پێنچ شه‌مه‌ 

1 سه‌رماوه‌ز2724
سازمانی خه‌بات ی
کوردستانی
ئێران
sazmanixebat

یادی سەروەری گەل شەهید ئەبوبەکر کەریمی

یادی سەروەری گەل شەهید ئەبوبەکر کەریمی

نووسینی سیامەند
مرۆڤ هەر چۆن بژی و هەرچەند بژی، بەڵام لە ئاکامدا کۆچی دوایی دەکاو کۆتایی بە ژیانی دێ‌. مەرگ ڕاستیەکی حاشاهەڵنەگرەو هیچ زیندەوارێک ناتوانێ‌ تا سەر درێژە بە ژیان بدا. بەڵام کاتێ مەرگ حەقەو کەس ناتوانێ‌ لێی دەربازبێ‌، ئەو ڕاستیەش هەیە کە جۆری مەرگەکان وبە جێ‌ هێشتنی ئەم جیهانە جیاوازیان هەیە. مەرگی کەسانێک کە لە ماوەی تەمەن و ژیانیاندا بێجگە لە نەگەبەتی، خراپەکاری و زیان بۆ خۆیان و دەوروبەریان هیچ چاکەیەکیان نەبوەو لە ماوەی تەمەنیان مۆتەکەو بەدی عەشرەت و بەدی کۆمەڵگە بوون، لە بەرانبەر ئەو مرۆڤانەی کە ژیانیان بۆ خزمەتی گەل و لە پێناو نیشتمان بووە گەلێک جیاوازی هەیە.
ناڕەواییەکی گەورەیە، مەرگی کەسانی هیچ لە دەست نەهاتووی مەزڵۆزم و سەرباری خەڵک هاوتەریبی مەرگی تێکۆشەران و غەمخۆران و خزمەتکاری خەڵک بکرێ‌.
مەرگی دوکتورێکی خزمەتکاری گەل، پەرەستارێکی غەمخۆری نەخۆشەکان و هەروەها هەر هاونیشتمانێکی دڵسۆزی نەتەوەو نیشتمان، کە ژیان و سەرمایەی لە پێناو بەختەوەری گەل و نیشتمان تەرخان دەکا بە مەرگی کەسانی هیچ لە دەست نەهاتووی بەدفەساڵی سەرباری خەڵک بەرانبەر بکرێ‌.
بەڵێ‌ لەگەڵ ئەوەی کە چەندە ناڕەوایە مەرگی کەسانێک کە بەدی عەشرەت و بەدی کۆمەڵگەن لەگەڵ کەسانی دڵسۆزو غەمخۆری گەل و نیشتمان بەرانبەر بکرێ‌، بێگومان هەزاران جار ناڕەواترە کە شەهادەت و گیانبازی ڕۆڵە تێکۆشەرو فیداکارەکانی نیشتمان بەراورد بکرێ‌ لەگەڵ مەرگی ئەو کەسانەی کە تەنیا بە شۆێن ژیانی ئاسودەو خۆشگوزەرانی و سەرمایە زیادکردنن.
ئەو قارەمانانەی کە لە بەرانبەر ستەمگەران و داگیرکەرانی نیشتمان وێستانەوەو لە هەموو سەنگەرەکاندا نەبەزین و چۆکیان بۆ دوژمن دانەداوەو بە قارەمانیەکانیان ستەمگەرانیان داماو ڕەزیل و زەلیل کرد سۆماو بیلبیلەی چاوی دانیشتوانی نیشتمانن.
یەکێک لەو قارەمانانەو شێری بێشانەی نیشتمان کە گیانی بۆ گەل و نیشتمان بەخشی، شەهید کاک ئەبوبەکر کەریمی ناسراو بە ئەبوبەکری مام ڕەحمانە.
کاک ئەبوبەکر لە ساڵی 1347 کۆچی خۆری لە دێ‌ پەڕشە لە ناوچەی بانە چاوی بە ژیانی پڕ لە مەینەتی و ئازار هەڵێنا. شەهید ئەبوبەکر، ژیانی منداڵی لە دێ‌ پەڕشە تێ‌ پەڕاندا و لە قوتابخانەی (مەدرەسە)دێی پەڕەشە خوێندنی سەرەتایی تەواو کرد و بۆ درێژەدان بەخۆێندن نێردرایە شاری بانەو دوو ساڵ لە قوتابخانەی ڕاهنمایی خۆێندی. بەهۆی ئەوەی باوک و خانەوادەی وەک هەزاران هاونیشتمانی کورد لە بەر زوڵم و ستەمی ڕژیمی خومەینی ناچار بوون دەست لە ژیانی ئاسایی هەڵگرن و چەکی شەرەف و بەرەنگاری لە شان بکەن و ڕوبەڕوەی هێزی داگیرکەرو پاسدارە چەقۆکێشەکانی حکومەتی ئاخوندی ببنەوە، شەهید ئەبوبەکر لەگەڵ باوکی و چەندین کەس لە ئەندامانی خانەوادەکەی و خزم و کەس وکاری چەکی پێشمەرگایەتیان لەڕیزەکانی سازمانی خەبات لە شان کرد. کاک ئەبوبەکر پێشمەرگەێکی چاونەترس و دڵسۆز بوو، لە هیچ قارەمانەتیەک لە پێناو پارێزگاری لە گەل و نیشتمان و پارێزگاری لە سازمانی خەبات سڵی نەدەکرد. لە زۆربەی جەنگە قارەمانانەو کەم وێنەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سازمانی خەبات، بەشداربوو.
