات و حکومەتەکانیش گۆرانی بە سەردا نەهاتووە. دەسەڵاتەکان لەپێناو چەسپاندن و سەرخستنی سیاسەتە شۆونیزم و نژادپەرەستیەکەیاندا، مەزهەب و ئایین و هەموو میکانیزم و کەرەستەیەکیان بەکار هێناوە.
کوردیش لە ماوەی ئەو 100 ساڵەی باس کرا، لە بەرامبەر هەموو هێرش و پاکتاوێکی فەرهەنگی، مەزهەبی، زمانی و نژادیدا سەرسەختانە دیفاعی کردووە و لە چەندین قۆناغی جیاجیادا خەباتی سیاسی و سەربازی پێکهێناوەو دیفاعی لە شوناسی نەتەوەیی و نیشتمانی خۆی کردووە. ئەوەش یەکێک لە هۆکان بووە کە تا ئێستایشی لەگەڵ بێ دەسەڵاتدارانی ئێران نەیانتوانیوە وێڕای سیاسەتی زەبر و زەنگ و بەرنامە و پیلانی جیاجیا کار لە سەر شوناسی نەتەوەیی کورد بکەن. بەتایبەت رژیمی ویلایەتی فەقیە بەبێ خوێندنەوە بۆ سیاسەتە شکستخواردووەکانی دەسەڵاتی شای ئێران لە کوردستان و ئیرادەی نەتەوەی کورد بۆ دیفاع و بەرگری لە هۆویەت و شوناسی خۆی، کەوتە ئەزموونکردنەوەی ئەو سیاسەتانە و بە هەڕەشە، هێڕش و پەلامار بۆ سەر کورد و خاکی کوردستان درێژەی بە سیاسەتی پاوانخوازی و رەگەزپەرەستانە دژ بە نەتەوەی کورد دا.
رژیمی ئاخوندی لە کوردستاندا، کوشتاری بە کۆمەڵ، راگواستنی گوند و دێهاتەکان، گرتن و راوەدوونانی کوردپەروەران، تیرۆری رێبەرانی ئەحزاب و چالاکانی سیاسی کورد، پروپاگەندای نێگاتیڤ دژ بە خەڵکی کوردستان و بزوتنەوەکەی، هێرشی فەرهەنگی و پاکتاوی زمانی و جیاکاری و بە هەژار هێشتنەوەی کوردستان و زۆر هەنگاوی دژمنکارانەی دیکەی لە کوردستان تەجروبە و ئەزمون کردەوە. ئەو رژیمە بە رەت کردنەوەو حاشاکردن لە بوونی پرسێک بە ناوی پرسی نەتەوەی کورد و کوردستان هەوڵی دا بە زۆری هێز بابەتەکان یەک لایی بکاتەوە. ئەگەر چی رژیم توانی بە هێز و پەلاماری سەربازی کوردستان داگیر بکاتەوە بەڵام لە دوای ئەو هەموو هەوڵ و کردەوە خراپکارانەی حکومەتی ئاخوندان لە کوردستان و بەرێوەبردنی سیاسەتی نەم بۆ پاکتاوی زمانی و فەرهەنگی و تەبعیز و جیاکاری، بە خۆراگری نەتەوەی کورد و پاراستنی شوناسی نەتەوەیی و فەرهەنگی خۆی رژیم دیسان تووشی شکستێکی گەورە بووەتەوە. هەر بۆیە بۆ شاردنەوەی شکستەکانی لە کوردستان بەشێوەیەکی هستریک بە میلیتاریزەکردنی زیاتری کوردستان و مۆڵدانی هێزی زۆر و بۆریش نەوەستاوەو لە هەنگاوێکی نوێدا و لە 16ی خەرمانانی 1400ی هەتاوی محەمەدی پاکپور فەرماندەی هێزی وشکانی سوپای تیرۆریستی پاسدارانی رژیم دەستی بە هەڕەشە و چاوسوورکردنەوە لە ئەحزابی کوردستان کرد و داوای لە حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق کرد ئەو حیزب و سازمانانەی کوردستانی رۆژهەڵات کە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن دەربکەن دەنا بۆ خۆیان هێرشیان دەکەنە سەر. دوای دوو رۆژ لەو قسانە شەپۆلێکی نوێی هێرش بۆ سەر بنکەی ئەحزاب دەستی پێ کرد.
