بە هاتنەوەی ٥ی خەرمانان، رۆژگار خولێکی دیکەی دا . وەرز و مانگ و ساڵ تێپەرین و کاروانی خەباتی رەوای گەلەکەمان لە پێناو وەدی هاتنی هیوا و ئاواتی کۆمەڵانی مافخوراو و نیشتمان داگیر کراوی کوردەواری دا، هەر وا درێژەی هەیە. کاروانێک کە تا گەیشتن بە دوا مەنزڵگای بەختەوەری و رزگاری نەتەوە و نیشتمان ،لە رەوت ناکەوێ و بە هیچ گژەبا و تۆفانێکی دژمنان و ناحەزانی دەرەکی و ژوورەکی، لە رێگای راستی خۆی هەتڵە نابێ.
هاو نیشتمانیانی خۆراگر، بنەمالەی سەربەرزی شەهیدان!
تێکڕای چین و توێژە چاونەترس و مافخوازەکانی کۆمەڵگای کوردەواری !
ئەندام و لایەنگرانی دڵسۆز و بەوەفا و پێشمەرگە قارەمانەکانی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران!
به هاتنەوەی ٥ی خەرمانان، رۆژگار خولێکی دیکەی دا . وەرز و مانگ و ساڵ تێپەرین و کاروانی خەباتی رەوای گەلەکەمان لە پێناو وەدی هاتنی هیوا و ئاواتی کۆمەڵانی مافخوراو و نیشتمان داگیر کراوی کوردەواری دا، هەر وا درێژەی هەیە. کاروانێک کە تا گەیشتن بە دوا مەنزڵگای بەختەوەری و رزگاری نەتەوە و نیشتمان ،لە رەوت ناکەوێ و بە هیچ گژەبا و تۆفانێکی دژمنان و ناحەزانی دەرەکی و ژوورەکی، لە رێگای راستی خۆی هەتڵە نابێ.
پیرۆز بێ یادی ٣٦ ساڵەی دامەزرانی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران کە خاوەنی رووباری خوێنی ئەو شەهیدانەیە کە بۆ رزگاری نەتەوە و ئاوەدانی نیشتمان، خۆ بەخش بوون و بەو پەڕی دلۆڤانی و سەخاوەتەوە تا سەر لوتکەی وەفا چوون و خۆیان لە پێناو نەمری گەل دا کردە قوربانی. ئەو سازمانەی کە تا دیت راستە رێ و راست وێژ و بەراوێژتر دەردەکەوێ. سازمانێک کە تا کات و زەمان تێدەپەڕێ، زیاتر پێداویستی بوونی لە گۆرەپانی خەبات و تێکۆشانی نەتەوەیی نەتەوەی کورد لە کوردستانی ئێران دا دەر دەکەوێ . راستی و خۆماڵی بوونی تێرامان و تێروانینەکانی لە بوارە جۆراو جۆرەکانی، کۆمەلایەتی، رامیاری، فەرهەنگی و ستراتیژی دوارۆژ و دوورە نیگای سیاسی و شرۆڤە و هەڵسەنگاندنی پێشهاتە جۆراو جۆرەکان لە هەر قۆناغ و سەردەمێک دا،خۆدەنوێنن.
