هەواڵدەری فەڕانسە دەڵێت، ڕژیمی ئێران پلەی یەکەمی هەیە لە ئێعدامکردنی ئافرەتان لەجیهاندا.
هەواڵدەری فەڕانسە 24ی سەرماوەزی 1400، نووسی: لەماوەی ساڵی ڕابردوو لە ئێران زیاتر لە 12 ئافرەت لە لایەن ڕژیمەوە لەدار دراون، ئەم بابەتە نیگەرانیەکانی لەپێوەند بەوەی کە سیستمی دادوەری ڕژیم بێ لەبەرچاو گرتنی دۆخی کۆمەڵایەتی، دەستی داوەتەوە کوشتن و لە داردان وەک سزا، زیاد کردووە.
ناوەندەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن، زۆربەی ئەو ئافرەتانەی لەساڵەکانی ڕابردوو لە ئێران لە دار دراون تۆمەتی کوشتنیان خراوەتە پاڵ.
هەر بەپێی زانیاریەکانی ئەو ڕاپۆرتە، لە ساڵی ڕابردوو لانیکەم 15 ئافرەت لە دار دراون و لە ساڵی 2010 هەتا ئێستاش ژمارەی لەسێدارەدانی ئافرەتان گەیشتووەتە زیاتر لە 170کەس.
یەکێک لە خراپترین پەروەندەکانی ساڵەکانی پێشوو لە داردانی ڕێحانە جەباری تەمەن 26 ساڵ لە ئۆکتۆبەری ساڵی 2014 بوو، کە بە تۆمەتی کوشتنی ئەفسەرێکی پێشوی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕژیم کە هەوڵی دەستدرێژی کردنی بۆ سەر ڕێحانە جەباری دابوو، حوکمی لە داردانی بۆ دەرچوو.
ڕێحانە جەباری باسی لەوە کردبوو کە بە مەبەستی دانپێدانانی زۆرەملێ ناوبراویان شکەنجە کردووە، و دواجار لەگەڵ ئەوەی کە کەمپینێکی نێو دەوڵەتی بۆ پشتیوانی ڕێحانە جەباری پێک هێنرابوو، بەداخەوە ناوبراو لەلایەن ڕژیمی ئێران، لەسێدارە درا.