__ دوو کۆڵبەری کورد لەناوچەی سنوورییەکانی ئێران و تورکیە کوژران
__ لەسنە بە کورتەنامە هەوڵی چاوترسێن کردنی بنەماڵەی چالاکانی سیاسی دەدرێت
__ هە دە پە: داعش بهرپرسی تهقینهوهی پهرسووسه
__ دژکردەوەی توندی رەفسەنجانی بە قسەکانی خامنەیی
__ بۆچی رژێمی ئاخوندی بۆ دەوڵەتی ئەمریکا کوبا نییە
__ وردەکاریێک لە هەوڵی رژێمی ئاخوندی بۆ دەورلێدانەوەی گەمارۆکان
__ کۆریای باکوور: رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێران بێسودە
دوو کۆڵبەری کورد لەناوچەی سنوورییەکانی ئێران و تورکیە کوژران
دوو کۆڵبەری کورد لەسنووری نێوان ئێران و تورکیە بە تەقەی راستەخۆی هێزە نیزامییەکانی رژێمی ئاخوندی ئێران کوژران. بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی کوردپا، چەند رۆژ لەمەوبەر، لەئەنجامی دەستڕێژی هێزە حکوومەتییەکان لەخاڵی سنووری پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا دوو کۆڵبەری کورد بە ناوەکانی، ئارام شاهیننژاد تەمەن 19 ساڵ خەڵکی گوندی پسان و سەیفەدین یوسفی بانی تەمەن 17 ساڵ، خەڵکی گوندی بانی سەر بە تەرگەوری ورمێ، گیانیان لەدەست دا.شایەتحاڵان لە بارەوە دەڵێن: تەقە کردنی هێزەکانی حکوومەتی بەبێ ئاگادار کردنەوەی کۆڵبەران روو دەدات و ئەو کارانە وای کردووە کە ژیانی هاووڵاتییانی کورد لە ناوچە سوورییەکان بکەوێتە مەترسییەوە. سەرەڕای کوشتنی رەوتی بەردەوامی کۆڵبەرانی کورد لەلایەن هێزە نیزامییەکانی رژێمی ئاخوندی ئێرانەوە مەحکووم کردنیان لەلایەن رێکخراو و ناوەندە نێونەتەوەیەکانی مافی مروڤەوە، ناوەندە پێوەندیدارەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران هیچ هەڵوێستێکیان لەو بارە لە خۆیان نیشان نادەن.
لەسنە بە کورتەنامە هەوڵی چاوترسێن کردنی بنەماڵەی چالاکانی سیاسی دەدرێت
ماوەیەکە لەشاری سنە لەپارێزگای کوردستان و بەتایبەتی لەیەک حەفتەی رابردوودا ئیدارەی ئیتلاعات کورتەنامەی بۆ بەشێکی بەرچاو لەبنەماڵەی چالاکانی سیاسی کورد بەرێ کردووە. بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی کوردپا، لەماوەی رابردوودا کۆمەڵێک کورتەنامە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە بە ناوەڕۆکی "هەڕەشە ئامێز"ـەوە بۆ ئەو بنەماڵانەی کە کەسێکی نزیکیان لەدەرەوەی ئێرانە بەرێ کراوە و داوایان لێکردوون کە رۆڵەکانیان بگەڕێننەوە.لەو بارەیەوە یەکێک لەو بنەماڵانەی کە کورتەنامەی بۆ نێردراوە رایگەیاندووە کە،" ئێمە زیاتر لە ٢٠ ساڵە کە کوڕەکەمان لەناو حیزبە سیاسییەکاندا نەماوە و لە ئورووپا ژیان بەسەر دەبات". کەسێکی نزیکی ئەو بنەماڵەیە ئەوەشی خستەڕوو، ئێمە بە ناوەندە ئەمنیەتییەکانمان وتووە کە کوڕەکەمان لەناو هیچ حیزبێکی سیاسی و چەکداردا نیە و بەرپرسانی ئەو ناوەندانە بێ ئاگایی خۆیان لەو بارەیەوە دەربڕیوە. هەر لەو پیوەندییەدا سەرچاوەیەکی دیکە بە ئاژانسی کوردپای وت: ناوەندە ئەمنیەتییەکانی شاری سنە ئاگاداری مانەوە و یان روێشتنی خەڵکی لەناو حیزبە سیاسییەکاندا نین و لەو ماوەیەدا چەندین کوردتە نامە بۆ خەڵک ڕەوانە کراوە و تێدا باسیان لەوە کردووە کە نابێ رێگە بدەن کورەکانتان لە ناو ئە حیزبانەدا بێت. ئەو سەرچاوەیە ئاشکراسی کرد. ئیدارەی ئیتلاعات لەچەندین حاڵەتدا بە کورتەنامەش نەوەستاوە و راستەوخۆ تەلەفوونی بۆ بنەماڵەکان کردووە.
