خومەینی، لە دوای سەرکەوتنی راپەرینی گەلانی ئێران دژ بە رژێمی شا، بە پێچەوانەی هەموو وەعدو بەڵێنەکانی رژێمێکی دواکەوتوو و کۆنەپەرەستی لە نەوعی ئاخوندی و نادیموکراتتر لە رژێمی پێشووی دامەزراند و دەستی دایە خۆسەپاندن و بەرفراوان کردنی دەسەڵاتی رژێمەکەی.
خومەینی، لە دوای سەرکەوتنی راپەرینی گەلانی ئێران دژ بە رژێمی شا، بە پێچەوانەی هەموو وەعدو بەڵێنەکانی رژێمێکی دواکەوتوو و کۆنەپەرەستی لە نەوعی ئاخوندی و نادیموکراتتر لە رژێمی پێشووی دامەزراند و دەستی دایە خۆسەپاندن و بەرفراوان کردنی دەسەڵاتی رژێمەکەی.
خەڵکی کوردستانیش کە بە هومێدی کۆتایی هێنان بە زوڵم و ستەم و هاتنەدیی مافە نەتەوەییەکانی بەشداری شۆرش و راپەرینی دژ بە رژێمی شای کرد، و لە دوای روخانی ئەو رژێمەش دەستی بە سەر ناوچە کوردستانیەکاندا گرت و کاری لە سەر خەونەکانی چەندین ساڵەی دەکرد و جۆرە ئازادیەکی نیسبی و رێژەیی کردبووە بنەمای ئەو کۆمەڵگە نوێ یە. بە دامەزرانی حکومەتی نوێ لە ناوەند، گەلی کورد هەر زۆر زوو کەوتە خۆ بۆ ئەوەی داوا نەتەوەییەکانی خۆی بە دەسەڵاتداران بگەیێنێ و چارەسەری پرسی نەتەوەیی خۆی لە رێگەی دیالۆگ و ئاشتیانەوە بکا.
بەڵام ئەوەی کورد بیری لێ دەکردەوە و کاری بۆ دەکرد لەلایەن سەرانی ئەو دەسەڵاتەوە بە مەترسی بۆ سەر بیر و ئەندێشەی کۆنەپەرستانە و دواکەوتوویان حیساب دەکرا، بۆیە هەر زوو کەوتنە خۆ و دەستیان کرد بە بیانوو گرتن بە کوردو لە ژێر ناوی جۆراوجۆر لە کوردستاندا کێشە و ئاژاوەیان دەخولقاند.
ئەگەر چی لەو ماوەدا بە رواڵەت خۆیان وانیشان دەدا کە دەیانەوێ لە کورد حاڵی بن و پەیتا پەیتا وەفد و هەیئەت و نوێنەریان بۆ کوردستان دەنارد، بەڵام زۆر زوو ئەو راستیە دەرکەوت کە خومەینی و هاوباوەڕانی تەنیا حوکمەتی ئیسلامی لە نەوعی ئاخوندیان (ویلایەتی فەقیە) قەبووڵەو لەوەش زیاتر رێگە بە بیروباوەری دیکە نادەن. هەر لەو کاتەدا بوو کە مونتەزیری جێگری خومەینی لۆمەی مامۆستا شێخ عزەدینی دەکرد و دەیگووت: شێخ عزەدین لە کوردستان قەڵەمی ئازاد کردوە! ئازادی قەڵەم و رادەربڕین لە کوردستان لای ئاخوندان بە تاوان حیساب دەکرا.
ئاخوند خومەینی لەگەڵ کوردا دوو کێشەی گەورەی هەبوو ئەویش ئەوە بوو کە باوەڕی بە مەسەلەی نەتەوەیی نەبوو هاوکات ئازادیەکان بەلای خومەینیەوە بە بەڵا و مەترسیدار دەبیندرا. وە ئەو ئاخوندە بەهیچ شێوەیەک سەری سازانی لەگەڵ ئەو دوو مەسەلەدا نەبوو.
