بەبڕشتترین چینی شۆڕشگێڕ کە لە هەموو قۆناغەکانی خەبات دا بەشی فیداکاری لە خۆ گرتوەو دەوری بنەڕەت و سەرەکی بینیوە، چینی چەوساوەو زەحمەتکێش بووە. چەوساوەو زەحمەتکێشەکان بە ئارەقی ناو چاوانیان پێچکەی ڕەوڕەوەی شۆڕشیان چەرخاندوەو بە باسکی بەهێزیان نەیانهێشتووە هیچ داگیرکەرێک کۆسپی بخاتە سەر ڕێ. ئەو ڕەوڕەوە ئەگەر کرابێتە هێزی یەکگرتووی ئەو چینە قایم و لەشکان نەهاتووە لە بەینی بردوەو ڕای ماڵیوە و ڕێگای ڕەوتەکەی پاک کردۆتەوە. شەهید حسێن ساحێب نەزەر، نمونەی زەحمەتکێشێکی شۆڕشگێڕ بوو، کە ئاسەواری نەسرەوتن تا سەرکەوتن لە قەڵافەتی پیاوانەیدا ڕەنگی دەداوە. شەهید حسێن لەکڵی نەداری و هەژاری و ئاوارەیی هاتبووە دەر، دەرسی خۆڕاگری و مقاومەتی لە درێژەی ژیانی خۆیدا دەخوێندەوە. شەهید حسێن ساحێب نەزەر کوڕی مام فەتحوڵا خەڵکی جاندارانی ناوچەی سەردەشت بوو، کەند کۆسپەکانی ژیانی پاڵیان پێوەنا و بە کوردستاندا سوڕاندیانەوە. بنەماڵەی شەهید حسێن گوندەکانی ناوچەی بۆکان و شاری بۆکانیش گەڕان، شەرەفی کوردانەی لە بنەماڵەدا گوڵی کردبوو، شەهید حسێن نمونەی ئەو هەستە پاکە بوو.
لە ساڵی ۱۳µ۸ دا کە ئاگری دوژمن سوتێنی شۆڕشی کوردستان مەزاری داگیرکەرانی گرتەوە و شاڵاوی گڕی خەبات ئاتەکی تاوانبارانی دەسەڵاتداری قوم و تارانی هەڵقرچاند، شەهید حسێن چەکی شەرەف و پێشمەرگایەتی لە شان کرد، لە ماوەی سێ ساڵ پێشمەرگایەتیدا توانی ئەمەکی خۆی بۆ کوردستان بداتەوە و لە بە جێ هێنانی گەورەترین ئەرکی خوێدا، کە بەگژداچوونەوەی هەموو چەشنە ستەم و هەموو ستەمگەرێکە سەرکەوتووانە هەڵدەسووڕا. شەهید حسێن نزیک بە چل ساڵ ژیانی سەربەرزانەی لە یەک شەوەی ناوچەی فەیزوڵابەگی بۆکان لە شەڕێکی قارەمانانەدا لە دژی هێزەکانی ڕژیم و ولایەتی فەقیەی خومەینی لەگەڵ شەش برای هاوسەنگەر و هاو باوەڕی شەهید بوو. هەزار سڵاو لە گیانی شەهیدانی یەکشەوە