هە دە پە: داعش بهرپرسی تهقینهوهی پهرسووسه
هە دە پە، له بهیاننامهیهکدا که ڕۆژی ڕابردوو هاوپهیوهند به تهقینهوهی تیرۆریستی شاری پهرسووس بڵاویکردبووهوه، وێڕای ئیدانهکردنی ئهم هێرشه داعشی به بهرپرسی بۆمب نانهوهی ئهو شاره زانی و بانگهێشتی سهرجهم خهڵکی تورکیای کرد تهڤلی بهرهی ئاشتی بن و له بهرانبهر داعش یهکدهنگ بن. بهپێی راپۆرتی هەواڵدەرییەکان، پارتی دیموکراتیکی گهلان (HDP)، ڕایگهیاند: تهقینهوهی خۆکوژی ڕۆژی ڕابردوو له پهرسووس که لانیکهم 30 کوژراو و زیاتر له 100 برینداری لێکهوتهوه، لهلایهن گرووپی دهوڵهتی ئیسلامی عێراق و شام (داعش)هوه ئهنجام دراوه. هە دە پە له بهیاننامهیهکدا که ڕۆژی ڕابردوو بڵاوی کردهوه و لهلایهن هاوسهرۆکانی پارتی دیموکراتیکی گهلان، سهلاحهددین دهمیرتاش و فیگن یۆکسکداغ واژۆ کراوه، ههموو تورکیای بانگهێشت کردووه بۆ یهکدهنگی و یهکگرتوویی له بهرهی ئاشتی و بهرهنگاربوونهوه لهگهڵ چهکدارانی داعش. لهم بهیاننامهیهدا هاتووه: "ئێمه ئهم هێرشه دڕندانه و نامرۆڤانه له پهرسووس ئیدانه دهکهین" و له درێژهی ئهو بهیاننامهیهدا هاتووه که ئێمه دهبینین که "چهکدارانی دڕنده و دهستدرێژکار و ئهوانهی که عیزهت و شهرافهتیان نییه، دهتوانن چ کردهوهیهک ئهنجام بدهن." ئهم بهیاننامهیه ههروهها حکوومهتی تورکیای تۆمهتبار کردووه که به مهبهستی پێشگیری له سهرههڵدانی ئهم هێرشانه، کارێکی خۆپارێزانهی پێویستی ئهنجام نهداوه له درێژهشدا هاتووه: حکوومهتێک که بۆ بهرهنگاربوونهوه لهگهڵ پارتی یهکێتی دیموکراتیکی سووریا (PYD) سوپا و ههزاران سهربازی تورکیای له سنوورهکانی ئهم وڵاته کۆکردووهتهوه، دهبێ وڵامی کهمتهرخهمییه ئهنجامدراوهکان له پهرسووس و تهقینهوهی بۆمب لهو ناوچهیه بداتهوه. سهرجهم ڕێکخراوه ههواڵگری و ئهمنییهکانی تورکیا لهمبارهوه بهرپرسن.
دژکردەوەی توندی رەفسەنجانی بە قسەکانی خامنەیی
هاشمی رەفسەنجانی بە قسەکانی خامنەیی کە لە رۆژی جەژنی رەمەزاندا کردی دژکردەوەی توندی نیشان دا. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەکان، رەفسەنجانی رۆژی دووشەممە 29ی پووشپەری 1394، لە چاوپێکەوتنی لەگەڵ بەرپرسانی سازمانی تەئمینی ئجتماعی، وێرای بەرگری لە پاشەکشێی رژێمی ئاخوندی لەمەر بەرنامە ناوکەییەکەی رایگەیاند، کەسانێک لە ئێستادا وەها بوون بە خاوەن ماڵ کە کەس نەزانێت ئەڵێیت لە ئاسمانەوە هاتوون و ویلایەتیان هێناوە. بە پێی ئەم راپۆرتە، رەفسەنجانی کە لە دوای قسە ئاژاوەگیرەکانی خامنەیی لە رۆژی جەژندا قسەی دەکرد وتی، زۆر ئەستەم نییە کە کۆمەڵێک کەس چاوی خۆیان دەنووقێنن و قسە دەکەن و ئاژاوە دەنێنەوە.
