ماردین زاهدی
لە دونیای ئەمڕۆی ئێمەدا کەمتر کەسێک هەیە گوێگری باسی مافی ژنان نەبوبێت و ئەم باسە یەکێک لە هەرە گرنگترین باسەکانە.
سەردەمی ئەمڕۆ بەبۆنەی بوونی تۆڕە کۆمەڵایەتی و میدیاکان، خەڵک بە ئاسانی دەتوانێت زانیاری پێویست بۆ ژیانی بە دەست بێنێت، بۆیە ئەگەر کەسێک خۆی لەو ڕاستیانە دووربگرێ تەنیا مەیلی تاکە کەسیەو بە بۆنەی بەرژەوەندیخوازی خۆی ئەو کارە دەکات.
دونیای ئەمڕۆی ئێمە توانیویەتی بە جوانی نیشاندەری هاومافی ژنان و پیاوان بێ و باری فکری کۆمەڵگەی جیهانی لەو ڕەوشت و ڕوانگە خراپەی کە بۆ ئافرەتان هەیان بوو تا ڕادەیەکی زۆر ڕزگاری کات و ژنان توانیویانە خۆیان بە باشترین شێوە لە دونیا نیشانبدەن و تەنانەت بەڕێوەبەری زۆر مەزنبن بۆ زۆربەی پلە هەستیارەکان.
جیاوازی ڕەگەزایەتی لە ڕوانگەی دونیای خاوەن دیمۆکراسی کارێکی قێزەونەو دەبێ سەرکۆنەو بەرگری لێ بکرێت. ئافرەتانیش بە بۆنەی ڕووناک بیری و بونیان لە خەتی خەبات و بەشداری کردن لە ڕێکخراوەکان و زانین مافی فمنیستی بە جوانی توانیویانە خۆیان لەگەڵ کۆمەڵگەی بەڕۆژ و سەردەمانە ڕێ بێرن. جوانترین و شیاوترین ئاستێک کە دەتوانین دیاری بکەین بۆ هەر کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوو نەبوونی ئەو جیاوازیەو سڕینەوەی کلتورە لایەنگەریەکانە, ئیستە چ لە لایەن پیاوان و چ له لایەن ژنانەو بێ.
بەڵێ لە لایەن ژنانیشەو دەکرێ وەکوو دیاردە ناوی ببەین. هێندێک لە ژنانیش هەن ڕەوتی خەبات و بەربەرەکانێ کۆمەڵگە زۆر خراپ لێ دەخوڕن و بە دژایەتی کردنی پیاوانەو تەنیا تێکدەری بزاڤی ئاسایی نەهێشتنی جیوازین. ڕادیکاڵ بوون بۆ بواری هاوسانی و هاومافی دەتوانێ کاردانەوێکی پێچەوانەی بێت و تەنیا داستانی جولیا تۆفانا (دڵڕەقترین ژنی مێژوو, و بکوژی زۆرتر لە ۶۰۰ پیاو) بۆمان دوبارە بکاتەوە. بۆیە گرنگە باری مرۆڤایەتی زۆرتر لە پێش چاو بگیرگێت و هەموو وەکوو یەک چاو لێ بکرێن تا لە ماوەیکی نە ئەوندە زۆر بتوانین بینەری ئەو فەرهەنگە بەجێگە بین. بە دڵنیاییەو ئەمە کارێکی ئەستەمەو بەرژەوەندی خوازی دینی و کلتوری و ڕەگەزی, کۆسپ و تەگەرەی زۆر دەخاتە سەر ڕێگەی کە نابێ ئەو پەیڕەوەی کە جولیا تۆفانا گرتیە بەر و هاندەری ئەو هەموو ژنە بوو کە هاوسەرەکانی خۆیان لەسەر توند و تیژی بە دەرمان بکوژن و بەو جۆرە خۆیان ڕزگار بکەن, لە هیچ لایەنێک پەیڕەو بکرگێ و بژاردەی دروست و بەجێ هەڵبژێرین تا بە شێوازێکی ئەمڕۆیی تێکەڵ بە کۆمەڵگەی بەڕۆژی جیهانی بین. توندووتیژی و جیاکردنەکەی دووبارەیی ژنان زۆر جیاوازە لەگەڵ خەبات بۆ هاومافی و سڕینەوەی کلتور و یاسا لایەن سالارەکان و ئەگەر ئەم جیوازییە زۆر زەقەو بێتەو دەتوانێ حەساسیەتێکی لایەندار دروست بکات و بێتە هۆی جبهەو سەنگەر گرتنی زۆرتری ئەو دوو ڕەگەزایەتییە. ئەدەبیاتی دژ ژن لە کۆمەڵگە دەبێ بە شێوەی شایان بسڕینەو و جێگری بێتە ئەدەبیاتێکی یەسکانخواز نەک هەڵە تێگەیشتن و پاس دانی لە لایەنێک بۆ لایەنێکی دیکە. بۆیه هەر وەک ڕوونەو پێشتر ئاماژەی پێ کراوە دەبێ هەوڵ بدرگێ لایەن سالاری نەمێنێ و سڕینەوەی لە ئەستۆی هەر دوو ڕەگەز بێ و هاوکاریان بێت بۆ نەهێشتنی.
بەدڵنیاییەو گۆڕانی ئەو شێوازە بیرکردنەوە ڕیشەکێش کردنی بە ئاسانی جێبەجێ نابێت و تا بەرژەوەندی خوازی ڕەگەزایەتی لە کۆمەڵگای پیاو سالار بێت و هەروەها کەڵک وەرگرتن لە ڕاکێشی جنسی و بە پلە کردنی پیاوان بۆ گەیشتن بە ئامانج لە لایەن ئافرەتانەو پەیڕەو بکرێ ئەم پروسە بەردەوام دەبێ. بابەتی هاومافی ژن و پیاو بە گۆڕینی ڕەوانگه زۆر باشتر دێتە ئاراوەو دەبێ هەوڵ بۆ سڕینەوەی لە لایەن هەر دوو ڕەگەزەو بە شێوازی بیرکردنەوە ببێتە کلتورێکی جێگر و پەیڕەو بێت. لە ئێرانی ئیستەی ژێر دەسەڵاتی ئاخوندەکان و بەو یاسا و قانون دانان پیاو سالارانە هەر ڕۆژە بینەری جینایەتێکی دڵڕەقانەین کە سەربڕین تێدا بەرەو ئاسایی بوون ئەڕوات و دەبینین چۆن لەژێر ناوی ناموس و غیرەت و کۆمەڵێکی دیکە دەستەواژەی کۆن و نەشیاو, هێرش دەکرێتە سەر ئافرەتان. ئەمە دیاردەیکە کە دەسڵاتە دژ ژنەکان کردویانەتە ئامرازێک بۆ تێکدان و ئاژاوەگێڕی لە کۆمەڵگەو تەنیا بە ڕووخانی دەسەڵات و جێگر کردنی بە حکومەتێکی خاوەن دیمۆکراسی لە لایەن خەڵکەو چارەسەر دەبێ.