بەندکراوێکی سیاسی لە بەندیخانەی ئەوینی شاری تاران، خۆی سووتاندووە.
مێهدی دارینی چالاکی سیاسی لە بەندیخانەی ئەوینی تاران، لە دژکردەوەدا لەبەرانبەر ڕێگری بەرپرسانی ئەمنی و دادوەری ڕژیم بۆ نەهێشتنی ئازادی بەشەرتی ناوبراو و هەروەها بێ ئاکامی و گوێ نەدان بە خواست و ناڕەزایەتیەکانی، ڕۆژی چوار شەممە، خۆی سووتاندووە و لەدوای کوژاندنەوەی لەلایەن چاودێران و بەندکراوانی ئەو بەشەوە، گوازراوەتەوە بۆ دەرمانگای بەندیخانە.
هەواڵی خۆ سووتاندنی مێهدی، چەند حەوتوو دوای ڕووداوەکەی شاهین ناصری، ئەو بەندیەی کە لەپێوەند بە شکەنجەدانی نەوید ئەفکاری شایەدی دابوو وە لە ژووری تاکە کەسی زیندانی تاران گیانی سپارد، بڵاوکرایەوە.
کەیوان سەمیمی، لە پەیامێکدا کە لە کاناڵە تلگرامیەکەی دا بڵاوی کردۆتەوە، دەڵێت کە نیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە 5ی خەزەڵوەر، مێهدی دارینی کە زیاتر لە دوو ساڵە بەند کراوە، لە دوای هەوڵی چەند مانگەی و ناڕەزایەتیەکانی پێشووی، لە کۆتاییدا بە بێ هیوایی هەوڵی خۆ سووتاندنی داوە، بە وتەی کەیوان سەمیمی، مێهدی دارینی چەند ڕۆژ پێش بەرپرسانی پەیوەندیداری ڕژیمی لە زیندانی ئەوین ئاگادار کردبۆوە و پێی ڕاگەیاندبوون کە ئەگەر لێکۆڵەری پەروەندەکەی جوابی داواکاریەکانی نەداتەوە، خۆی دەسووتێنێت، ناوبراو هەروەها وتی مێهدی دارینی سەربەخۆ چالاکی سیاسی دەکرد، بۆیە حوکمی چەند ساڵ بەندکردنی بۆ دەرکراوە و هەندێک لە بەرپرسانی ئەمنی و دادوەری ڕژیم پێشیان بە جێبەجێ کردنی ئازادی بەشەرتی ئەو زیندانیە سیاسیە گرتووە.