"عەلی بەهرامی"
هەندێ جار سیاسەت بە پێچ و پەنا و کاری سیاسی، خۆبواردن، فسەفس و خۆ لادان لە راستیەکان و قازانجپەرەستیەکی بێ حەد و مەرز پێناسە دەکرێ. ئەم پێناسانە لە شەقامی کوردی دەماودەم دەگەڕێ و دەستاودەستیان پێ دەکرێ و لەلایەن سیاسیەکانیشەوە هەر جارەو بە جۆرێک دەچنە بواری جێ بەجێکردنەوە.
یەکێک لەو بابەت و رووداوانەی کە لە دوو ساڵی رابردوودا روون و بەرچاو بووە کوژرانی گەورە تیرۆریستی جیهانی قاسم سلێمانیە. رووداوێکی واگرینگ کە جوێ لە هەڵوێستی فەرمی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران بێ دەنگیەکی چاوەروانەکراو، خۆبواردن و پێچ و پەنای هێزە کوردستانیەکان بەتایبەت بەشێکی زۆر لە هێزە سیاسیەکانی کوردستانی رۆژهەڵات جێی گلەیی و تێڕامان و پرسیارێکی بێ وڵامی جەماوەری کوردستانی ئێران بووە. قاسمی سلێمانی فەرماندەی سوپای قودسی سوپای پاسدارانی رژیمی ئاخوندی، لە ۳۰ ساڵی رابردوودا لە نانەوەی بشێوی، دەستێوەردان لە کاروباری وەڵاتانی ناوچە، کوشتنی خەڵکی بێتاوان لە سوریە، لوبنان، عێراق، یەمەن، ئەفغانستان و زۆرێک لە وەڵاتانی کەنداو، سەرکوتی خەڵکی ئێران لە راپەرینی ساڵەکانی ۱۳٨٨، ۱۳۹٦ و ۱۳۹٨، هەناردەکردنی بیری توندئاژۆیی و فاشیستی بۆ وەڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەراست و جیهان، بەفیرۆدانی داهات و سەرمایەی وەڵاتی ئێران بۆ پشتیوانی لە دەسەڵات و مانەوەی بەشار ئەسەد، دروست کردنی تاقم و گروپی جیاجیای حەشدی شەعبی لە عێراق، پیلانگێڕی لە دژی هەرێمی کوردستان و بزوتنەوەی کوردستانی رۆژهەڵات، دەوری بەرچاو و ئاشکرای گێڕاوە.لە بەرامبەردا بەپێچەوانەی چاوەروانیەکان و بەبێ خوێندنەوە بۆ هەستی ۱۰ ملوێن کوردی رۆژهەڵات و خانەوادەی شەهیدانی ئەو بەشە، لە هەرێمی کوردستان بەدوور لە ئوسول و عورفی نەتەوەیی و ئەخلاقی، مەداحی و پێداهەڵدانێکی زۆر بەسەر ئەو گەورە تیرۆریستەدا کرا. بەپێچەوانەی راستیەکان ئەو ترۆریستە بە قارەمان، دۆستی کورد و رزگاریدەری هەرێمی کوردستان و لە یادی دوو ساڵەی بە سزا گەیاندنی دا، دوکتور هەڤاڵ ئەبووبەکر پارێزگاری پارێزگای سلێمانی زۆر نابەرپرسانە و بێ ئیرادانە داوای کرد رۆژی کوشتنەکەی بە رۆژی ئاشتی جیهانی ناودێر بکرێ!. داوای دیاری کردنی رۆژی ئاشتی جیهانی بۆ تاوانکارێکی وەک قاسم سلێمانی کە هەتا ئەنیشکی بە خوێنی مرۆڤی بێ تاوان بەتایبەت کوردی کوردستانی ئێران سوورە، کەسێک کە تەنیا لە خزمەتی شەڕ و نانەوەی بشێوی و هەڵایسانی ئاگر و خوێنرێژیی بووە جوێ لە ناراستی و دوو روویی و بێ ئەمەگی بەرامبەر بە کوردستانی رۆژهەڵات ناکرێ هیچ پێناسەیەکی دیکەی پێ بدرێ!.ئەوەی بۆ قاسم سلێمانی لە شاری سلێمانی کرا پشتکردن بوو لەو پێناسانەی ئەو شارەی پێوە دەناسرێ. چاوەروان نەدەکرا لە شاری رۆشنبیری، شاری هەڵمەت و قوربانی بەو جۆرە پشت لە بەها نەتەوەیی و نیشتمانیەکان و هاوخوێن و هاوڕەگەزە کوردەکان لە کوردستانی ئێران بکرێ و شین و شەپۆڕ بۆ کوردکوژ و گەورە تیرۆریستێکی جیهانی بەرێوەببرێ و بەوجۆرە پێناسەی ناراست و وەهمی و ناواقعی بخرێتە پاڵ.کوردستانی رۆژهەڵات و بزوتنەوەکەی لەپێناو قازانج و بەرژەوەندیەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق نرخ و باجی گەورە و زۆری داوە، بۆیە پێویست و دروست وابوو دەسەڵاتدارانی هەرێم بەتایبەتی پارێزگای سلێمانی لە هەڵوێستەکانیان لە پێوەند بە رژیمی داگیرکەر و بەتایبەت تیرۆریستی جیهانی قاسم سلێمانی رەچاوی هەستی برایانیان لە کوردستانی ئێران و بە دیاریکراوی خانەوادەی شەهیدانی ئەو بەشەی نیشتمانیان بکردایە.بزوتنەوەی ئازادیخوازی لە ئێران و کوردستان لە قۆناغێکدایە کە بانگی ئازادی تەنگی بە رژیمەکەی قاسم سلێمانی هەڵچنیوەو لە هەموو کون و قۆژبنێکی شار و گوندەکانی ئێران دەبیسترێ و لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا لە هەر شوێنێک پەیکەری قاسمی سلێمانی دانرابێ لەلایەن خەڵکەوە ئاگری تێبەردراوە. تازەترین نمونە دانانی پەیکەری ناوبراو لە یەکێک لە مەیدانەکانی "شاری کورد" بوو کە لە دوای چەند سەعات لە دانانی ئاگری تێبەردرا. خەڵکی ئێران بە پێچەوانەی شوێنی دیکە قاسمی سلێمانی و کۆی پێکهاتەی رژیمی ئاخوندی رەد دەکاتەوە و بۆ روخانی ئەو دەسەڵاتە هەموو هەوڵێک دەدەن. لە وەها قۆناغێکدا ئاوکردنە ئاشی رژیمێکی شکستخواردو کە لە لێواری گۆردایە، دووکەڵەکەی بەچاوی ئەوانەدا دەچێتەوە کە هەموو هێلکەکانیان لە تەرازووی رژیمێکی لەرزۆک و نیوەگیاندا داناوە.
گومانی تێدا نیە دەسەڵاتداریی ئاخوندان بەدەستی رۆڵەکانی کوردو ئازادیخوازانی ئێرانی لە گۆڕ دەنرێ، ئەو کات ئەوانەی گرەویان لە سەر مردارەوەبوو دەکەن دەبێ وەڵامدەرەوەی هەڵوێستەکانیان بن کە وەکوو شەرمەزاری و بێ ئەمەگی لە لاپەرەکانی مێژوودا تۆمار کراوە.