سەروەری گەل شەهید تاهیر فەیزی
سازمانی خەبات و شۆڕشە مەزنەکەمان پێک دێت لە تەواوی چین وئێلە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگەی کوردستان. بزووتنەوەی نەتەوایەتی و نیشتمانی کوردستان جووڵانەوەێکی بەرینی هەموو لایەنەیە و سازمانەکەمان هەڵگری پەیامی گەلەو بە بێ لێکدابڕینی خەڵک و چین چین کردنیان، هەموو بەشەکانی خەڵکی کوردستانی بۆ نێو بزووتنەوەی نەتەوایەتی و نیشتمانی بانگهێشت کردووە. بە بێ جیاوازی لە خەڵکی ڕوانیوە و هیچ کات دژی چینێک بە قازانجی دەستەێکی دیکە کاری نەکردووە. کاکڵی خەباتمان ڕزگاری نەتەوە و نیشتمانە، لەسەر بنچینەێکی یەکسان و دادپەروەر کە مرۆڤ و مرۆڤایەتی تێیدا باڵادەست بێ. چەوسانەوەی ئەم تاقم بە دەست ئەو دەستە ڕەد کراوەیەو شۆڕشە پیرۆز وسەرکەوتووەکەمان بۆتە پاردە و شوورە لە بەرانبەر هێرشی هەر زوڵم وچەوسانەوەێکی چینایەتی کە ڕژیمە حاکمەکانی کوردستان خولقێنەرین. بەرنامە و کرداری سازمانەکەمان یەک بووە و بەهۆی پێبەند بوون بە بنەمای شۆڕش و ڕابوونی بزووتنەوەی نەتەوەیی ونیشتمانی و ڕەدکردنەوەی هەموو جۆرە هەڵاواردنێک، زۆرترین جەماوەر و خەڵکی کوردستانی لە دەووری خۆی کۆ کردۆتەوەو بە کرداریش سەدان کەس لە ڕۆڵە بوێر و بە ئەمەکەکانی خەڵکی کوردستان لە ڕێزی دیفاع و خۆڕاگری خەڵک لە بەرانبەر ڕژیم و تێکدەران ،لەسەنگەری بەهێزی سازمانی خەبات ئاڵاون وگیانی پیرۆزیان بەخشیوە. ڕژیمی ئاخوندی، هەموو هەوڵی خۆی داوە سازمان لاواز بکات و لەم ڕێگەوە لە هەموو چەکێک بۆ لەناو بردنی سازمانی خەبات کەڵکی وەرگرتوە. چەندین گروپی ترۆرستی ڕێک خستووە و لە ماوەی چەندین ساڵەی دەسەڵاتیدا، دەیان کردەوی ترۆریستی لە دژی سازمان ئەنجام داوە. هەوڵی ترۆری ئەندامانی داوە و بەداخەوە توانیویەتی زەربەی زۆر بوەشێنێ و لە قوڵایی کوردستانی باشور، عەمەلیاتی ترۆریستی لە دژمان بەڕێوە بەرێت.
جێگای داخە لە درێژەی ئەو پیلانگێڕیە ترۆریستیانەی ڕژیم دا، ڕۆژی شەممە سەعات 12ی نیوەڕۆ ٢٦/ڕەزبەری/ ١٣٧٦ ی کۆچی خۆری چەند ترۆریستی ڕژیم بە سواری ماشینێک، چەند پێشمەرگەو کادری تەداروکاتی سازمانی خەبات کە لە ماشینێکدا بوون، لە جادەی ئەسڵی سلێمانی- کرکوک، لە یەک کیلۆمیتری ناوشاری سلێمانی، بەر دەستڕێژی چەکەکانی خۆیان داو لە ئەنجامی ئەو کردەوە جینایەتکاریەدا پێشمەرگەیێکی قارەمان و خاوەن ئیمانی سازمان، بە ناوی کاک تاهیری فەیزی، خەڵکی شاری مهاباد بریندار بوو، بەهۆی کاریگەری برینەکەی، دوای هەوڵ و ماندووبونێکی زۆری دکتۆرەکان پاش پێنج سەعات و نیو، گیانی پاک و بەرزی فڕی بۆ ڕیزی کاروانی نەپساوەی شەهیدانی سازمانی خەبات.
شەهید تاهیر فەیزی کوڕی مستەفا لە ساڵی 1358 لە سیاقوڵی مەنگوڕایەتی لە دایک بووە. لە سەرەتای مانگی ١٣٧٦/٣ دا هاتە ڕیزی سازمانەوەو دوای تەواوکردنی دەورە جۆراو جۆرەکانی پێشمەرگایەتی بەسەرکەوتویی، لە ڕیزی پێشمەرگەدا سازمان درا. شەهید تاهیر لەو ماوە کەمەدا زۆر ئازایانە هەڵدەسۆڕا و کارەکانی بە چاکی ئەنجام ئەدا، بەڵام ماشێنی ترۆری ڕژیمی ئاخوندی، نەیهێشت زیاتر بژی و خزمەت بە سازمان و گەلەکەی بکات و لە کردەوەی ڕەشەکوژی و ترۆر کە پێناسەی ڕژیمی دیکتاتۆری ئێرانە، ئەویش بووە یەکێک لە قوربانیان وگیانی پیرۆزی بە نیشتمان بەخشی.
هەزاران سڵاو لەگیانی پاکی شەهیدانی سورخەڵاتی کوردستان