کۆبوونەوەیەکی گشتی بۆ ئەندامانی ئوروپای سازمانی خەبات لەلایەن رێکخستنی دەرەوە بۆ بەرێز کاک بابەشێخی حوسەینی سکرتێری گشتی سازمانی خەبات بە شێوەی ئونلاین بەرێوەچوو.
رۆژی یەکشەممە 2ی خەزەڵوەری 1400ی هەتاوی، رێکخستنی دەرەوەی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران کۆبوونەوەیەکی گشتی بۆ ئەندامانی ئوروپای سازمان بەرێوەبرد کە تیایدا کاک بابەشێخی حوسەینی سکرتێری گشتی سازمانی خەبات باسێکی سیاسی پێشکەش کرد.
لەو کۆبونەوەدا کاک بابەشێخ بە لێکدانەوە لەسەر دۆخی نوێی جیهان و ناوچەکە و ئێران و کوردستان پێشکەش کرد.
لە پێوەند بە دۆخی جیهانی، وتی: لە چەند ساڵی رابردوودا بەهۆی دروستبوونی چەند جەمسەر و هاتنەپێشەوەی زلهێزی نوێ و کاریگەریان لەسەر کۆی پرس و رووداوەکان و بەرژەوەندیخوازی ئەو زلهێزانە وای کردوە پێوەندی و هاوکێشە سیاسیەکانی جیهان لە داهاتوودا روون نەبێ. بەتایبەت لە دوای پەلکێشانی چین وەکوو زلهێزێکی ئابووری و سیاسی و سەربازی نوێ و پاشەکشەی ئەمریکا لە بەرنامە و سیاسەتەکانی پێشووی و پشتکردنی لە هاوپەیمانەکانی ئاسۆی داهاتووی جیهانی زیاتر تەمومژاوی کردوە.
بەرێز سکرتێری گشتی سازمان لە پێوەند بە وشکەساڵی و کەم ئاوی کرد کە یەکێکە لە کێشە جیددیەکان کە بەرۆکی جیهانی گرتووەو لەو پێوەندەشدا ئێران کە خاوەن سەرچاوەی ئاوی زۆر بوو لە ئێستادا رووبەرووی کێشەی ئاوی خواردنەوە و کەم ئاوی بوون و بەشێکی زۆری سەرچاوەکان بەهۆی سیاسەتی هەڵەی دەسەڵات تووشی قەیران و کەمی و وشکبوون هاتوون.
پەتای کرۆنا و گرفتەکانی یەکێکی دیکە لە تەوەرەکانی باسەکەی کاک بابەشێخ بوو کە ئیشارەی بە سیاسەتی هەڵەی رژیمی ئێران لە راست کرینی واکسین و بریاری خامنەیی بۆ ئەوەی واکسینی کرۆنای دەرەکی رێگەی پێنادرێ، بووە هۆی ئەوەی کرۆنا لە ئێران و کوردستاندا قوربانی زیاتر بگرێ و رێژەی مردن بەهۆی کرۆناوە بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووتەوە کە دەسەڵاتدارانی رژیم ئیشارە بەوە دەکەن کە قوربانیەکانی کرۆنا لە ئێران زۆر زیاترە لەو ئامار و ئەرقامانەی ناوەندە فەرمیەکانی دەسەڵات رایدەگەیەنێ.
لەپێوەند بەدۆخی کوردستان و نەتەوەی کورد کاک بابەشێخ وتی: دۆخی خەڵکی ئێران بەهۆی گەندەڵی دەسەڵاتداران و پشتگوێ خستنی پارێزگا و ئوستانەکانی کوردستانی ئێران، هەژاری، بێکار و قەیاری زۆری کۆمەڵایەتی داوێنی خەڵکی کوردستانی کردووە. رژیم زیاتر لە پێشوو دۆخی کوردستانی ئەمنیەتیتر و سەربازی کردووەو رۆژانە شاهیدی گرتنی چالاکانی ناوخۆ و کوشتنی بێ رەحمانەی کۆڵبەرانین.
لە کۆتایی باسەکەیدا بەرێزیان ئیشارەی بە دۆخی سازمانی خەبات و ئەرکە سیاسی تەشکیلاتیەکانی زیاتر بۆ ئەندامان و بەشدارانی کۆبوونەوەکە روون کردەوەو داوای لە بەشداران و بەگشتی ئەندامانی سازمانی خەبات کرد کە زیاتر لە رابردوو ئەرک و راسپاردە سیاسی و تەشکیلاتیەکان بەرێوەبەرن.
لە دوای باسەکەی کاک بابەشێخ بەشێکی بەرچاو لە بەشداربووان بە پرسیار و رەخنەی و پێشنیار کۆبوونەوەکەیان زیاتر دەوڵەمەند کرد.
کۆتا بڕگەی کۆبوونەوە گشتیەکەی رێکخستنی دەرەوە تایبەت کرا بە وەڵامدانەوەی پرسیار و رەخنەکان لەلایەن کاک بابەشێخی حوسەینی.