سەروەری گەل شەهید سادق زەندی ناسراو بە(قانع)
یادی سەروەران کۆڕێکە کە یادی شەهیدانی تێدا دەکرێ بۆ زیندوو کردنەوەی دڵانی مردوو.
یادی سەروەران سروەی بەیانە و نمی بارانی بەهاری یە کە لە دڵی مردووان و گیانی دەنگ پەڕیوان و ورە چوان دەبارێ، یادی شەهیدان داچڵەکێنی ئەوانەیە کە لە گوێی گادا خەوتوون بە هەموو ڕووداوێک دەڵێن بە توون. لە تەڕ خواردوویانەو لە وشکی نووستوون. یادی سەروەران، سەروەری سوور پۆش دەهێنێتەوە بەرچاو کە سەروەرانی دایکانی چاو بە گریان دەکەن، کە دایکان لەگەڵ هەنیسکان و فرمێسکی دڵۆپ دڵۆپ خوێنی سەر گۆنایان دەسڕنەوە و لێوی خۆیان بەددان دەپچڕێننەوە کە دوژمن خوێنی ڕوومەت نەبینێ و دەنگی شیوەن نەبیستێ. یادی سەروەران خوێنی سوور و سوێری شەهیدان بە برینی ساڕێژی شۆڕشگێڕان دا دەکاو دەکوڵێتەوە و سۆی دەهێنێتەوە، یادی سەروەران هەستان دەبزوێنێت و بەستان دەشکێنێت و بەندان دەپسێنێ. یادی سەروەران یادی شەهیدانەو پەیمان گرێدانە کە خوێنیان وشک نەبێتەوە و ڕێبازیان کوێر نەبێتەوە، بەتایبەت شەهیدێک کە برینی، برینی دڵانە پڕیشکی پەژارەی دەستە چیلەی کڵانە. دیارە بەڕێزی و زۆر ڕێزی، بۆ وێنە شەهیدێکی کەم وێنە کاک سادقی زەندی ناوی سازمانی(قانع) پێشمەرگەی بە بیر و ژیر و لێزان و بە ئیمان و کادری بە باوەڕ و خودا پەرەست و بەبڕشت. شەهید قانع کوڕی بایز لە بنەماڵەیەکی هەژار لە دێی (خمانە)ی شارباژێڕی کوردستانی گەرمێن لە دایک بووە. لە ڕێکەوتی ١٣٦٠ چەکی پێشمەرگایەتی لە ڕیزەکانی سازمانی خەبات لە شان کرد. شەهید قانع لە فێرگە و قوتابخانەکانی کوردستانی گەرمیان دیپلۆمی وەرگرتبوو، خوێندەوارێکی باش بوو. شەهید قانع باوکی لە بنەڕەت دا خەڵکی قوڕمێشی ناوچەی بۆکان بوو. بەو هۆیە دڵی بۆ لای شۆڕشی کوردستانی ئێران چوو بوو. ئەوە بوو هاتە ناو کوردستانی کوێستان و هاتە ناو ڕیزی سازمانی خەباتەوە. شەهید قانع زۆر باوەڕی بە شۆڕشی کوردستان لەسەر ڕێبازی سازمانی خەبات هەبوو.
تێکۆشانی لە ناوچەی گەورکی مەهاباد و بۆکان و دۆڵی میرە دێ دەکرد. جوێ لەوە لەبەر بەرەکانی جەنگیش دا چاوی نەدەترسا.
شەهید قانع یەکێک لە شەهیدانی ١٦ی خاکەلێوەیە، یەکێک لە کاروانی شەهیدانی یەک شەوە