سەروەری گەل: شەهید مەلا عەلی ڕەسوڵی
یەکێک لەو شتانەی کە کار دەکاتە سەر گیانی شۆڕشگێڕی و دەبێتە هاندەری هەڵگرانی ئاڵای ئازادی و ڕێبوارانی ڕێبازی شانازی خۆڵقێنی شەهیدان، هەر یادی ئەو شەهیدانەیە و ڕێزگرتن لە ئامانج و ڕێبازەکەیانە، بەو مانایەی دەکرێ بڵەین یەکێک لەو دەرسانەی زانکۆی مەزنی شۆڕش کە مرۆڤی شۆڕشگێر بە فێربوونی سوور دەبێ لەسەر هەوڵ و تێکۆشان، یادی شەهیدانە. چونکە ئەو شەهیدانە دەرسی فیداکاری و لە خۆبوردوویی بە کردەوە بە ئێمە دەڵێن و پێمانی حاڵی دەکەن کە چۆن پەیمان ببەستین و چۆن پێی وەفاداربین و چۆن بژین و چۆن بمرین. لە ناو شەهیدە سەربەرزەکانماندا یادی شەهیدی نەمر مەلا عەلی ڕەسوڵی دەکەین کە بە گیانبازی و فیداکاری، لە پێناو خاک و نیشتمان گیانی خۆی بەخشی.
شەهید مەلا عەلی فەرماندەی لێهاتوو ئاگاو تێگەیشتوو و کوردێکی پاک و کورد خۆشەویست بوو.
شەهید مەلا عەلی دەردی دەرونی کوردانی دەزانی و وێران کران و سووتاندنی کوردستانی بە چاوی خۆی دیبوو و ئازاری گەلەکەی بە ئازاری خۆی دەزانی. شەهید مەلا عەلی لە ساڵی ١٣٣٨ لە گوندی سپیاڵی کوردستانی ئەودیوو هاتە دنیا.
هەر لە ساڵەکانی هەوەڵی شۆڕشی کوردستانی ئێرانەوە هاتە ناو ڕیزی پێشمەرگەو لە ساڵی ١٣٥٨دا خەباتی بێوچانی خۆی شان بە شانی برا پێشمەرگەکانی لە سەنگەری سازمانی خەباتی کوردستانی ئێرانەوە دەست پێکرد و لە دژی هێرشی داگیرکەرانی کوردستان و جاشە بە کرێگیراوەکانی نوکەری ڕژێمی خومەینی تا دوا ڕۆژی ژیانی گیانبازی کرد. لێهاتوویی شەهید مەلا عەلی لە کارو باری نیزامیدا بوو بە هۆی ئەوە کە لە مانگی ١٢ی ١٣٦٠ دا بە فەرماندەری لقی شەهیدانی( بۆیەن) و لە مانگی ٩ی ١٣٦٢دا بە جێگری فەرماندەری هێزی شەهید سەید خەلیل داندرێ، لە ڕۆژی ١٣٦٣/٣/٤ لە شەڕێکی قارەمانانەدا کە پێشمەرگەکانی سازمانی خەباتی کوردستان لە کێوی( نهێنی ) نزیک سەیرانبەن هەڵکەوتوو لە ناوچەی بانە، کەوتبوونە گیانی دوژمنانی ئازادی و زیاتر لە ٣٠ کەس لە ئەفرادی دوژمن کوژران، بەداخێکی گرانەوە بە گوللەی دوژمن پێکراو لە ڕۆژی ١٣٦٣/٣/٥دا ماڵئاوایی لە هەمووان کرد و شەهید بوو.
هەزاران لە سڵاو لە گیانی پاکی ئەو شەهیدەو سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ئازادی کورد و کوردستان