خەبای مێدیا: رۆژانی دووشەممە وسێ شەممە رێکەوتی 2و3ی مانگی 5 ی 2022 یەکەم و دووهەم رۆژی جێژنی رەمەزان لە بنکەی سەرکردایەتی سازمانی خەباتی کوردستان جێژنی ڕەمەزان بەرز ڕاگیرا. سەر لە بەیانی ڕۆژی یەکەمی جێژن بە ئامادە بوونی بەرێز کاک بابەشێخ حوسەینی سکرتێری گشتی و ئەندامانی سەرکردایەتی و کادرو پێشمەرگەکان لە ساڵۆنی گشتی وێرای پێرۆزبایی کردنی جێژنی رەمەزان دەست خۆشی هەڤاڵانە کرا لەو کەسانەی کە لەمانگی ڕەمەزاندا بەڕۆژو بوون و لە خوای گەورە داواکار بوون ڕۆژوو تاعەتیان قەبووڵ بێ. دوایەش سکرتێری گشتی پیرۆزبایی جێژنی لە ئامادە بووان کردو هەموو پێکەوە نانی جێژنیان خوارد. پاشان کاک بابەشێخ حسێنی سکرتێری گشتی و ئەندامانی سەرکردایەتی بە بۆنەی جەژنی رەمەزان پێشوازیان لە کادرو پێشمەرگەو ئەندامانی سازمان و خەڵکی بەڕێز ودۆستانی دانیشتووی شارۆچکەی ڕزگاری کرد.
بەرێز سکرتێری گشتی لەو دیدار و چاوپێکەوتنانە دا وێرای بەجێ گەیاندنی نەریتی سەردانیکردنی جەژن و گەردن ئازایی ئەو دەرفەتەی قۆستەوە تا لەسەر کۆمەلێک بابەتی پێوەندیدار بە شۆرشی رزگاریخوازانەی گەلەکەمان بدوێ و هاوکات زەرورەتی ئەو بۆنە ئایینانە لە راستای پتەو کردنی ریزەکانی نەتەوەییمان زیاتر بخاتە بەر سەرەنج و بەرچاو.