پێویستە لەم یادە دا ئەو پرسیارانە لە خۆمان بکەین کە ئەو سازمانەی لەم رۆژەدا دامەزراوە و ٣٦ساڵ بەسەر راگەیاندن و ئاشکرابوونی دا تێدەپەرێ، بەرەو کوێ داژوێ و چ رەویە و رەوتێکی سیاسی شیاوی قۆناغی ئێستای گرتۆتە بەر؟ لەم راستایەدا چ قورسایی و سەنگێکی بزاڤی رزگاریخوازانەی نەتەوەیی لە سەر شانه و لە پێناو ئاشتی و هاودەنگی و لێک نزیک بونەوە و هاوهەڵوێستی هێزو لایەنە خەباتگێر و رەسەنە دڵسۆزەکان لە هەمبەر چارەنووسی نەتەوەکەمانی خستۆتە سەر شان.؟ بۆ خاشە بڕکردنی هەر چەشنە ستەم و نارەواییکی کومەلایەتی و سەقامگیرکردنی دیموکراسی و مافی مرۆڤ ، چ ئەرکێکی لە خۆ گرتوە؟. تا چەندە بە رابردووی خۆیدا چۆتەوە وخاڵە لاوازەکان دەبێنێ و بەوپەڕی شەهامەت و ئەمانەتداری و تەوازوعەوە ، قامک لە سەر هەڵە و پەڵەکانی خۆی دادەنێ و بۆ داهاتووێکی پڕ لە دەستکەوت ونزیک بوونەوە لە ئاوات و ئامانجی پیرۆزی گەل، خەت و نیشان دادەنێ .؟ لە پێناو گەشە و پەرەپێدانی هەست و بیری بە نەتەوەیی کردنی بزاڤی رەوای کوردی دا، بەو پەڕی باوەڕ بە ئەسڵەکانی دیموکراسی و مافی بەرانبەری ژن و پێاو و هاندانی ڕۆڵە بەوەفا و تێگەیشتوەکانی کورد بۆ هاتنە مەیدانی تێکۆشان و سەرئەنجام هەوڵدان بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی کراوەی پێشکەوتووی مەدەنی و، شاد بوونی تاک و کۆمەڵ بە مافە رەواکانیان و سڕینەوەی ئاسەواری هەر چەشنە چەوساندنەوە و ماف پێشێلکارێک لە ناو چێن و توێژەکانی کوردەواری دا و، ریزگرتن لە مافی گەل و نەتەوەکانی تر، چ پڕۆژە و بەرنامەێکی شیاوی لە هەگبەدایە ؟. چاو خشاندنێک بەسەر کار و هەڵسووڕان و هەڵوێستەکانی سازمانی خەبات دا، سەبارەت بە رووداو و پرسە هەنووکەییەکان، ئەو راستیانە دەخاتە روو کە ئەم سازمانە، بەهەست کردن بە بەرپرسیارەتی و بە هێندگرتنی روودا و کارەساتەکان لە هەر شوێن و کاتێک دا، هەڵسەنگاندن و راوێژی کردوە و ژیرانە و بوێرانە هەڵوێستی شیاوی گرتوە. لە بەرانبەر هەر کردەوە و پلانێکی دژمنانی کورد و کوردستان دا زۆر شەفافانە وبوێرانە، بە پێی توانا و بۆ کران هەڵوێستی گرتوە و بۆ لە قاودانیان بە پێی پێویست هەڵسوڕاوە و وتاری داوە و لە هاندان و پشتیوانی کردن لە هەر جوولە و حەرەکەتێکی شۆڕشگێرانەی جەماوەری لە دژی دژمنانی مرۆڤیەتی، بەتایبەت لە دژی رژیمی کۆنە پەرەستی ئاخوندی لە ئێران دا، دەوری شیاو و بەرچاوی گێڕاوە. لە گەیاندنی دەنگی ناڕازی و رەوای چین و توێژەکانی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بەگشتی و خەڵکی خەباتگێڕ و خۆراگری کوردستان بەتایبەتی، بە گوێی حەقخوازان وپارێزەرانی مافی مرۆڤ و کۆڕ و کۆمەڵە نێونەتەوەییەکان، شێلگیرانە لە هەوڵ و تێکۆشاندا بووە.
