بە بۆنەی یادی لە دایک بوونی حەزرەتی عیسا مەسیح و هاتنی ساڵی نۆێ زایینی گەرمترین پیرۆزبایی بە هاونیشتمانیانی مەسیحی لە کوردستان و ئێران وجیهان پێشکەش دەکەم.
لە کاتێکدا یادی لە دایک بوونی حەزرەتی عیسا بەرز ڕادەگرین و ساڵی نۆێ 2022 جێژن دەگرین کە خەڵکی ئێران بە تێکڕاو جەماوەری کورد لە کوردستانی ئێران لە خراپترین هەلومەرجی سیاسی، ئابوری و کۆمەڵایەتیدان و دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئاخوندی ژیانی ئاسایی لە جەماوەری ئێران تێکداوەو ئێرانی کردۆتە زیندانێکی بەرین بۆ خەڵک و هیچ سنوورێکی لە جینایەتکاریدا نەهێشتۆتەوە.
ئیعدامی هاونیشتمانیانی کورد تەنیا بە تاوانی کورد بوون درێژەی هەیەو لە سەرانسەری ئێرانیشدا شکەنجەو زیندانی کردنی خەڵک و تێکۆشەران درێژەی هەیە، بە تایبەت خاوەنباوەڕانی ئایینی مەسیحی و باوەڕدارانی مەزهەبەکانی دیکە لە ئێراندا، لە ژێر باری قورسترین ستەم و چەوسانەوەدان.
بە هۆی بێ دەربەستی دەسەڵاتی ئاخوندی لە حاست ژیانی خەلک و ژیانی موعەلیمان و بەردەوامی سەرکوت و هەرەشە لە سەریان،مامۆستایان و موعەلیمان لە شارەکانی ئیران و کوردستان بۆ هێنانە دیی داوا ڕەواکانیان و کۆتایی هاتن بە ستەم و بیعەداڵەتی، دەستیان داوەتە ناڕەزایەتی و مانگرتن، کە بە داخەوە ژمارەیەکیان زیندانی کراون وشکەنجە دەدرێن.
جینایەت و سەرکوتی دەسەڵات بەرانبەر بە خەڵکی ئێران و مەعەلیمان و مامۆستایانی قوتابخانەکانی ئێران بە توندی مەحکوم دەکەم و دڵنیام کە بە ئازایەتی و نەبەزی جەماوەری ئێران و کوردستان و خەبات و کۆڵنەدانی هێزە تێکۆشەرەکانی ئێران و کوردستان دەسەڵاتی دیکتاتۆری ویلایەتی فەقیه لە ناو دەچێ و بە هاتنە سەر کاری دەسەڵاتێکی دیموکر٠Žاتیک و جەماوەریی، ئازارو مەینەتیەکانی گەلانی ئێران کۆتایی دێ.
جارێکی دیکە پیرۆز بێ یادی لە دایک بوونی عیسا مەسیح و ساڵی نۆی 2022 زایینی.
بابەشێخ حوسەینی
25.12.2021