خەبات مێدیا: هەواڵدەری ئیسڕاییل هەواڵی لە مردنی گوماناوی کارناسێکی دیکەی ڕژیمی ئێران لەو ووڵاتە دا.
وێبسایتی ئیسڕاییلی واینێت ڕایگەیاند کە چەند ڕۆژ پێش ئێستا کارناسێکی دیکەی ناوکەیی ڕژیمی ئێران بەناوی، کامران مەلاپوور کە لە دامەزراوەی نەتەنز کاری دەکرد بەشێوەیەکی گوماناوی گیانی داوە.
هەواڵی مردنی ئەم کەسە پێشتر لە ڕاگەیاندنەکان بڵاو کرابوویەوە، واینێت ڕۆژی یەک شەممە 15ی جۆزەردان باسی لە هەواڵی مردنی ئەم کەسە کردبوو.
هەروەها واینێت نووسیویەتی، مردنی ئەم کارمەندەیش لە ڕۆژی 9ی جۆزەردان یانی هاوکات لەگەڵ مردنی ئەیووب ئینتزاری لە یەزد و گیان دانی عەلی ئیسماییلزادە لە کەرەج ڕوویداوە.
جێی ئاماژەیە کە بەرپرسانی ڕژیمی ئێران هەتا ئێستا هیچ لێدوانێکیان لەسەر هەواڵی گیان دانی ئەم کارناسە نەداوە.
شایەنی باسە کە لە دوو ڕۆژی ڕابردوو هەندێک لە کاناڵە تلگرامیەکان و چەند ماڵپەڕێکی تویتەری بە بڵاو کردنەوەی وێنەیەک باسیان لەوە کردبوو کە کامران مەلاپوور خەڵکی ئیزە و خاوەنی دوکتۆرای ناوکەیی بووە و بەبنەماڵەکەیان ڕاگەیاندبوو کە ناوبراو بە هۆی ڕووداوێکی نەخوازراو لە دامەزراوەی نەتەنز گیانی داوە.
کامران مەلاپوور چوارەمین کەسە کە لە دوو حەفتەی ڕابردوو کوژراوە و یان مردنی گوماناوی ناوبراو بڵاو دەکرێتەوە.
ئەم ڕووداوانە و کوشتنی زانایان و کارناسانی بواری ناوکەیی لە ئێران پێشتریش ڕوویانداوە، بەڵام ڕژیم خۆی لە ئاست ئەم ڕووداوانە بێ بەری کردووە، گومان دەکرێت کە خودی ڕژیم دەستی لە کوشتنی ئەم کەسانەدا هەبێت، چونکە پەنجەی گومانەکان ڕووی لە خودی ڕژیمە.