لە بواری هاودەنگی و هاوکاری و یەک ریزی و هاو هەڵوێستی و لێک نزیک بوونەوە لە نێوان هێز و لایەنەکانی سەر گۆڕپانی خەباتی رەوای گەلەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان دا، هەردەم لە هەوڵ و هەڵسوڕاندا بوە و تارادەێک لەم بارەوە کاری بەرچاو و بە بەرهەمی بەرێوەبردوە کە هیوادارین لە داهاتووش دا لەم بارەوە زیاتر چالاک و بەرچاوبین و هەستی دەربەست بوون بە بەرژەوەندی گشتی نەتەوەیی زیاتر گەشەبکات و هەموولاێک لەم پێناوەدا زیاتر و فیداکارانەتر و شەفافتر هەنگاو هەڵگرین. بەتایبەت کە دژمنی سەرەکیمان، رژیمی ئاخوندی، لە هەموو کات زیاتر کەوتۆتە پلانگیڕی و گۆرینەوەی کاسە دراوسێیەتئ فیتنە و ئاژاوەگێڕی چەند قۆڵی لە گەڵ دەسەڵاتە پاوانخواز و بێ بە لێنەکانی لە خۆی بێ بەڵێنتر بە رێککەوتنە نێونەتەوەیی و ژێر پێنانی ماف و ئازادییەکانی گەلانی و پەیڕەوانی ئایین و ئاینزاکان لە ناوچەکە و لە جیهاندا. رژیمی ئاخوندی ئێران لە کاتێک دا پەرە بە شەڕ و ئاژاوە و دەست تێوەردانەکانی لە ناوچەکەدا دەدات. کە شەڕی دەسەڵات لە نێو خۆی دام و دەزگاکانی دا و دژایەتی سەرسەختی مۆرەکانی ئەم رژیمە لەگەڵ یەکتری گەیشتۆتە ئەوپەڕی خۆی. رژیم بەم کارانەی دەیهەوێ لە بەرچاوی دنیای دەرەوە وا نیشان بدات کە دەسەڵات و نیزامی ویلایەتی فەقیە،هەمان نیزام و دەسەڵاتی دەورانی پیرە جەللادی جەماران، خومەینی یە و هەموو هەر پەیروی خەتی ئیمام و دلسۆزی نیزامن و هیچ چەشنە ناتەبایی و دڕدۆنگی و دووبەرەکێک لە ناو بەڕیوە بەرانی ئەم نیزام و دەسەڵاتەدا نیە و، ئێستا ئیتر وڵات بێ کێشەیە و گەلانی ئێران بە ئەرخەیانی لە ژێر سێبەری دەسەڵاتی ئاخوندیدا ژیانی ئاسایی خۆیان بەسەردەبەن و ئەوانەی کە لە زیندانەکان دان و رۆژانە لە قەسابخانەکانی دەولەتی رۆحانی دا بە بەرچاوی دنیاوە هەڵداواسرێن یان لە هەر بەرەبەیانێک دەکرێنە نیشانە و تیرباران دەکرێن، کەسانی سەرباری کۆمەڵ و ئاژاوەگێڕن و هەر کەس وەک ئەوان بیر وەکا و بجوڵیتەوە دەکەوێتە بەر تیغی عەداڵەت و، دەیانەوێت بەم چەشنە خەڵک چاوترسێن بکەن، بەڵام ئەوەی کە جێگای خۆشحاڵیەو بە شێوە ێکی بەرچاو دیارە ئەوەیە کە سەرەرای هەموو ئەو کردەوانەی رژیم، کۆمەلانی وەزاڵەهاتوو لە دەسەڵاتی ئاخوندی و کردەوەکانی ، بە شێوەێکی بەرچاو و نەترسانە دەنگی نارەزایەتیان بەرز بۆتەوە و تەلیسمی ترس و خۆف لەم دام و دەزگا خۆێنڕێژەیان شکاندوە و ئامادەی قوربانی دانن. رۆڵەکانی گەل، ئەوانەیکە خەمخۆر و دڵسۆزی نەتەوە و نیشتمانن چ لە تێکڕای ئیران و چ لە کوردستان، روویان کردۆتە کاروانی خەبات و تێکۆشانی دژبەرانی رژیم و لە پێناو هەرچی زووتر گەیشتن بە لوتکەی بەختەوەری و ئازادی . ئەم وەرچەرخان و هەستان و هەڵوێستانەی کۆمەڵانی خەلک لە هەمبەر دەسەلاتی ئاخوندیدا، باشترین هەل و دەرفەتە بۆ هەرچی زیاتر هاوکاری و لێک نزێکی و هاوخەمی و کۆدەنگی لایەنەکانی کوردی لە کوردستانی ئێران لە لایەک و، ئاوڕدانەوێکی پڕ لە هەست و سۆزی شۆرشگێڕی و نیشتمان پەروەری ،لە لایەن دەسەڵات و بەرپرسانی بەشەکانی تری کوردستان، بەتایبەت بەشی کوردستانی عێراق، کە ماڵی هیوای هەموو کوردە لە کوردستانی پان و بەرین دا، ئەم جۆرە هەڵوێست و تێرامان و هەستی نیشتمان پەروەریە،لە کاتی ئێستا دا لەهەموو کات زیاتر بەرچاو و پیویستە.
