وەرزشوانێکی کورد تەلیسمی ئۆلەمپیکی بۆ ئێران شکاند
کیانووش ڕۆستەمی، وەزنەبەرداری کرماشانی توانیی یەکەمین میداڵی کاروانی وەرزشیی ئێران لە ئۆلەمپیکی ڕیۆ بە دەست بێنێت و ئەو تەلیسمە بۆ وەرزشوانانی ئێرانی بشکێنێت. لە ڕەوتی کێبڕکێکانی ڕۆژی حەوتەمی ئۆلەمپیکی ڕیۆ له وڵاتی برێزیل، وەزنەبەردارێکی کوردستانی، بە شکاندنی ڕێکۆردی دوو زەرب، توانیی میداڵی زێڕی ئۆلەمپیک بۆ خۆی مسۆگەر بکات. کیانووش ڕۆستەمی، لە کێشی ٨٥ کیلۆدا، لە حاڵەتی یەک زەربدا، ١٧٩ کیلۆ و لە دوو زەربدا، ٢٧١ کیلۆی بەرز کردەوە. ئەو وەرزشوانە کوردە، سەرەڕای بەدەست هێنانی میداڵی زێڕ، توانیی دوو ڕێکۆردی جیهانی و ئۆلەمپیکی لە حاڵەتی دوو زەربدا ببڕێت و ناوی خۆی وەکوو نوێترین ڕێکۆردداری ئەو ڕشتە وەرزشییە تۆمار بکات. کیانووش ڕۆستەمی تەمەن ٢٦ ساڵ، و لەگەڵ ١٠ وەرزشوانی دیکه، کاتژمێر ٢:٣٠ خولەکی ئەمڕۆ شەممە، ڕێکەوتی ٢٣ی گەڵاوێژی ١٣٩٥ی هەتاوی، ئەو ڕێکۆردەوی بۆ خۆی تۆمار کرد. میداڵی زێڕی ئەو وەرزشوانە کوردەی خەڵکی کرماشان، بە ١٦ـەهەمین میداڵی زێری مێژووی وەرزشیی ئێران ئەژمار دەکرێت. ئۆلەمپیکی ڕیۆ ٢٠ ١٦ی زایینی، بە بەشداریی ٢٠ ٧ وڵاتی جیهان لە وڵاتی برێزیل بەڕێوە دەچێت.
ورمێ: بەرپرسانی قەزایی ئێعدامی زیندانییەکی سیاسی کوردیان پشتڕاست کردەوە
محەممەد عەبدوڵڵاهی بە تاوانی ئەندام بوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەسێدارە درا. بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بە دەسەڵاترین کەسی دەزگای قەزایی لە شاری ورمێ، دووپاتی کردەوە کە ئێعدام کردنی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە بە هۆی تاوانی "محاربە"ەوە بووە. بە وتەی بەرپرسی گشتیی دادگوستەریی پارێزگای ورمێØ› محەممەد عەبدوڵڵاهی ئەندامی سازمانی "کۆمڵە"ی ئێران بووە. حەیدەری لە وتوێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی "میزان"، لە دەستەواژی "چد انقلاب و معاند" کەڵکی وەرگرت کە لە ئەدبیاتی سیاسیی حکوومەتی ئێراندا، ئاماژەیە بەو حیزبە و لایەنانەی کە دژبەری دەسەڵاتدارانی ئێستای ئێرانن. دووپات کردنەوەی "تاوانی ئەمنیەتی" و "جێبەجی کردنی حوکمی ئێعدام" لەلایەن تەوەکول حەیدەری لە کاتێکدایە، کە ماوەیەک پێش، عەلی جەلیلی، بەڕێوەبەری گشتیی زیندانەکانی پارێزگای ورمێ، ئێعدام کردنی زیندانییەکی سیاسیی کوردی لە شاری ورمێ ڕەت کردبووە. ڕۆژی سی شەممە ١٩ی گەلاوێژ، محەممەد عەبدوڵڵاهی، چالاکی سیاسی کورد کە لە مانگی ڕەشەممەی ٨٩ دەستبەسەر و خاکەلێوەی ١٣٩٣ی هەتاوی حوکمی ئێعدامەکەیان پێڕاگەیاندبوو، لە زیندانی ناوەندەی ورمێ ئێعدام کرا. بەپێی ڕاپۆڕتە بڵاوکراوەکان، محەممەد عەبدوڵڵاهی لە کاتی گواستنەوەی لە ژووری تاکەکەسیی ژمارەی ٦ەوە، هەتا شوێنی ئێعدام کرانەکەی، سروودی شۆڕشگیرانەی وتووەتەوە. هاوکات لەگەڵ ئەو زیندانییە کوردە ، لانیکەم چوار زیندانی دیکەش بە تاوانی پەیوەندییدار بە مادەی هوشبەر لە سێدارە دران.
