رێناس فەلەکی
ماوەی چەند سالێکە گەڵاڵەێکی سەرکوتکەرانە لە لایەن دەزگا ئەمنیەتی و بە ناو دەزگای یاسا دانانی رژیمی ئاخوندی و تەنانەت لە بەرزترین ئاستی هێز، واتە لە لایەن خامنەییەوە موناقەشە و قسەی لەسەر ئەکرێ وبە هاتنی رەئیسی سەرۆک کۆماری ناسراو بە جەلادی مێژوو باسەکان لە سەر ئەو گەڵاڵەیە دووبارە گەرم بۆتەوە و لە ماوەی رۆژانی رابردوو لەسەر هێنانەوی ئەو گەڵاڵەیە بۆ ناو مەجلیس دەنگدان کرا و بە زۆرینەی دەنگ بڕیار درا گەڵاڵەی بەربەست دروست کردنی سەر ئینتەرنێت لە مەجلیس قسەی لەسەر بکرێ، ئەوە لە کاتێکدا بوو کە پێشتر لە سەحنی مەجلیس رادەستی کۆمیسیۆنی ئەمنییەتی مەجلیس کرابوو و بریار بوو ئەوان لە پاش هەلسەنگاندن بریاری لەسەر بدەن.ئەو سەر لێشێواوی و ئاڵۆزیە لە بریار و ساخنەبوونەوە لەسەر پەسەندکردن یان رەت کردنەوەی گەڵاڵەکە پێوەندی بە هەستیاری و لێکەوتەکانی دوایی هەیە و دەسەڵات لە دوو رێیانی قازانج و زەرەرەکانی بە جیددی گیری خواردووە و هاوکات کە ئەزانن بوونی ئینتەرنیت و ئاڵ و گۆڕی ئازادانەی زانیاری چەند کاریگەری نەرێنی هەیە بۆ سەر دەسەلات لە بەرانبەریشدا ئاوا ئاگادارن لە نەبوونی ئینتەرنیت چەندە زەرەرمەند ئەبن.لەکاتیکدا دا لە ئاستی نیونەتەوەیی و لە وەڵاتە دیمۆکراتییکەکان بوونی ئینتەرنیت خێرا و بێ بەرانبەر وەک مافێکی سەرەتایی هاووڵاتیان تەماشا ئەکرێ و دەوڵەت خۆی بە ئەرکدار ئەزانێ لە هەمبەر ئاسانکاریی لەو خزمەتگوزاریە دا، ئەبینین دەسەلاتی دیکتاتۆری ئاخوندی ئینتەرنێتی لێ بۆتە مۆتەکە و بە دژمنی سەرەکی خۆی ئەزانێ. بێ گومان سرۆشتی هەموو نیزامێکی دیکتاتۆر بەمجۆرەیە کە مانەوە و بەردەوامی خویان لە کەشی توندی ئەمنیەتی و سەرکوت و پێشگرتن لە جوڵەی زانیاریی و ئازادی ئەندێشە و بیرکردنەوە و زانین و فێر بوون ئەبینن و ئەوەندە بێ متمانەن بە سیستەم و دەسەڵاتەکەیان و لە ئاستی بەرزی نامەشروع بوونی خویان ئەوەندە دڵنیان کە دەیانهەوێ لە رێگەی ئەو بەربەست دروست کردنانە پێش بە تەقینەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری وەزاڵە هاتوو بگرن . نابێ لە بیرمان بچێ بەشێکی بەرچاو لە چوونە پیشەوەی ناڕەزایەتییەکانی بەهاری عەرەبی لە رێگەی ئینتەرنیت و ئاڵوگۆڕی زانیاری ناو دونیای مەجازیی بوو و ئەوە ئەو راستیەیە خەوی لە چاوی خامنەیی و باقی دەسەڵاتدارە دیکتاتۆرەکانی رژیمی ئاخوندی زڕاندووە.