سەروەری گەل
شەهید عەبدوڵا قادری...
چەندی خەباتی گەلەکەمان ڕەوایە چەندی باوەڕ بە نا ڕەوایی ستەم و خەباتی ڕەوا دێت و پتەوتر دەبێ، چەندی ڕۆڵە بە نرخەکانی کوردستان نرخی خەباتیان لە لا سەردەکەوێ، چەندی داخ لە دوژمن لە دڵی یەکەیەکەی گەلەکەمان ڕیشە دادەکوتێ و ڕیشەی ئەو داخە بە هەموو ڕەگی لەشماندا ڕیشاژۆ دەکا، چەندی پێ ڕاست بێ، ڕێی خەباتی خوا پەسەندانە لە بەرچاوی جەماوەردا گەش و ڕونتر دەبێ، چەندە ڕۆڵە گیان لەسەر دەستەکانی کوردستان نۆرە بڕی لە یەکتر دەکەن بۆ کۆڕی شەهیدان، چەند کاروانی شەهیدان دەخەنە دڵی پیاوانی بە شەرەفەوە، چەندە ڕێبوارانی ڕێی شەهادەت دڵی ئازادیخوازیان بۆ دەبێتە پرد لە بواری مەردانەگیدا، چەندە ڕیزی شەهیدان درێژ دەبێتەوە، سەرێکی لە مەیدانەکانی خەباتی ڕەوای گەلی کوردە و سەرێکی لە خزمەت بە مافی مرۆڤایەتی و دادپەروەریە، چەندە فرمێسکی سووری دایکانی ڕوسوور بە بارهێنانی قارەمانانی کۆڕی شەهادەت بنکی هەڵاڵە برایمە ئاو دەدا، چەندە باوکانی قارەمان شانازی دەکەن بە ڕۆڵەی قارەمانیان لە دیواری شەهیدانی کوردستان لە بەهەشتی بەریندا، چەندە لاوان، کیژان و کوڕان، ڕۆژانی هەینی ڕوو دەکەنە کۆڕی شەهیدانی سوور خەڵات، باوەش بە کێلیان دا دەکەن و خۆزگەیان پێ دەخوازن، چەندە دڵانی بە ئەمەک یادی شەهیدانی جوانە مەرگ دەکەن چەندە هەڤاڵان، هەڤاڵانی ڕێی شەرەف و کوردایەتی بە یادی شەهیدی مەیدان گەرم دادێنن و دوژمن لە خوێن دەگەوزێنن، چەندە گۆڤار و ڕادیۆی کورد لە خەبات و گیانبەخت کردن دەدوێن و بە باڵای شەهید هەڵ دەڵێن، ئەی شەهیدی سوور خەڵاتی خەباتی خوێناوی!
ئەی گیانبەخت کردوو لە ڕێگای کوردایەتی، تۆمان لە بیرە و تیشکی باوەڕی ڕوناکت لە دڵماندا ئاوا نابێت. ئەی شەهیدی ڕێی حەق و ئازادی هەر چەند، کە چەند وەرزە بە سەر شەهادەتی تۆدا تێدەپەڕێ، بەڵام گیانمان سات نا ساتێک وەک پەروانە بە دەوری گۆڕی پڕ لە ئیمان و باوەڕت دادەگرێ. ئەی شەهیدی نەمر بێچوە شێری چاو نەترس، ئەی ڕۆڵەی بە وەفا لە ڕێی شەرەف و دۆستایەتیدا، لە ڕێی پشتیوانی لە حەق و حەق پەرەستاندا، یادی تۆ چرکە ساعەت دڵە و بێ یادی تۆ دڵ لە کار دەکەوێ. تۆ لە دڵی نزیکان و هەڤاڵانت ئاوا نابیت و یادت سروەی دڵی پر لە خەم و پەژارە و هاودەمی دەربەدەری و ئاوارەیمانە. گۆڕی بە سامت نوێنەری هەڤاڵانی ماڵ لە هەندەرانە، هەڵاڵەی سووری سەر گۆڕت ئاڵای سووری مەیدانی قارەمانی و شەهادەتە و چقڵی چاوی دوژمنی گەل و داگیرکەرانی نیشتمانە.
یادی ئەمجارەمان یادی شەهیدی نەمر عەبدوڵا قادری یە، شەهید عەبدوڵا کوڕی فەقێ کەریم لە ساڵی ١٣٣٢ دا لە دێی یاکوباوای ناوچەی بانە لە بنەماڵەیەکی وەرزێر لە دایک بووە. خوێندنی سەرەتایی لە مەدرەسەی گوندەکەیان خوێند، پاشان لەبەر یەک تەنی باوکی ناچار بە دەست هەڵگرتن بوو لە خوێندن و خەریکی کاری وەرزێری بوو. شەهید عەبدوڵا قادری لاوێکی ڕاست و بە ئیمان بوو، جێی دڵنیایی خێزان و هەواڵانی بوو. لاوێکی دەست پاک و دڵ پاک و چالاک بوو. لە ڕاپەڕینەکانی پاییز و زستانی ١٣٥٧ دا دژ بە ڕژێمی شا وێڕای لاوە بە شەرەفەکانی ناوچە هاوبەشی کرد. کاتی سەرکەوتنی شۆڕشی خەڵکی ئێران، شەهید عەبدوڵا وێڕای لاوە خوێن گەرمەکانی ئاوایی خۆیان چەکی پێشمەرگایەتی لە دەفتەری مامۆستا شێخ عیزەدین وەرگرت و ئامادەی هەموو پێ سپێردراوێک بوو. هەر بۆیە بە یەکێک لە دڵسوزانی ئەو ڕێبازە دەناسرا، لە ڕۆژانی سەرەتای شۆڕشی کوردستاندا هەر خاوەن باوەڕانی شەهید عەبدوڵا بوون کە سازمانی خەباتیان پێک هێنا و نەیان هێشت ڕێگەی کوێر بێتەوە. شەهید عەبدوڵا لە جەنگی پادگانی بانەدا بە دڵ بەشداری کرد و ئاواتی بوو کە بە فیدا کردنی خۆی و هەڤاڵانی و پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان پادگانی بانە هەڵکەنن. بە داخی گرانەوە لە ۱۳٥۹/۲/۸دا بە ڕاکتی فڕۆکەی دوژمن، خۆیی و ئامۆزاکەی بە ناوی حەسەن قادری بە پلەی بەرزی شەهادەت گەیشتن و تەرمی پیرۆزیان بۆ گۆڕستانی پڕ بە پیتی یاکوباوا لە بەرانبەر ئاواییە قارەمان پەروەرەکەیان خرانە گۆڕی شەرەف و سەربەرزیەوە.
هەزاران سڵاو لە گۆڕی شەهیدان خۆرهەڵاتی کوردستان