دوو زیندانیی سیاسی کورد چارەنووسیان ناڕوونە
دوو زیندانیی سیاسی کورد، سەرەڕای تەواو بوونی ماوەی زیندانییەکەیان، هێشتا هەر لە زیندان ڕاگیراون. بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی کوردپا، دوو زیندانیی کورد بە ناوەکانی "یووسف کاکەمەمی و عەلی ڕەزا ڕەسووڵی"، پاش تەواوبوونی ماوەی زیندانییەکەیان، هەێشتاش لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێدان. یووسف کاکە مەمی، بە تاوانی هاوکاری لە گەڵ پارتی ژیانی ئازادی کوردستان(پژاک)، لە ڕێکەوتی ٢ی خەزەڵوەری ساڵی ٨٦ی هەتاوی، دەستبەسەر، و دادگای ئینقلابی شاری مەهاباد، ٩ ساڵ زیندانی بۆ ئەو هاووڵاتییە کوردە بڕیبووەوە. بەپێی بڕیاری بەشی بەڕێوەبەریی حوکمی زیندانی ناوەندیی ورمێ، ڕێکەوتی ئازاد کردنی ئەو زیندانییە کوردە، ٢٢ی گەلاوێژی ئەمساڵ ڕاگەیەنرابوو، بەڵام بە هۆی ساز کردنی دۆسیەیەکی نوێ بۆ ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، لە مانگی بەفرانباری ٩٤ەوە، هێشتا لە زیندان ڕاگیراوە. لە دوسیە سازیی نوێیدا، یووسف بە تاوانی نامە نووسین بۆ دەفتەری ڕێپورتێری تایبەت بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری ورمێ، بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو. هەروەها، عەلی ڕەزا ڕەسووڵی، پاش بەڕێوەچوونی کۆبوونەی پشتیوانی لە کچانی شیناوێ، بە تاوانی ئەمنیەتیی دژی تەناهیی نەتەوەیی، لە ڕێکەوتی ٥ی ڕەشەممەی ٩١ی هەتاوی دەستبەسەر، و لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری پیرانشارەوە بە ٤٢ مانگ زیندان حوکم داربوو. عەلی ڕەزا لە مانگی جۆزەردانی ٩٤ی هەتاوی، بە تاوانی ناڕەزایەتی لە شاری مەهاباد بە نیسبەت مردنی گوماناویی فەریناز خوسرەوانی، بەشداری لە مانگرتنی ٣٣ ڕۆژەی زیندانییانی سیاسیی مەحکووم بە ئێعدام ، و تاوانی پەیوەندییدار بە مادەی هوشبەرەوە، ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کراوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کراوە. عەلی ڕەزا لە ڕەنج نامەیەکدا، سەبارەت بە ناجێگربوونی باری تەندروستیی خۆی نوسیوویەتی: من نەخۆشم و سەرەڕای چارەسەری سەرەتایی، لەلای چەپی مێشکمەوە "تومور"ێک هەیە و کڵوکی لاقی ڕاستیشم بە تەواوەتی شکاوە.