گەڵاڵەی بەربەست کردنی ئینتەرنێت بە عەمەلی دوو بەرەی موافق و ناڕازی لە ناو خودی دەسەڵاتدا دروست کردووە و لایەنگرانی پەسەند کردنی ئەو گەڵاڵەیە بە هەست کردن بە مەترسیەکانی ئازادی ئالوگۆری زانیاریی و بیر و ئەندیشە ترسی ئەوەیان هەیە ناڕەزایەتییەکانی ناو کومەڵگا بەرەو تەقینەوەی زیاتر بچی و جوڵانەوەێکی ناڕەزایەتی بەربەرین دروست بکات و لە رەهەندی ئەمنیەتی و ترسی نەمانی دەسەڵاتیان خوێندنەوەی بۆ ئەکەن و لەبەرانبەریش دا بەرەی ناڕازی باس لەوە ئەکەن کە بەشێکی بەرچاو لە کار و کاسبی خەڵک لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوەیە و ئەو گەڵاڵەیە خوی زیاتر کەلێنەکان بەرفراوان ئەکاتەوە و دۆخی خەڵک بەرەو خراپی زیاتر ئەچێ و لە ئاکامدا ناڕەزایەتی ناو کۆمەڵگا پەرە پێ ئەدا. لە لایێکی ترەوە بەشێک لە زیانەکانی ئەو گەڵاڵەیە خودی دەسەلاتیش دەگریتەو و بە پێی خودی سەرچاوەکانی دەسەڵات لە ناڕەزایەتیەکانی خەزڵوەری 1398 کە ئینتەرنێت لە لایەن دەسەڵاتەوە بچرا زیاتر لە 1 میلیارد زیانی ئابووری بەدەسەلات گەیاند.ئەوەی کە ئێستا دەیبینین ڕژیم بە شاراوە و شێنەیی وا خەریکە ئەو گەڵاڵەیە لە ڕێگەی بەرزکردنەوەی نرخی ئینتەرنێت لە ئیران بۆ دووبەرانبەر و دابەزاندنی خێرایی ئینتەرنیت بەڕێوە ئەبات و گومان ئەکرێ کە ئەوە وەک تاقیکاری و زانینی دژکردەوەی خەڵک لە ڕاست ئەو پرۆژە سەرکووتکارییە ئەکەن و لە نەبوونی هیچ دژکردەوەیکی ئەوتۆ لە داهاتوو دا پرۆژەکە ئاشکرا و عەمەلی ئەکەن. ئەوەی راستی بێ ئەو جۆرە پرۆژانە ناتوانێ رێگەی زانین و تێگەیشتنی کۆمەڵگا بگرێت و خەڵکی ئێران هەموو راستییە تاڵەکانیان بۆ ئاشکرا بووە و بە جوانی لەوە ئەگەن هەر رۆژیک ئەو دەسەڵاتە لەسەر کار بمینێتەوە خەسارەتی قەرەبوونەکراوە لە خەڵک ئەکەوێ و ئەو ڕژیمە لەو پەڕی نەزانینەوە ئەیهەوێ لەسەردەمی پێشکەوتن و پێوەندییەکان و زانست دا گەڵاڵەێکی لەم چەشنە جێبەجێ بکات و ئەگەر ئینتەرنێتی ئازادیش نەمینێ لە ئیران ئەوە بێگومان رێگەی تر و یەک لەوان ئینتەرنێتی ماهوارەیی کە لە ئێستادا لە وەڵاتی ئۆکراین جێبەجێ ئەبێ، ئەتوانێ ئەو پرۆژەیەی دەسەڵات پووچەڵ بکاتەوە.بۆیە هیچ گومانی تێدا نییە دەسەڵاتی ئاخوندی ناتوانێ لە ڕێگەی ئەو بەربەست و پرۆژە سەرکوتکەرانەیە پێش بە جوڵەی زانیاری و پێش کەوتن و زانست و ئازادییەکانی مرۆڤ بگرێت و دواجار مەحکوومە بە پێمل بوونی ئیرادەی لەشکان نەهاتووی کۆمەڵانی خەڵک و کۆتایی هاتن بە دەسەلاتی دیکتاتۆرانەی.