لێهاتوویی و ئازایەتی شەهید ئەبوبەکر لە گرتنی پایگای گەورەی گوندی شۆێ‌، پایگای دێ‌ ماماڵ، شەڕی قارەمانانەی قەبەغڵوی سەقز، گرتنی پایگای گەورەی یاکوباوا، شەڕی گەورەی مەردەکان لە هەژدەدۆڵان و لە دەیان قارەمانی بۆ پارێزگاری کردن لە سازمانی خەبات لە بەرانبەر چاوچنۆک و ناحەزاندا دەوری بەرچاوی گێڕا. تێکۆشان و ماندووبونی کاک ئەبوبەکر تا ساڵی 1366 کۆچی خۆری لە ڕیزە ئاشکراکانی سازمان بەردەوام بوو، دوایی بە بڕیاری سازمان گەڕایەوە ناوخۆی کوردستان و ئەمجار لە کاری تەشکیلاتی چالاکانە بەشداری کردوو توانی ئەرکی سازمانی بەڕێوەبەرێ‌.
بە داخەوە کاک ئەبوبەکر لە ساڵی 1371 لە لایەن خۆفرۆشێک بە ناوی ڕەشید چاویانی کە بە ناوی کارکردن لە شانەی تەشکیلاتی شەهید ئەبوبەکردا کاری دەکرد ئاشکرا دەکرێ‌ و لە لایەن ئیدارەی بەدناوی ئیتلاعات دەگیرێ‌ و لە دوای چەند مانگ شکەنجەدان و هەوڵی ئیتلاعاتی ڕژیم بۆ ئەوەی لە ڕێگەی ئاڵوگۆڕ بە شەهید ئەبوبەکر، شەهیدی قارەمان و نەبەزی سازمان شەهید محەممەد نانەوا کە ئامۆزای شەهید ئەبوبەکر بوو، ناچار بکەن کاک بابەشێخ حوسەینی ترۆر بکات، بەڵام شەهیدی قارەمان ئەبوبەکر کەریمی و هەروەها شەهیدی فەرماندەو قارەمان شەهید محەممەد نانەوا بە سەختی وەلامی ڕژیم دەدەنەوەو بە قارەمانەتی و ئیمانیان بە ڕیبازی کوردایەتی و سازمانی خەبات لووتی دوژمن دەشکێنن و هەڕەشەی ترۆرو مەرگ نایانترسێنێ‌ و مەردانەو کوردانە لە بەرانبەر دوژمندا خۆڕاگری دەکەن. بە داخەوە لە دوای چەندین مانگ شەکەنجەی بێ‌ بەزییانەی دوژمن و جەللادەکانی ئیتلاعات لە ڕۆژی 1ی خاکەلێوەی 1372 بە هۆی شکەنجەی قورس و بێ‌ بەزییانەی ڕژیمی ئاخوندی، شەهید دەکرێ‌ و گیانی بەرزی فیدای گەل و نیشتمان کردو ڕۆحی بەرزیتێکەڵ بە ڕۆحی شەهیدانی سوور خەڵاتی سازمانی خەبات و شەهیدانی خزمی لە سازمانی خەبات، شەهیدی قارەمان شەهید تەها سوور, شەهید محەممەد نانەوا، شەهید عەبدوڵانانەوا، شەهید مام ئەحمەد ڕەسوڵی، شەهید ناسر نانەوا، شەهید کاوە نانەوا تێکەڵ بوو.
لە یادی شەهادەتی کاک ئەبوبەکر کەریمی قارەمانی مەیدانی جەنگ و نەبەردیی و قارەمانی نەبەزو چاونەترسی ڕۆژان و ساتەکانی شکەنجەو زیندانەکانی ڕژیمی ملهوری ئاخوندی، هەزراران درود دەنێرین بۆ ڕۆحی پاک و بەرزی و بەڵێن بەشەهید ئەبوبەکر و تێکڕای شەهیدانی سوورخەڵاتی سازمانی خەبات دەدەین درێژە پێدەری ڕێگای سەربەرزانەو شکۆداریان بین.


2 ساڵ و 7 مانگ و 28 ڕۆژ و 13 کاتژمێر و 18 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

یادی سەروەری گەل شەهید ئەبوبەکر کەریمی

یادی سەروەری گەل شەهید ئەبوبەکر کەریمی

په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

په‌یوه‌ندی گرتن


ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07506206655 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07504687209 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07504497138 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن ئوروپا     : 0767676746   (0046)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن ئوروپا       : 040331264   (0047)



په‌یوه‌ندی ئه‌له‌کترۆنی:



[email protected] 
[email protected]
xebatmedia@sazmanixebat.net
[email protected]om

ئۆرگانه‌کانی سازمانی خه‌بات


ڕێکخراوی ئافره‌تانی خه‌باتی کوردستانی ئێران 

ڕێکخراوی لاوانی خه‌باتی کوردستانی ئێران