بەرێزان!
لە کاتێک دا یادی ٣٦ سالەی سازمانەکەمان رێزدەگرین کە کوردستان و ناوچەکە بەقۆناغێکی زۆر هەستیار دا تێدەپەڕی . گەلی کورد و رۆڵەکانی بوونە پیشەنگ و ئاڵا هەڵگری ئەرکێکی پیرۆز و مرۆڤایەتی لە پێناو پاراستنی تێکڕای جیهان لە دەست دیاردەی شوومی تیرۆر و رەشەکوژی ،کە ئەمجارەیان لە ژیر ناوی دەوڵەتی ئیسلامی و ئالای رەشی داعش دا وەک سەرەتانێک لە جەستەی رۆژهەلاتی ناوین و بەتایبەت لە سەر جەستەی زامدار و ماندوی کوردستان سەری هەڵداوە. ئێستا کوردستان بە هۆی ئەم شەڕە نەخوازراو و ماڵوێرانکەرەوە ، بۆتە مەیدانی تەراتێنی زلهێزە پاوانخواز و دژ بە یەکەکان لە لاێک و لەلایەکی تریشەوە بۆتە ژینگەێک بۆ زیاتر دانانی گەرای دووبەرەکی نانەوەی دەسەڵاتە داگیر کەر و دژمنانی لە مێژینەی نەتەوە و نیشتمانی کورد، بێ گوومان ئەو هێز و لایەنانەی چارەنووسی گەلی کورد٠Šان لە بەردەسته به هەستێکی پاکی بەرپرسیاری لە هەمبەر نەتەوە و نیشتمان، مەترسیەکان تێدەپەڕێنن، وه کورد لە هەڵدێر و مەترسی رزگار دەکەن.
سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران سەرەرای ئەوەی کە لایەنێکی سیاسی و خەباتکاری کوردستانی ئێرانە،لە پێناو پاراستنی کورد و کوردستان و دەستکەوتەکانی گەلی کورد لە پارچەکانی تری کوردستان، بە پێی توان و بۆ کران لە هیچ چەشنە فیداکاری و ماندوو بوونێک درێغی نە کردوە و بە بەرپرسیارەتیەوە ئامادەی خوێندان و تێکۆشان بووە. هەر لە رۆژەکانی سەرەتای هاتنی داعش بۆ ناوچەکە و شەڕی لەگەڵ کورد و هێرش هێنانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان،هێزی پێشمەرگەی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، بە کەرەستە و ئامرازی سەرەتایی پێشمەرگایەتیەوە بێ پسانەوە لە سەنگەرەکانی پێشەوەی بەرگریکردندا بوە و هەیە .
هیوادارین کورد لە هەر کوێیکی ئەم جیهانەیە یەک ریزی و بەتەبایی خۆی بپاریزێ و وەک یەک نەتەوە خۆی بە کوردستانی بزانێ و یەک دەنگ و یەک داوا لە هەمبەر هەموو پرسە ناوچەیی و جیهانیەکان هەڵوێست بگرێ و هیزو توانای جەستەیی و تێرامانی خۆی لە پێناو ئازادای و ئاوەدانی نیشتمانی دا کە کوردستانە ، بخاتە کار .
پیرۆز بێ یاد و بیرەوەری ٣٦ سالەی دامەزرانی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران
سەرکەوێ کورد، ئازاد و ئاوەدان بێ کوردستان
سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران
کومیتەی ناوەندی
٥ی خەرمانانی ١٣٩٥ کۆچی خۆری