28ی گەلاوێژی ساڵی 1358 رۆژێکی رەش لە مێژووی گەلی زولملێکراوی کوردە و هاوکات پەلەیێکی شەرمەزاری هەتاهەتاییە بە نێوچاوانی حکوومەت و سیستەمی بونیادنراوی دەستی ئاخوندان و لەسەرووشیانەوە خومەینی خوێنرێژ و جەلادە. رۆژێکە کە لە وەڵامی ویست و داواکارییە رەواکانی خەڵکی کوردستان و لە جەرگەی بانگەشە بۆ دانووستان و
28ی گەلاوێژی ساڵی 1358 رۆژێکی رەش لە مێژووی گەلی زولملێکراوی کوردە و هاوکات پەلەیێکی شەرمەزاری هەتاهەتاییە بە نێوچاوانی حکوومەت و سیستەمی بونیادنراوی دەستی ئاخوندان و لەسەرووشیانەوە خومەینی خوێنرێژ و جەلادە. رۆژێکە کە لە وەڵامی ویست و داواکارییە رەواکانی خەڵکی کوردستان و لە جەرگەی بانگەشە بۆ دانووستان و وتووێژ خومەینی دامەزرینەری رژیمی ئاخوندی لە فەتوایێکی درندانە دا گیان و ماڵ و نامووسی گەلی کوردی حەلال کرد و فەرمانی جیهادی دەرکرد.
28ی گەلاوێژ بۆ گەلی کورد تەنیا روداوێکی دڵتەزێنی مێژوویی نییە، بەڵکو پێناسەیێکە بۆ فەلسەفەی خەبات و بەرخودانی چەندین ساڵە و هێماێکە بۆ غەدرلێکراوی و مافخوراوی بەدەستی رژیمێکی تاسەر ئیسقان دیکتاتۆر و جینایەتکار و بێ بەزەیی.
لەکاتێکدا کە تازە شۆڕشێکی دژی دیکتاتۆری بە هیمەت و خەباتی هەموو پێکهاتەکانی ئێران و یەک لەوان گەلی کورد، سەرکەوتبوو و خومەینی و داردەستەکەی خەریکی بناغەدانانی نیزامێکی دیکتاتۆرتر و خوێنرێژتر لە رابردوو بوون. گەلی ئاشتیخوازی کورد بە خێرایی هەیئەتێکی نوێنەرایەتی لە نوێنەری زۆربەی شارەکانی کوردستان لە ژێر ناوی لوئی جەرگەی لە مەهاباد بۆ دانووستان و وتووێژ پێکهێناو بانگەشەی ئاشتی و عداڵەتخوازیی و مافویستی بەرز کردەوە، بەڵام نیزامی تازە بە دەسەڵات گەیشتوو، لەرێگەی فرت و فێڵ و بەردەوامی لەسەر سیاسەتی حاشالێکردن و بە تۆمەتی درۆیین هەوڵی لە خشتە بردنی بیرورای گشتی ئێران و چەواشەکردنی رەوایەتی خەباتی گەلی کوردی دا و کوردی بە کافر و جودایی خواز ناساند.
ئەو رۆژە شوومەی فەتوا نارەواکەی خومەینی تێدا دەرکرا وەڵامێکە بۆ هەموو ئەو کەسانەی بەتایبەت کەسانی بەکرێگیراو کە تا هەنووکەش پرسیار لەسەر رەوایەتی خەباتی گەلی کورد دادەنێن و خەباتی فرەرەهەندی گەلەکەمان دەخەنە ژێر پرسیار. وەڵامێکە بۆ هەموو ئەو کەسانەی چ کورد و چ غەیرە کورد کە دەڵین نەدەبوایە کورد دەستی بۆ چەک ببردایە و زۆر جار کورد وەک خەتاباری سەرەکی دەناسێنن.
