بهختیار عهزیزی
زۆر جار بە کار هێنانی ئەو قسەو ڕستە بە زاهیر جوان و لە ناوەرۆکدا بێ بنەمایەی( ووت وێژ) لە گەڵ ڕژیمی ئێران، که دهوترێ یەکێکە لە ڕێگاکانی شۆڕش و سیاسەت بۆ گەیشتن بە مافە زەوتکراوەکان، دەبیستین و دەبینین. باسی ووت وێژ لە گەڵ ڕژیمی ئاخوندی شەڕخواز و دژ بە ئاشتی، بە داخەوە لە لایەن ژومارەیەک لە جەرەیانەکانی کوردستانی ئێران دووپات دەکرێتەوەو وەک فاکتۆرێکی سووتاوی پڕوپاگەندەیی بە فاکتۆر دەکرێ کە لە ڕاستیدا لە هیچ بارێکەوە ناچێتە خانەی لۆژیک بەراوردی هەڵسەنگێندراوی سیاسی و هەورەها دوورە لە واقعی دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئاخوندەکان، واقعیەت و ڕاستیەک کە دوژمنایەتی ئەو دەسەڵاتە لە گەڵ هەر ڕەوت و چوارچێوەێکی ئاشتیخوازانە جوداناکرێتەوە. خەڵکی کوردستان و نوێنەرانی خەڵکی کورد هەر لە سەرەتای هاتنە سەر دەسەڵاتی خومەینی و هاوکارانی داوایان لەو دەسەڵاتە کرد مافەکانی خەڵکی کوردستان لە چوارچێوەی ئێراندا بە ڕەسمی بناسێ و پەیامی ئاشتیخوازی خەڵکی کوردستان بە هێند وەربگرێ، بەڵام خومەینی و هاوکارانی نەک بایەخیان بە داوای ئاشتیانەی گەلی کوردو نۆێنەرانی نەدا، بەڵکو خومەینی فەرمانی جیهادی بۆ سەر خەڵکی کورد ڕاگەیاند و هێزە چەکدارەکانی دەسەڵات بە توندترین شێوە هێرشیان کردە سەر کوردستان، کە تا ئێستاو پاش ٤٢ ساڵ بۆ سەر کوردستان و گەلی کورد درێژەی هەیەو، هەزاران هاونیشتمانی کورد لە لایەن پاسدارو هێزە سەرکوتگەرەکان شەهید کراون و هەزاران هاونیشتمانی کورد لە زیندانەکانی ڕژیم شکەنجەو ئازار دەدرێن.
شک لەوەدانیە کە خەڵکی کوردستان ئاشتیخوازە، لە بەرانبەریشدا شک لەوەدانیە کە جهماوهری کورد سەر بۆ ستەمگەران نەوی ناکات. هەر بە پێ ئەو دوو بنەما سەرەکیانە خەڵکی کوردستان ئامادە نیە سەر بۆ دەسەڵاتێک نەوی بکات کە لە ماوەی حوکمڕانیدا بەردەوامە لە سەرکوت و چەوسانەوەی و هەوڵ بۆ لە ناوبردنی کوردستان و پێکهاتەی نەتەوەیی بدات.
بەو پێناسەی لە دەسەڵاتی ئاخوندی هەیەو بە کارنامەی زیاتر لە چوار دەیە شەڕخوازی و پێشێلکردنی هەموو بنەما ئینسانی و قانونی و تەنانەت ئایینیەکان و بە سەرکوتی گەڵاڵە بۆ داڕێژراوی نەتەوەکان، ئافرەتان،لاوان،کەمایەتیە ئایینیەکان، و هەموو باوەڕەکان لە ئێرانداو سوور بوونی دەسەڵات لە سەر چەوسانەوەی خەڵک لە ئێران و بەرپەرچدانەوەی هەموو ڕەوتێکی سیاسی و چالاکی مەدەنی و .........هتد. ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە کە ئاخۆ باس لە ووت وێژ لە گەڵ ڕژێمێکی تا بینەقاقە جینایەتکارو درندەو دژ بە سەرەتایی ترین ماف و ئازادی، دەچێتە خانەی ئاشتیخوازی؟ ئەگەر بە شێوەێکی کورت وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە بێگومان وەڵامەکەی ئەوەیە کە دڵخۆش کردن بە ووت وێژو دانوستان لە گەڵ ئەو ڕژیمە پێچەوانەی ئامانجی ئاشتیخوازی و ماف و ویستیه و تەنیاو تەنیا ڕژیمی دیکتاتۆری و دژی کورد و دژی ئینسانی ئاخوندەکان بە قازانجی خۆیان کەڵکی لێ وەردەگرن، هەر وەک تا ئێستا کەڵکیان ڵی وەرگرتوە.
ئەو لایهنه سیاسیانەی لە کوردستانی ئێران بانگەواز بۆ ووت وێژ لە گەڵ ڕژیم بڵاو دەکەنەوە، دەبێ بزانن بانگەوازەکەیان دەبێتە فاکتۆر و فاکتەرێک کە ڕژیم بۆ زەربەت لێدانی زیاتر لە جوڵانەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان و هێزە تێکۆشەرەکانی کەڵکی لێ وەرەگرێ، هەر وەک لە ووت وێژو دانیشتنەکانی ڕابردوو لە گەڵ ڕژیم بەرپرس و سکرتێری لایەنی کوردستان شەهید کران و ڕژیم توانی کاری خۆی بکات. ئەو لایەنانەی دڵخۆش بوون بە ووت وێژ، دەست بە تاڵ بوون و زیانیان کرد. لە کۆتاییدا پێویستە ئاماژە بەو ڕاستیە بکرێ کە ڕژیمی ئاخوندی لە هێنانه گۆڕی ووتوێژ، تەنیا یەک ئامانجی هەیە کە ئەویش تەسلیم بوونی ئەو لایەنانە دەبێ کە ووت وێژی لە گەڵ دەکەن، بەو پێ یە ئەگەر ئامانج لە ووت وێژو دانوستان تەسلیم بوونە هەر وەک ڕژیمی ئاخوندی مەبەستیەتی، دەڵێم پیرۆزتان بێ ئەو دەستکەوتە.