ڕژیمی ئاخوندی ئێران لە هەنگاوێکی پڕ لە هەڵاواردن و دژە ئافرەت دا، خەڵاتی کۆتایی ساڵی ئافرەتانی بە کەمتر لە پیاوان هەژمار کردووە و بە کردەوە ئافرەتانی بە شارۆمەندی پلە دوو لەقەڵەم داوە.
بەپێی ئەم بڕیارەی ڕژیم، مافی منداڵ و مافی گەورەی بنەماڵە تەنیا بە پیاوانی کارمەندی خێزاندار دەدرێت و ئەو مافە لە ئافرەتان زەوت کراوە، هاوکات ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئافرەتان لەو وڵاتەدا لەگەڵ کۆمەڵێک بەربەستی یاسایی و کۆمەڵایەتی بەرەوڕوون.
سەرەڕای هەموو ئەم کۆسپانە، ڕێژەی پەنجا لەسەدی خوێندنکاری زانکۆکان ئافرەتان پێکی دێنن، بەڵام 17 لەسەدی ئەم ئافرەتانە لە بازاڕی کار دادەمەرزێن.
بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی هەڵاواردنی ڕەگەزی، ئێران لە بواری یەکسانی ڕەگەزی لە نێوان 145وڵات، پلەی 141ی هەیە و یەکێک لە نابەرابەرییە بەرچاوەکان، نابەرابەری ئابوورییە.
هەڵاواردن لە بازاڕی کاری ئێران لە ئاستێکدایە کە بۆتە ئایدۆلۆژیایەکی سیاسی و هەموو هەوڵی ئەوەیە کە ڕۆڵی ئافرەتان تەنیا لەچوارچێوەی ڕۆڵی دایک و هاوسەر خۆلاسە بکرێتەوە و ئامانجیش لێی پەراوێز خستنی ئافرەتانە لە ژیانی کۆمەڵایەتی.