کوڵبەرێکی ژن بە گوللەی هێزەکانی رژیم کوژرا
لەئەنجامی تەقەی راستەخۆی هێزە ئینتیزامییەکانی سەر بە پاسگای تورجان لە ژنانی کۆڵبەر، ژنێکی خەڵکی ناوچەی سەردەشت گیانی دا. بەپێی ئەو هەواڵەی بە زاگرۆسپۆست گەیشتووە، پاشنیوەرۆی پێنجشەممە 21ی گەلاوێژ هێزە ئینتیزامییەکانی پاسگای تورجان لە نزیک گوندی شاریکەند تەقە لە کاروانی کۆمەڵێک ژن دەکەن کە بۆ بژیوی ژیانیان کاری کۆڵبەری دەکەنو لەئەنجامدا ژنێکی تەمەن 36 ساڵ بەناوی ژاڵە قادرزادە کچی سەعید خەڵکی ناوچەی سەردەشت گیان دەدات. ئەمەش لەکاتێکدایە هەمان رۆژ لەکردەوەیەکی هاوشێوەدا کۆڵبەرێکی خەڵکی باشوری کوردستان بە ناوی بێژوان مستەفا، تەمەن 20 ساڵ خەڵکی گوندی شابەدین لە هەرێمی کوردستان، لەناوچەی بانە بە گوللەی راستەوخۆی هێزەکانی ئینتیزامی رژیمی ئاخوندی کوژرا.
دوو هەڵسوڕاوی کچ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە بێسەروشوێن کراون
دوو هەڵسوڕاوی کچ کە هەر کام بەجیا ماوەیەکە لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە رفێنراون، تا ئێستاش چارەنوسیان نادیارە. کچە کوردێکی تەمەن 22 ساڵەی بۆکانی بەناوی “مەنیژە فاتحی”، کە ماوەی زیاتر لە 5 مانگ لەمەوپێش لە لایەن ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستیگر کراوە تا ئێستا بێ سەروشوێنە و سەرەڕای سەردانی چەندین جارەی بنەماڵەکەی بۆ ناوەندە ئەمنییەکانی رژمی هیچ زانیارییەک لەسەر ناوبراو نەزانراوە. لەلایەکی ترەوە سەحەر فەیزی، کچە کوردی خوێندکاری بواری بەڕێوبەربەریی بازرگانیی زانکۆی تەورێز، کچی مستەفا و تەمەن ٢٤ ساڵان کە ڕۆژی چوارشەممە 23ی پووشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی، لەلایەن ئیتلاعاتی ڕژیم لە شاری سەقز دەستگیرو رەوانەی شوێنێکی نادیار کراوە کە تا ئێستاش چارەنوسی نادیارە.
سێ هاووڵاتیی عەرەب و بەلووچ دەستبەسەر کران
سێ هاووڵاتیی عەرەب و بەلووچ، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران. بەپێی هەواڵدەریی کوردپا، هێزە ئەمنیەتییەکان لە شاری ئەهواز، ڕۆژی هەینی ٢٢ی گەلاوێژ، دوو هاووڵاتیی عەرەبیان لە ماڵەکەی خۆیاندا دەستبەسەر کرد و بۆ شوێنێکی نادیار ڕایانگواستن. شوناسی ئەو دوو هاووڵاتییە عەرەبە، بە ناوەکانی "ڕەیاز بترانی" تەمەن ٢٠ ساڵە و "وەلید عوبیداوی" خەڵکی کوی عەبدوڵڵایی ئەهواز ڕاگەیەنراوە. دەگوترێ، برایەکی ڕەیاز بترانی، خەڵکی کوی عەلوی ئەهوازە و یەکێک لە کوژراوەکانی ڕوودوای پشێویی ئەهواز لە ساڵی ٨٤ی هەتاوییە، و ئەو بنەماڵەیە بە هۆی چالاکییەکانیان چەندین جارچەندین جار لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ئەهوازە دەستبەسەر کراون. هەواڵدەریی چالاکانی مافی مرۆڤی ئێران "هێرانا"، لەو بارەیەوە بڵاوی کردەوەØ› دایکی ڕیاز لەکاتی دەستبەسەر کردنی کوڕەکەیدا، دەستی کردەوە بە دروشمدان لە دژی هێزەکانی حکوومەتی و ئەمەش بووتە هۆی شکاندنی کەرەسە و پشکنینی ماڵەکەیان و ئەو باوکی ئەو زیندانییەش، دەستبەسەر کراوە. هەر لەو پەیوەندییەدا، هاووڵاتییەکی بەلووچ بە ناوی "ڕەحیم بەخش" کوڕی دڵگوش، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢١ گەلاوێژ، لە ناوچەی کوەون سەر بە شاری سەرباز، لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر کرا. ئەو هاووڵاتییە بەلووچە دوکاندارە و هەتا ئێستا هۆکاری دەستبەسەر کردنەکەی ناڕوونە.