بۆ گرتنی کوردستان و کۆتایی هێنان بە مەترسیەکانی سەریان خومەینی لە 28ی گەلاوێژدا لە فتوایەکی دوور لە ئوسوول و ناشەرعی فەرمانی بە هێزەکانی ژێر دەستی کرد کە هێرش بکەنە سەر کوردستان و بە قەولی ئەو، کۆتایی بە غائیلەی کوردستان بێنن. بەو فەرمانەی خومەینی هەرچیی پاسدار و چەقۆ کێش و مێشکرزیوی ناوچەکانی دیکەی ئێران بوو هێنرانە سەر کوردستان و شەلم و کوێرم ناپارێزم پەلاماری شار و ناوچە جیاجیاکانیان داو ئەوەی خوا پێی خۆش نەبوو لەگەڵ خەڵکی موسڵماندا ئەنجامیان دا. لە زۆر ناوچەی وەک قارنا و قەڵاتان و سارۆقامیش و وسووکەند و... کوشتاری بەکۆمەڵیان کرد و رەحیان بە منداڵی سەر بێشکەش نەکرد. لە زۆربەی ناوچەکانی دیکەی وەک پاوەو جوانرۆ، سنە، سەقز، بۆکان و... بە پۆل لاوان و ژن و منداڵ و پیریان بە فەرمانی قازیەکانی شەرع! بردە مەیدانەکانی تیرباران و بەشێوەیەکی زۆر جینایەتکارانە بە پلەی شەهادەتیان گەیاندن.
ئەوەی خومەینی کردی فەرمانێک بوو کە پێچەوانەی دەستووراتی ئیسلامی و ئینسانی بوو، فەرمانێک بوو کە لەلایەن کەسێکی خوێنرێژ و بە بیرۆکەیەکی نا مرۆڤانەوە دەرا، چوونکە بە پێی دەستووراتی ئیسلامی فەتوای جیهاد بۆ هیچ نەتەوەیەکی موسڵمان نادری و رێگە پێدراو نیە، لەلایەکی دیکەوە چ لە یاسا ئاسمانیەکان و چ لە قانوونە زەوینیەکاندا مرۆڤ ئەوندە بەرز و پیرۆز نرخێندراوە کە ناکرێ بە هیچ بیانوویەک تاوانی ئاوا قێزەون و بێ بەزەییانەی بەرامبەر ئەنجام بدرێ.
لە بەرامبەر زێدەخوازیەکانی خومەینی و حکومەتەکەی خەڵکی کوردستان بریاری بەرگریان لە خاک و نیشتمانی خۆیان داو لێبراوانەو بۆ وەدەر نانی داگیرکەری نوێ ئامادەی هەموو قوربانیەک بوون، ماوەی شەڕی سێ مانگەدا ئەگەر چی رێکخستن و هەماهەنگی و نەزم و نیزامێکی ئەوتۆ نەبوو، بەڵام بەسەر ئەوەشدا چەندین داستانی قارەمانانە تۆمار کران کە دەکرێ یەک لەو داستانانەی کە کاردانەوەی سیاسی و سەربازی هەبوو بیر بێنینەوە ئەویش حەماسەی بەرگری و قارەمانەتی هێزەکانی پێشمەرگەی دەفتەری مامۆستا شێخ عزەدین (سازمانی خەبات) بە سەرکردایەتی مامۆستا سەید جەلالدینی حوسینی لە 10ی خەزەڵوەردا بوو کە هێزێکی پۆشتەی 700 کەسی رژێمی لە پێچەکانی کەوپێچ تا دەروازەی شاری بانە تەفرو تونا کرد و بەوەش رژێمی خومەینی ناچار کرد کە پاشەکشە بکاو ئاگر بڕ لەگەڵ کورد رابگەێنێ.
فەرمانی جیهادی خومەینی خوێنرێژ لە 28ی گەلاوێژداو ئەو تاوان و ناحەقیانەی هێزە سەرکوتگەر و چەقۆ کێشەکانی رژێم وەک پەڵەیەکی رەش لە مێژووی دەسەڵاتی نگریسی ئاخونداندا تۆمار کراوەو نەوە دوای نەوەو جیل لە دوای جیلی نەتەوەی کورد و نەفرین دەنێرن بۆ بڕیاردەر و بکەرانی ئەو تاوانە. کاری بەجێ و دروست ئەوەیە کە بدواداچوونی جیددی بۆ خەسارەتە هەمە لایەنەکانی فتوای جیهاد دژ بە نەتەوەی کورد و داسەپانی شەڕی ماڵوێرانکەری 3 مانگە بە سەر کوردستاندا بکرێ و ئەو کردەوە قێزەوانەی هێزەکانی رژێم لە کوردستان و کوشتاری خەڵکی سڤیل و بێ تاوان بە جینۆسایدی نەتەوەیەکی ژێردەستە و ماف پێشێلکراو بناسرێ.