وێڕای ئەو هەموو هێزەی لە کوردستان مۆڵدراوە ترسی رژیم بۆچیە و بۆ لەم دۆخە ئاڵۆز و هەستیارەدا هێرش دەکاتە سەر ئەحزابی کوردستانی رۆژهەڵات؟ مەگەر رژیم هەموو کات نەیدەگوت حیزب و سازمانە کوردستانیەکان بووونیان نەماوە و کەس دوایان ناکەوێ؟
لە راستیدا رژیم بەم کردەوە هێستریکانەی لەلایەک پروپاگەندە و سەمپاشیەکانی کە ساڵانێکە لەسەر خەبات و شۆرشی کورد لە کوردستانی ئێران دەیڵێ وەدرۆ دەخاتەوە، لەلایەکی دیکە لەو راستیە حاڵی بووە کە بزوتنەوەی رزگاریخوازانە و ئازادیخوازی کوردستان لە دڵی تاک بە تاکی کوردستانیاندایە و هەتا کورد خاوەنی ئەو بزوتنەوەیە بێ بە ئیرادەیەکی زیاتر و پشت ئەستوورتر دیفاع لە شوناسی نەتەوەیی خۆی دەکات. بۆیە رژیم لەم دۆخەدا تەنیا دوورکەوتنەوەی ئەو بزوتنەوەیە لە سنوورەکانی کوردستانی رۆژهەڵات بە چارەسەر دەزانێ‌.ئەوەش دەرخەری ئەو راستیەیە کە لە دوای 40 ساڵ شکستی دەسەڵات لە داگیرکاری، هەوڵی گۆرینی دیموگرافیای کوردستان، پاکتاوی نژادی، فەرهەنگی و زمانی کورد، هێشتایش نەیتوانیوە قەبووڵی ئەو راستیە بکات کە بزوتنەوەی کوردستان لە دوور بێ یان نزیک ماڵی یەک بە یەکی کوردستانیانە و تەنیا مەرجەع و ئادرێسە کە خەڵکی کوردستان بیزانن و پشتی پێ ببەستن و هیچ دەسەڵات و سیستەمێکی سیاسیش ناتوانێ خەڵکی کوردستان و بزوتنەوە ئازادیخوازانەکەی لێکدابڕێ. هەروەها رژیمی ئێران لە هەرێمی کوردستاندا دوای کڵاوی بابردوو کەوتووە چوونکە بزوتنەوەی کوردستانی رۆژهەڵات جوێ لەوەی هۆی زیان و سەرئێشە نەبووە بۆ حکومەتی هەرێم بەڵکوو لە دڵی یەک بە یەکی دانیشتوانی هەرێمی کوردستاندا جێگەی گرتووەو ئەم هەوڵ و تەقەلایەی دیکەیشی هاوشێوەی پیلان و هەوڵەکانی پێشووی پێش لەدایکبوون لەبار دەچێ.


3 ساڵ و 1 مانگ و 17 ڕۆژ و 23 کاتژمێر و 49 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

پەلامارەکانی رژیم دووبارەکردنەوەی ئەزمونە شکستخواردوەکان!

پەلامارەکانی رژیم دووبارەکردنەوەی ئەزمونە شکستخواردوەکان!

په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

په‌یوه‌ندی گرتن


ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07506206655 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07504687209 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07504497138 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن ئوروپا     : 0767676746   (0046)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن ئوروپا       : 040331264   (0047)



په‌یوه‌ندی ئه‌له‌کترۆنی:



[email protected] 
[email protected]
xebatmedia@sazmanixebat.net
[email protected]om

ئۆرگانه‌کانی سازمانی خه‌بات


ڕێکخراوی ئافره‌تانی خه‌باتی کوردستانی ئێران 

ڕێکخراوی لاوانی خه‌باتی کوردستانی ئێران