خۆکوژی منداڵان لە ئیران مەترسیدار بووە
"هادی شەریعەتی"، زانای یاسا و چاڵاکی مافی مرۆڤی منداڵان، لە وتووێژێک لەگەڵ "ئیلنا"، هەواڵدەریی کاری ئێران، جەختی کردۆتەوە کەØ›"خۆکوژیی منداڵان لە ئیراندا، مەترسیدار بووە و ئازاری منداڵان، گوشاری سیستمی پەروەردە، پێکهێنانی ژیانی هاوبەشی زۆرە ملی، نەبوونی و نەداری، نادادپەروەری، لاسایی کردنەوەی دیمەنی ئێعدام، دەتوانێ بەشێک لە هۆکارە سەرەکیی و گرینگەکانی خۆکوژی لە نێوان منداڵان و مێرمنداڵان لە ئێران و بە تایبەتی لە ناوچە سنوورییەکان، بە ئەژمار بێت. بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، "محەممەدڕەزا مۆخبێر دێزفوولی"،سکرتێری شوورای ئینقلابی فەرهەنگی، لە دانیشتنێک لە گەڵ هەواڵدەریی "ئیسنا"دا، ڕایگەیاندووە کەØ› "بەپێی ئەو کۆبوونەوە و دانیشتنانەی کە لەگەڵ "عەلی خامنەیی" بوومانە، ئەم بابەتە بووەتە بابەتێک بۆ خەسار ناسیی کۆمەڵایەتی و دەبێ ڕاپۆرتێک سەبارەت بەم گیروگرفتە کۆمەڵایەتییە بنووسڕێت." بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئاماری گیرۆدە بووان بە مادەی هۆشبەر، لانیکەم سەدی ١١ی حەشیمەتی گشتیی وڵاتی پێکهێناوە، و بەداخەوە تەمەنی ڕووهێنان بە مادەی هۆشبەر، لە ئێران زیادی کردووە و ڕێژەی گیرۆدە بووان بە مادەی هۆشبەر لە نێوان ژنانیشدا بەرز بووەتەوە.
شاندێکی ئەمنی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی ئێران لە تاران کۆبووەوە
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێران، شاندە ئەمنییەکەی هەرێم ڕۆژی یەکشەممە، ٢٤ی گەلاوێژ لەگەڵ ئەنجومەنی ئاسایشی ئێران لە تاران کۆبوونەوە و باسی ئەوە کراوە،" ئەمنیەت لە سنوورەکان بۆ رژیمی ئێران هێڵی سوورە، و هێزە ئەمنیەتی و نیزامییەکانیان، بەتوندی ڕووبەڕووی چالاکییەکانی حیزبە کانیکوردستانی ئێران دەبنەوە. سکرتێری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئێران هەروەها وتوویەتی لەسەر هاوهەڵوێستی لایەنەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقێی یەکگرتوودا، ڕاشیگەیاندووە، "کە پاراستنی ئاسایشی سنوورەکان دەبێتە هۆی گەشەسەندنی پەیوەندییە ئابورییەکانی نێوان هەرێم و ئێران". هەر بەپێی هەواڵەکە، کەریم سنجاری سەرۆکی شاندە ئەمنییەکەی هەرێم لە کۆبوونەوەکەدا ئێرانی وەک دۆستێکی متمانەپێکراوی هەرێمی کوردستان ناوبردووە و ، رایگەیاندووە، "هەرێمی کوردستان ڕێگە بە ئاژاوەگێری هیچ گروپ و لایەنێک نادات لەسەر سنوورە هاوبەشەکانی نێوان هەرێم و ئێراندا".
