ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٦ی مای ۲۰۲۲ ڕێوڕەسمی ۱۱ی بانەمەڕ یازدەهەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی ڕێکخراوی لاوانی خەباتی کوردستانی ئێران بەڕێوەچوو.
سەرەتای بەرنامەکان بە ساتێک بێ دەنگی بۆ ڕێزگرتن لە رۆحی پاکی شەهیدانی لاوی سازمانی خەبات و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ئازادی دەستی پێ کرد. پاشان بەڕێز جەعفەر بەهرامی پێشکەشکاری ڕێوڕەسمەکە، لە پێشەکییەک دا باسی لە گرینگی بوونی لاوان لە کومەڵگە و ڕۆڵیان لە ڕیزی خەبات و شۆڕش و کورتەیەک لە مێژوو و چۆنیەتی دامەزراندنی ڕێکخراوی لاوانی خەباتی پێشکەش بە بەشدار بووان کرد.
لە یەکەم بڕگەی رێورەسمەکە بەڕێز کاک بابەشێخ حوسەینی سکرتێری گشتی سازمانی خەبات ووتارێکی بەو بۆنەوە پێشکەش کرد. لە ووتەکانی بەڕێزیان ئاماژە بە هەلومەرجی ئەمڕۆی لاوان لە ڕیزەکانی جوڵانەوەی مافخوازانەو خەبات و تێکۆشان و هەروەها هەوڵی ڕژیم بۆ لەناو بردنی توێژی لاوان بە هەر چەشنە پیلانێک،لە بەرانبەردا تێکۆشان و بەرپەرچدانەوەی ئەو پیلانانە لە لایەن لاوانی بوێر و هێژا بە درێژایی مێژووی خەبات و تێکۆشان و هەروەها گرینگی و بایەخی ئەو چینە لە خەباتی سەردەمیانە هێنایە ئاراوە.
لە بەشێکی دیکەی رێورەسمەکەدا شیعرێکی جەنابی ماموستا سەیید جەلال حوسەینی، ڕێبەر و دامەزرێنەری سازمانی خەبات بە ناوی سەربازی شۆڕش لە لایەن کاک ساسان هەورامی خوێندرایەوە. پاشان پەیامی دەستەی بەڕێوەبەری ڕێکخراوی لاوان لە لایەن خاتوو شایستە محەممەدی ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری پێشکەش کرا.
لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکە پارچە شیعرێکی بەڕێز کاک ڕێبوار حوسەینی ئەندامی دەفتەری سیاسی، کە بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی ڕێکخراوی لاوان کردبوویە دیاری بۆ لاوان، لە لایەن خاتوو ڕێناس فەلەکی پێشکەش بە بەشداربووانی بەڕێز کرا.
لە دوا بڕگەی رێوڕەسمەکەدا پەیامی پیرۆزبایی ڕێکخراوی ئافرەتانی خەبات لە لایەن خاتوو ڕێزان شەهیدی پەنا ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ڕێکخراوی ئافرەتانی خەبات پێشکەش کراو دواتر بە پەزیرایی و هەڵپەرکی کۆتایی هات بە ڕێوڕەسمی یازدەهەمین ساڵیادی دامەزراندنی ڕێکخراوی لاوانی خەباتی کوردستانی ئێران.