ساڵڕۆژی چاپی مانگنامەی تێکۆشان ئۆرگانی کۆمیتەی ناوەندی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران و ساڵڕۆژی چاپی یەکەمین ڕۆژنامەی کوردستان لە شاری قاهیرەی میسر پیرۆز بێ.
سەد و بیست و چوار ساڵ لە وە پێش لە ٢٢ی ئەپریلی١٨٩٨ لە شاری قاهیرەی پایتەختی وڵاتی میسر لە لایەن گەورە پیاوی کورد میقداد میدحەت بەدرخان یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی بە ناوی کوردستان چاپ و بڵاو کرایەوە.
بە هەست کردن بە گرنگی ئەرکی ڕۆژنامەوانی بە مەبەستی بەرەوپیش بردنی هەستی نەتەوەیی و ئەرکی ڕاگەیاندن و بڵاوکردنەوەی دەنگی کوردان لە ناوچەکەدا,سەرەڕای هەموو کێشە و کەند و کۆسپەکان کە وەڵاتە داگیرکەرەکان دروستیان کرد,میقداد مەدحەت بەدرخان یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی بە ناوی کوردستان بە چاپ گەیاند. لەو کاتەوە تا ئەم سەردەمە,ڕۆژنامەگەری کوردی بە قۆناغی جیا جیا و لایەنی جواروجۆردا دابەش دەکرێ,کە هەم پێش کەوتنی بەرچاوی بە خۆوە بینیوە و هەم خاڵی لاوازیشی هەیە,کە دەکرێ بە هەوڵی دڵسۆزان و چالاکانی مەیدانی ڕۆژنامەگەری و ڕۆژنامەوانانی سەردەمیانە و تێکۆشەرانی نەتەوەکەمان بەسەر کێشە و لەمپەر و خاڵە لاوازییەکانیشدا زاڵ بین و پەرە و گەشە بەو بەشە گرنگەی کاری ڕۆژنامەگەری و ئەرکی خزمەت بە نیشتمان و نەتەوە و مرۆڤایەتی بدەین کە بێگومان ئەگەر بە چالاکانە کار بکرێ، ڕۆژنامە و ڕۆژنامە نووسان دەوری گرینگیان دەبێ لە بەرەو پێشبردنی خەباتی ڕۆشنبیری و مافخوازی گەلی کورد لە بەرانبەر ڕژیمی دیکتاتۆری ئاخوندی ئێران.
دڵسۆزانە خزمەت بە کاری ڕۆژنامە نووسی و کاری ڕاگەیاندن، ئەرکێکی گەورە و پڕ بایەخ ونەتەوەییە. هومیدوارم ڕۆژنامە نووسان و نووسەران و تێکڕای ئەو بەڕێزانەی لە ئەرکی پیرۆزی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی تێ دەکۆشن بەردەوام بن لە کاری پیرۆزیان و سەرکەوتوو بن.
ئەرک و کاری لیبڕاوانە لە پیناو بەرەوپیش چوونی ڕۆژنامەی ئازاد و پڕ ناوەڕۆک و نووسینی بابەتی ڕەخنەگرانە, بۆ بەرەوپیش چوونی لایەنی سیاسی و کومەلایەتی وئەخلاقی و کەلەپووریی,ئەرکی ڕۆژنامە نووسی دڵسۆز و بوێرە.
بەو هومیدەی ڕۆژنامە نووسانی کوردستان بە لە بەرچاو گرتنی بنەما و بنچینەکانی کاری ڕۆژنامەوانی و ڕاگەیاندن سەرکەوتوو بن.
لەم بۆنەدا جێگەی خۆیەتی زیاتر گرینگی بە نووسینی ڕاست و ڕەوانی کوردی بدرێ و کەڵک لە وشەی داتاشراو وەرنەگیرێ و نووسینی کوردی جوان وخوماڵیانە ببیتە بناغەی کاری ڕۆژنامە نووسانی بەڕێز.
سڵاو لە ڕۆحی پاکی میقداد بەدرخان بناغە دانەری ڕۆژنامەنووسی کوردی.
پیروزبێ 124 ساڵەی ڕۆژنامە نووسی کوردیی لە ڕۆژنامەنووسانی کورد بە تیکراو ڕۆژنامە نووسانی کوردستانی ئێران بە تایبەت.
سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران
سکرتێری گشتی
بابەشێخ حوسێنی
22/4/2022