سپای پاسداران تەقەی لە هاووڵاتییەکی کورد کردووە
هاووڵاتییەکی کورد لە ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ، لەلایەن هەنگی سنووریی سپای پاسدارانەوە تەقەی لێ کرا. بەپێی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی ڕابردوو، ٢٣ی گەلاوێژ، هاووڵاتییەکی کورد لە ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ، کەوتە بۆسەی هێزە چەکدارەکانی سپای پاسدارانەوە. ناسنامەی ئەو کەسە سڤیلە، ڕەزا ئایینی، لە دانیشتووانی گوندی ""چریکێباد"ی سیلوانا ڕاگەیندراوە. لە ڕاپۆرتی گەیشتوودا هاتووە، ناوبراو دوو گوللەی بەر لەگەن و زگی کەوتووە و بە توندی بریندار کراوە، و ئێستا لە نەخۆشخانەی "خومەینی"ـی ورمێ لە کۆمادایە. لەدرێژەی ڕاپۆرتەکەدا، باس لەوە کراوە کە ڕەزا هیچ چەشنە کەلوپەل و بارێکی پێ نەبووە و تەنیا وەک کەسێکی ئاسایی سەردانی خزم و کەسی لەو ناوچەیە کردووە. هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئێران، لە ناوچەکانی کوردستان، بە بیانووی " مأموریت مرزبانی" خەڵکی سڤیل دەدەنە بەر دەستڕێژی گوللە و زۆرجاریش گیان دانی هاووڵاتییانی کوردی لێ دەکەوێتەوە.
حکومەتی کوەیت: ١٠ هاووڵاتی ئێرانیمان دەستگیر کردووە ویستویانە بێنە کوەیتەوە
وەزارەتی ناوخۆی کوەیت ئاشکرایکرد،ئەمڕۆ ١٤ی ئابی ٢٠ ١٦ دە هاووڵاتی ئێرانیان دەستگیرکردووە کە ویستوویانە لە ڕیگەی دەریاوە و لە ناوچەی ئەبو حەسانیەی خۆرئاوای وڵاتەوە بێنە کوەیتەوە. بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەیوەندییەکانی وەزارەتی ناوخۆی کوەیت بڵاویکردەوە، ئەو کەسانە لەلایەن تیمی چاودێری هێزەکانی پاسەوانی سنوری دەریایی کوەیت بیراون و دەستگیر کراون.وەزارەتی ناوخۆی کوەیت بڵاویکردەوە، ئەو کەسانە لە ڕیگەی بەلەمێکەوە خۆیان گەیاندووەتە کەنارەکانی ناوچەی ئەبو حەسانیە ، کاتێک لەلایەن هێزەکانی پاسەوانی دەریایی ناوچەکەوە پێیانزانراوە بە بەلەمەکەیانەوە هەڵاتوون، بەڵام دواتر سەرجەم دەستگیرکراون.وەزارەتی ناوخۆی کوەیت جەختیکردەوە، یەکێک لەو هاووڵاتییە ئێرانیانە لەکاتی دەستگیرکردنی بەرگری کردووە و پابەند نەبووە بە ڕێنمایی و فەرمانی هێزەکانی پاسەوانی دەریایی ناوچەکەوە و برینداربووە، دواتر سەرجەمیان ڕەوانەی لایەنی پەیوەندار کراون بۆ لێپرسینەوە و گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی لە دژیان.ناوبەناو لە سنورە دەریاییەکانی کوەیت و چەند دەوڵەتێکی دیکەی کەنداو، بەهۆی پێشێلکردنی سنوری دەریایی ناوچەکەوە، تا ئێستا چەند جارێک ڕاوچی ماسی ئێرانی دەستگیر کراون، دوای لێکۆڵینەوە و هەماهەنگی لەگەڵ هێزە دەریاییەکانی ئێران لە کەنداو ئازاد کراون.