بۆچی رژێمی ئاخوندی بۆ دەوڵەتی ئەمریکا کوبا نییە
وتەبێژی کۆشکی سپی لە دژکردەوە بە هەرەشەی نوێنەرانی مەجلیسی رژێمی ئاخوندی لەمەر پەسەند نەکردنی رێکەوتننامەی ناوکەیی بە هۆی ئەو بەربەستانەی کە بۆ بەرنامە مووشەکییەکەی رژێم دانراوە وتی، رێکەوتنێکە نووسراوە دەبێت بەرێوە بچێت. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەکان، وتەبێژی کۆشکی سپی کە رۆژی دووشەممە 29ی پووشپەر بۆ هەواڵنێران قسەی دەکرد وتی، ئەگەر رۆژێک رژێمی ئاخوندی بەو بەڵێنانەی کە داویە پابەند نەبێت، ئەوکات ئەمریکا و کۆمەڵکای جیهانی بۆ وڵامدانەوە بە فریوکاری ئەو رژێمە لە بارودۆخێکی باشتردا دەبن. بە پێی ئەم راپۆرتە ناوبراو لەمەر دەستپێکردنەوەی پەیوەندی سیاسی نێوان کوبا و ئەمریکا کە دوێنی بە فەرمی دەستی پێکرد و ئەگەر دەستپێکردنەوەی پەیوەندی سیاسی نێوان ئەمریکا و رژێمی ئاخوندی وتی، ئۆباما هێڵێکی روونی نێوان پەیوەندی کوبا و پەیوەندی لەگەڵ رژێمی ئاخوندی داناوە و بۆچوونی ئۆباما لەو بارەیەوە زۆر جیاوازە.
وردەکاریێک لە هەوڵی رژێمی ئاخوندی بۆ دەورلێدانەوەی گەمارۆکان
هەواڵدەری دیلی بێست لە راپۆرتێکدا وردەکاری هەوڵەکانی رژێمی ئاخوندی بە مەبەستی دەور لێدانەوەی گەمارۆکان و کرینی نایاسایی فرۆکەی بوئینگ لە لایەن دەڵاڵان و دەست و پەیوەندەکانی خۆی لە ئەمریکا بڵاو کردووەتەوە. بە پێی ئەم راپۆرتە، رژێمی ئاخوندی یارمەتی ماڵی بە دەست و پەیوەندەکانی خۆی لە ئەمریکا بە تایبەت دانی پووڵ بە بەکرێگیراوەکانی لە ئەنجۆمەنی ناسراو بە ناباک و کەسانێک وەک تریتا پارسی داوە. هەروەها شیرکەتی فرۆکەوانی بالی کە خاوەنەکەی وەحید عەلاقەمەندە لە لەندەن و هاوکات بازرگانی گرووپی باڵی لە ئەستۆیە هەوڵیداوە فرۆکەی بوئینگ 747، سەرەرای قەدەغە بوونی فرۆشی بە ئێران بکرێت بە بێ ئاگاداری دەوڵەتی ئەمریکا. جێگەی باسە کە لەو راپۆرتەدا تیشک خراوەتە سەر هەوڵی رژێم بۆ راکیشانی بۆنیادە فیکرییەکانی ئەمریکا لە رێگای دانی پووڵەوە کە بریتین لە، ناوەندی بروکینز، و بۆنیادی پارسا کە لە هەوڵدا بوون گەمارۆکانی سەر ئەو رژێمە لابەرن.
کۆریای باکوور: رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێران بێسودە
وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باکوور لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، کە وڵاتەکەی هاوشێوەی ئێران گرنگی بە رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی 5+1 دا نادات و رێککەوتنی لەوشێوەیە بێ سودە. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەکان، لە بەیاننامەکەدا ئاماژەکراوە بەوەی کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی کۆریای باکوور (بەربەستێکی پێویستە) دژی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەرامبەر ئەو وڵاتەدا و رێککەوتنی ئەتۆمی لە ئێستادا گرنگییەکی ئەوتۆی نییە. کۆریای باکوور لە ماوەی رابردوودا هاوشێوەی ئێران بەهۆی بەرنامە ئەتۆمییەکەیەوە رووبەڕووی چەندین سزای نێودەوڵەتی بووەتەوە، کە لەلایەن ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەسەریدا سەپێندراون. لە ساڵی 2008 دا کۆریای باکوور لە دانوستانەکانی لەگەڵ ئەمریکا، کۆریای باشوور، چین، یابان و روسیا کشایەوە و ئامادە نەبوو دەست لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی هەڵبگرێت، لەوکاتەوە وڵاتە زلهێزەکان لە هەوڵی ناچارکردنی ئەو وڵاتەدان تا بیگەڕێننەوە سەر مێزی گفتوگۆ، بەڵام تاکو ئێستا هەوڵەکان بێ ئەنجام بوون.