"شۆڕش حاجی"
دوو ساڵ بەر لە ئێستا لەهێرشێکی کتۆپری هێزەکانی ئەمریکا بۆ سەر کاروانی گەورەترۆریستی ناوچەکە قاسمی سلێمانی سەرۆکی سپای قودس و پیاوی ژمارە دووی رژیمی ئاخوندی لەت و پەت کرا و سەرەرۆیی و دۆسیەی ئاژواەگێرییەکانی بۆ هەمیشە داخرا.
کوژرانی قاسم سلێمانی نوقتە وەرچەرخانێکی گەورە لە سیاسەتی نێودەولەتی لە راست رژیمی ئاخوندی بوو و دەکرێ بلیێن موعادلاتی سیاسی جیهانی پێوەندیدار بە ئاخوندانی خستە بارێکی تر و سنورێکی بۆ سیاسەتی پەرەدان بە ترۆریسم و نفووز لە ناوچەکە دیاری کرد. روداوەکە هێندە کاریگەر و چاوەرواننەکراو بوو کە دەسەلات لە گرتنە بەری هەڵویستێک بە بارتەقای رووداوەکە دۆش دامابوو و هەتا ماوەیەک لە سەر لێشێواوی و ماتی دا بوو. هەیمەنی دەسەلات تێک شکاو و زیانێکی قەرەبوونەکراو لە گرینگترین رێکخستنی دەسەڵات روو بە دەرەوە کەوت. ئەو بەشەی هەموو جارێ ئەبوو بە کارتێکی گرینگ بە دەست دەسەلات و لە دانووستانە ناوکەییەکان و زۆریک لە سات و سەودا و گەمە سیاسیەکان وەک ئامرازێکی فشار بە کار دەهێندرا و کۆمەلگای جیهانی پێ چاوترسێن دەکرد، لە ئان و ساتێکدا کۆتایی پێهیندرا و سووتا.
خوێنی قاسم سلێمانی هەروا لە سەر زەوی ماوەتەوە و لەو ساتەوە تا ئێستا بە بەردەوامی باسی توڵە و نەفەوتانی خوێنی قاسم ئەکرێ و ئەگەر لەو سەرەتایەوە بە درۆ و لە چوارچێوەی فروفیشاڵ باسی کاردانەوەی هاوشێوە ئەکرا، ئەمساڵ لە زاری سەرۆک کۆماری رژیمی ئاخوندی باسی دادگایی نەک وەلاتی ئەمریکاش و کەسایەتێکی حقوقی و حکومی بەڵکو دادگایی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دوناڵد ترامپ ئەکرێ. ئەو هەڵوێستە ئەو پەری داماوی و بێ هێزی دەسەلاتدارانی ئاخوندی نیشان ئەدا و ئەو هەیمەنەی لەدەسەلات شکێندرا ئیتر جارێکی تر ناتواندرێ وەک خۆی لێبکریتەوە. هەڵبەت ئەوە یەکەمجار نییە کە رژیم لە بەرانبەر کۆمەلگای نێونەتەوەیی و وەلاتانی جۆراوجۆر ناتوانێ هیچ دژکردەوەیەک نیشان بدا و لەم یەک دوو سالەی رابردوو شاهید بووینە کە بە بەردەوامی ناوەندە ناوکەییەکانی رژیم و هێزە ترۆریستیەکانی رژیم لە سوریا لە لایەن وەڵاتی ئیسرائیل هێرشیان کراوەتە سەر و ژمارەیێکی زۆریان لێ کووژراوە و خەسارەتی گەورەش لە دامەزراوەکانیان کەوتووە بەلڵام بۆ یەکجاریش نەبوو وەڵامێکی بە کردەوەی بچووک لە دەسەلاتدارانی رژیم ببینین. ئەوە لەکاتیکدا کە بچووکترین کردەوەی نارەزایەتی ناوخۆ لەلایەن خەڵکی ئێران لەشکەر کێشی هێزە داپۆسێنەرەکانی رژیمی لێ ئەکەویتەوە و هیچ ترس و دوو دڵیەک لە رژاندنی خوێنی گەنجان و خەڵکی ئێران نابیندرێ و نمونەش دەتوانین ئاماژە بە کوشتنی زیاتر لە 1500 کەس لە خوپیشاندانەکانی خەزەڵوەری 1398 لەسەرانسەری ئێران بکەین و یا خود ماوەیەک بەر لە ئێستا سەرکووتی وەحشیانەی خەڵکی ئەهواز و هەروەها بە درێژایی ئەو چوار دەیە حوکمداریە بە دەیان نمونەی کۆمەڵکوژی هاوشێوە کە لەسەر دەست و فەرمانی ئاخوندان روویداوە ئەتوانین ئاماژە پێ بکەین.
ئەو واقعیتە ئەوەمان بۆ دەردەخا کە دەسەڵاتدارانی ئێران بە پێچەوانەی پروپاگەندە درۆینەکانیان کە دەوترێ ٠Ž زلهێزی ناوچەکەن، تەنیا لە راست خەڵکی بێ چەک و بێ تاوان دەتوانن هەیبەت و هێزیان نیشان بدەن و ئەگەرنا لە لێدان و هێرشی دەرەکی و لەراست وەڵاتانی وەک ئیسرائیل و ئەمریکا توانای بەرگری و هیچ جۆرە موقاومەتێکیان نییە و ئەو فروفیشاڵەی ناوە ناوەش سەبارەت بە توڵە و کردەوەی هاوشێوە لە زاری بەرپرسانی بالای رژیم دێتەدەر تەنیا روویەکی ناوخۆیی هەیە و دەیانهەوێ کەرامەتی شکێندراویان لە لایەن جاش و بەسیج و بەکرێگیراوەکانیان بهێڵنەوە و پێخۆری تەبلیغاتی پێوە بکەن.
ماوەتە بڵێین قاسم سلێمانی گەورە جینایەتکاری مێژووی مرۆڤایەتی پەڵەیێکی وەها شووم و تاریکە کە بە هیچ ئاوێک پاک نابیتەوە و هەر جۆرە هەوڵێک لە چوارچێوەی سیمینار و مەراسیم و پێداهەڵدان ناتوانێ رووی راستەقینەی قاسم سلێمانی بشاریتەوە و تاوانەکانیان بزر بکات و باشترین کار بۆ دەسەلاتدارانی رژیمی ئاخوندی ئەوەیە ناوی قاسم سلیمانی بۆ هەمیشە لە شاراوەیی دا بهێڵنەوە، چونکە هەموو جارێ بە باس کردن و کۆرگێڕان بۆی مرۆڤ بیری خوینی بە فیرۆ چوو و هەیمەنی تێکشیندراوی رژیمی ئاخوندان ئەکەوێتەوە و بێ دەسەلاتی شوێنکەوتووانی ئەو سیستمە پووشاڵیەمان بۆ دەردەکەوێ.