لەبارەی شەڕی میحوەرەکانی خازر و گوێر حکومەتی هەرێم پەیامێکی بڵاوکردەوە
حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و پیرۆزبایی سەرکەوتنی هێزەکانی پێشمەرگە لە میحوەرەکانی خازر و گوێر دەکات. سەفین دزەیی وتەبێژی حکومەتی هەرێم ئەمڕۆ ١٤ ی ئابی ٢٠ ١٦ پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، سەربەرزن بەو سەرکەوتنانەی هێزی پێشمەرگە لەبەرەکانی جەنگ لە هەردوو میحوەری خازر و گوێڕ تۆماریان کرد.وتەبێژی حکومەتی هەرێم ڕاشیگەیاندوە، پێشمەرگە هەمیشە کاریگەرترین هێزی شەڕکەر بووە لە جەنگی دژی داعشدا و پیرۆزبایی گەرم لە سەرکەوتنەکان دەکات.لە هێرشەکانی هێزەکانی پێشمەرگەدا لە میحوەرەکانی خازر و گوێر بۆسەر چەکدارانی داعش و توانیویانە ٩ گوندی ناوچەکە کۆنتڕۆڵبکەنەوە و تائێستاش دوو پێشمەرگە شەهیدبوون و ژمارەیەکی دیکەش لە ڕوبەڕوبوونەوەکاندا برینداربوون.سیروان بارزانی ووتی: ئەمە یەکەمینجارە تۆپخانەکانی هاوپەیمانانیش هاوکارمان بوون جگە لە فرۆکەکانی هاوپەیمانان". سیروان بارزانی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کە ڕەنگە هەتا کاتژمێرێکی تر تەواوی گوندەکان کەبەرنامەمان بۆ دانابوو کۆنتڕۆڵ بکەینەوە.ئەوە لەکاتێکدایە ئۆپراسیۆنەکە لە کاتژمێری پێنجی بەرەبەیانی ئەمڕۆوە دەستیپێکردووە و پێشمەرگە بەرنامەی هەیە ١١ گوند لە میحوەری گوێڕ و خازر کۆنتڕۆڵ بکەنەوە.
حەوت هۆکار بۆ خواردنی خەیارێک ڕۆژانە
پزیشکان و پسپۆڕان ئاماژە بەوەدەکەن کە پێویستە لیستی خۆراکەکانی ژەمەکانی ڕۆژانەت بێ خەیار نەبێت، بەهۆی بوونی حەوت هۆکاری گرنگ لە پێکهاتەی خەیاردا، ئەگەر دەتەوێت تەندروستیەکی گونجاو هەبێت.
1-خەیار بە ڕێژەی لە %95 ئاوی تێدایە، ئەمەش هۆکارێکە بۆ پاراستنی ئاستی شلەمەنی لە لەشدا.
2-بەهۆی پێکهاتەی ڕیشاڵیەکان لە خەیاردا، باشترین یارمەتیدەر و هۆکارە بۆ دابەزاندنی کێش و نەهێشتنی قەڵەوی.
3-بڕێکی زۆر لە پێکهاتە و ماددەی خۆراکی سودبەخش وەک ڤیتامین سی و بی لە خەیاردا هەیە، باشترین سەرچاوەن بۆ تەندروستی لەش.
4-کالسیۆم و کانزا و مەگنسیۆم و فۆسۆفۆڕ ماددەیەکی خۆراکی سوودبەخشن بۆ ئێسک و ماسولکەکان، ئەم ماددەیەش یەکێکە لە پێکهاتەکانی خەیار.
5-خەیار چارەسەرێکی زۆر باشە بۆ نەخۆشی شەکرە و هۆکارێکە بۆ دابەزاندنی شەکری خوێن.
6-کرداری هەس خێرادەکات چونکە ئەنزیمی ئیریبسنی تێدایە، کە باشترین هۆکارە بۆ هەرسکردنی پێکهاتە خۆراکە پڕۆتینیەکان.
7-لەگەڵ هەموو ئەو سوودانەدا، خەیار سەرچاوەیەک بۆ جوانکاری، خواردنی هۆکارێکە بۆ گەشانەوە و شێداری پێست و دەتوانیت وەک ماسکێک لەگەڵ هەنگویندا بەکاریبهێنیت بۆ پێست، یاخود بۆ لابردنی ڕەشیەکانی ژێر چاو یان چرچیەکانی دەوری چاو پارچەیەک خەیار بخەیتە سەر چاوەکانت بۆ ماوەی چەند خولەکێک.