هاونیشتمانیانی تێکۆشەر!
ڕێبوارانی ڕێگەی ئازادی لە ئێران!
تێکۆشەرانی ڕیزەکانی سازمانی خەبات!
بە داخەوە یانزە ساڵ لەوە پێش و لە ١٠ ی فێوریەی ٢٠ ١١ زایینی، مامۆستا شێخ عیزەددین حوسەینی ڕێبەری نەتەوەیی و ئایینی خەڵکی کوردستان و یارو پشتیوانی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران لە نەخۆشخانەی شاری ئۆپسالا لە ووڵاتی سۆئێد کۆچی دوایی کرد. مامۆستا شێخ عیزەددین یەکێک لە پاکترین ڕێبەرانی بزوتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستانی ئێران و بە شێوەی بەرینتر، یەکێک لە ڕێبەرانی دڵسۆزو شۆڕشگێرو ئازادیخواز لە ئێراندا بوو کە هیچ کات بە ویستی دژمنانی کوردستان و دژمنانی ئازادی کاری نەکردو لە بەرانبەر ستەم و بێعەداڵەتیدا وێستایەوە.
لە دەورانی دەسەڵاتی ڕژیمی شادا، مامۆستا شێخ عیزەددین لە هەموو کۆڕو کۆبونەوەیەک و لە هەر بۆنەێکدا لە بەرانبەر سیاسەتە چەوتەکانی حکومەتی شاو دەست و پێوەندەکانی دژایەتی دەکرد، کە هەر لە بەر هەڵوێستە بەرزەکانی ببوە چەقڵی چاوی کاربەدەستانی ڕژیمی شاهەنشایی. مامۆستا شێخ عیزەددین پشتیوان و یاری هەژاران و هەموو هاونیشتمانیان وخەباتکارو پێشڕەوی مافخوازی و حەق بێژی و دژمنی ستەمگەران و دیکتاتۆران بوو. لە ماوەی ساڵانی هێرشی ڕژیمی دیکتاتۆری ئاخوندی بۆ سەر خەڵکی ئێران و بە تایبەتی هێرشی هێزەکانی ڕژیمی خومەینی بۆ سەر کوردستانی ئێران، مامۆستا شێخ عیزەددین بە ڕێبەرایەتی کردن و دڵسۆزی و غەمخۆری، دەوری بەرچاوی لە جولانەوەی مافخوازانەی هاونیشتمانیانی کوردستانی ئێران و شۆڕشی ڕەوای سەرانسەری ئێران دژ بەو ڕژیمە دیکتاتۆرە نواند.
کۆچی دوایی مامۆستا شێخ عیزەددین حوسەینی خەسارەتێکی گهوره و قەرەبوو نەکراوە بوو بۆ جوڵانەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان و شۆ٠رشی حەقخوازانەی سەرانسەریی لە ئێران و بە تایبەتی تر کۆچی جەنابیان، زیان و خەسارەتێکی گەورە بوو بۆ سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران، چونکە مامۆستا شێخ عیزەددین هاوکاری هەمەلایەنی بە سازمانی خەبات و ڕێبەرایەتی سازمان گەیاندوەو پشتیوانیان بووە.
مامۆستا شێخ عیزەددین حوسەینی و ئامانج و ڕاسپاردەکانی و مێژووی کۆڵنەدانی گەلێک بەنرخن و هەوروەها نزیکی لە سازمانی خەبات و ڕێبەری سازمان، بەڵگەن لە سەر ئەو ڕاستیەی کە مامۆستا شێخ عیزەددین حوسەینی پێوەندی قوڵ و کاریگەری بە سازمانی خەبات و خوالێخۆشبوو مامۆستا شێخ جەلال حوسەینی دامەزرێنەری سازمان هەیەو بەڕێزیان دانەبڕاوە لە سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران.
سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ١١ هەمین ساڵڕۆژی کۆچی دوایی مامۆستا شێخ عیزەددین حوسەینی درود دەنێرێ بۆ ڕۆحی پاکی ئەو ڕیبەرە مەزن و پاک و دڵسۆزەی گەلی کوردو غەمخۆرو پشتێوانی سازمان خەبات ی کوردستانی ئێران.
یادی مامۆستا شێخ عیزەددین و کارو تێکۆشان و ڕێنوێنیەکانی هەموو کات لە لای هۆگرانی ڕێبازی پیرۆزی سازمانی خەبات بە زیندووی دەمێنێ.
سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران کومیتەی ناوەندی
٢١ ی ڕێبەندانی ١٤٠ ٠ کۆچی خۆری ١٠ ی فێوریەی ٢٠ ٢٢ زایینی