بەلێ، کاتێک هەموو دەرگاکان بەرووی کوردا داخران و وەلامی هەموو باگەشە و داوایێکی رەواو ئاشتیخوازانەی گەلەکەمان بە نەخێر و حاشا لێکردن رووبەروو بوو و نەک تەنیا لەگەڵ نەدان بەڵکو بە بڕیارێکی تاهەنووکەش سەرسوورهێنەر و دەگمەن لە مێژووی ئێستای مرۆڤایەتی فەرمانی کوشتار و لەناوبردنی ئەو گەلە درا، سروشتیە بۆ بەرگری و مانەوە، کورد دەست بۆ چەک ببات و پارێزگاری لە گیان و ماڵی نەتەوەکەی بکات.
چەندە ساویلکەن دەسەڵاتدارە دیکتاتۆرەکان کە وایان دەزانی بەو فەتوایە لە زمانی خۆیانەوە غائیلەی کوردستان کۆتایی پێ دێ و ئەو گەلەی پێ چاوترسێن دەکرێ، ئەمرۆ لە پاش 37 ساڵ کورد نەک تەنیا بۆ هەنگاوێکیش پاشەکشەی نەکردووە لە ویست و داوا رەواکانی بەڵکو رۆژ لەدوای رۆژ مکۆرتر و سورترە لەسەر حەق ستاندن و وەرگرتنی مافەکانی و هیچ ترسێکیشی نییە لە هیچ قوربانی و تێچوویێک.
راستیەکی تاڵی دیکە ئەوەیە کە بە درێژایی هەموو ئەو سالانەی دەسەڵاتی ئاخوندی لەسەر کار بووە سێبەری قورسی ئەو فەرمانە شوومە لەسەر کوردستانی داگیرکراو دا لانەچووە و رۆژانە بەو ئەدەبیات و گووتارە زبر و درندانەیە لەگەڵ گەلەکەمان هەڵسووکەوت دەکەن و سیاسەتی فەرمی تا هەنووکەی دەسەڵاتداران هەمان سیاسەتی کوشتن و لە ناوبردن و قڕ کردنی بە کۆمەڵە، بەڵام لە رێگە و بەئامرازی جۆراوجۆر. هیچ گومانێک لەوەدانییە هەتا ئەو دەسەڵات و رژیمە دواکەوتوو و دیکتاتۆرە لەسەر کار بمێنێ مێتۆدەکانی دەسەڵات لەبەرانبەر داواکانی گەلی کورد هەمان مێتۆدی سەردەمی خومەینی و فەتوا شوومەکەی رۆژی 28ی گەلاوێژ دەبێ.
سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران لە ساڵیادی فەرمانی جیهاد دژی گەلی کورد درود دەنێری بۆ هەموو شەهیدانی رێگەی رزگاریی گەلی کورد و مردن و سەرشۆڕی دەنێرێ بۆ هەمووبەشدارانی جینایەت لە کوردستان چ لە رابردوو و چ لە ئێستا. هەروەها داوا لە سەرجەم وەڵاتانی دیموکراتیک و پارێزەری مافی مرۆڤ و بە تایبەتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین کە ئەو رۆژە وەک جینوساید و هەوڵ دان بۆ کۆمەڵکوژ کردنی نەتەوەی کورد لە کوردستانی ئێران بناسێنن و هەموو ساڵێ لەم یادە دا ئەو دەسەلاتە شەرمەزار و پرۆتیستۆ بکەن. هیوادارین ئەم بۆنەیە هۆیەک بێ بۆ ئەوەی هێزە سیاسیەکانی کوردستان هەنگاویی جیددی بۆ یەکیەتی و تەبایی و یەکخستن و لێک نزیک کردنەوەی تواناکان بنێن و بە یەکریزی و یەکگرتوویی سێبەری ئەو دەسەڵاتە بەسەر کوردستان و ئێرانەوە نەمێنێ و بە یەکەوە لە پێناو دامەزراندنی حکوومەتێکی دیموکراتیک و خەڵکی تێبکۆشین.
سەرکەوێ خەبات ی رزگاریخوازانەی گەلی کورد
بروخێ رژیمی دیکتاتۆری ئاخوندی
سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران
کومیتەی ناوەندی
28ی گەلاوێژی 1395