ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی 9ی ڕێبەندان، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی مامۆستایان لە شارەکانی کوردستان و ئێران دەستی پێکرد.
خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی ئەمجارەی مامۆستایان لەپێوەند بە یەکسانی حەقدەست، جێبەجێکردنی گەڵاڵەی پلەبەندییە، ئازادی مامۆستایانی ناو بەندیخانەکانی ڕژیم و مافی پەروردە بەبێ بەرامبەر بۆ هەموو قوتابیانە.
ئەنجومەنی مامۆستایان داوایان لە قوتابیان و بنەماڵەکان کردووە تا لە خۆپیشاندانەکاندا بەشداربن، و ئەم ناڕەزایەتییانە لە زیاتر لە 300 شار و بە بەشداری مامۆستایانی ئافرەت و پیاو، بەردەوامی هەیە.
لە ئەندیمێشک، چالوس، لەنگروود، مەشهەد، ئەردەبیل، تاکستان، ئامول، کەرەج، بابول، قوم، بووشێهر، ڕەشت، ئیسفەهان ،ئەراک، ئەهواز، خوڕەم ئاباد، خوڕەمشەهر، یەزد، تەورێز، سەردەشت، سنە، مەریوان، قەسری شیرین، سەلاسی باوەجانی، جوانڕۆ، بیجاڕ بانە و گیلانغەرب و زۆربەی شارەکانی دیکەی گرتۆتەوە.
بە پێی ڕاپۆرتەکان، لە زۆربەی شارەکان پێکدادان لەنێوان هێزە ئینتزامیەکانی ڕژیم و مامۆستایان دروست بووە و لە شارەکانی تاران، شیراز و مەریوان لانیکەم دە کەس لە مامۆستایان گیراون کە 6 کەسیان پاش چەند سەعات ئازاد کراون.
ئەمە لە کاتێکدایە کە شەعبان موحەممەدی، و جەبار دووستی لە مامۆستایانی شاری مەریوان و ئەندامی ئەنجومەنی مامۆستایانی کوردستان لە شاری مەریوان، و چەندین کەسی دیکە دەستبەسەر کراون و چارەنووسیان نادیارە، هەروەها دادگای ئینقلابی ڕژیم لە شاری کەرەج سزای چوار ساڵ و شەش مانگ زیندانی تەعزیری بەسەر جەعفەر ئیبراهیمی، پشکێنەری شۆرای هاوئاهەنگی پێکهاتەکانی مامۆستایاندا، سەپاندووە.
مامۆستایان بەوتنەوەی دروشمی ("فەرهەنگمان بوەتە وێرانە، ماموستا بۆ لە زیندانە"
"دایکان، باوکان، قوتابیان: وانەی ئەمرۆ ئازاد ژیان" )و
(فریاد فریاد از این همە بیداد) ( معلم زندانی آزاد باید گردد) و(رییسی دروغگو دروغگو) بەردەوامی بە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکان ئەدەن.
مامۆستایان لە شارەکانی کوردستان داوای مافی پەروەردە بە زمانی زگماکیان کردووە و ئەمە یەکێک لە تەوەرە هەرە گرنگەکانی وتاری مامۆستایان لە شارەکانی کوردستان بووە.
شایانی ئاماژەیە کە ئەنجومەنی مامۆستایان ڕاگەیندراوێکیان بڵاوکردۆتەوە کە لە بەشێک لەم ڕاگەیندراوەدا هاتووە: دەسەڵاتداران دەبێ بزانن کە هیچ کاتێک وەکوو ئێستا خەڵکی ئێران بە گشتی و مامۆستایان بەتایبەت لە مافەکانی خۆیان ئاگادار نەبوون ولە هەر شوێنێکدا دەسەڵات ویستوویەتی ئاگایی و خواستی مامۆستایان سەرکوت بکات، لەگەڵ کۆڵنەدەری و بەرخۆدان ڕووبەڕوو بۆتەوە.