هاونیشتمانیانی کورستان!
هێزو لایەنە سیاسیەکانی ئێران و کوردستان!
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 06.06.2022 بەرانبەر بە 16 ی جۆزەردانی 1401ی کۆچی خۆری، ترۆریستان و بەکرێگیراوانی ڕژیمی دیکتاتۆری ئاخوندی بە تەقاندنەوەی بۆمب لە ژێر ئوتۆمبێلی لایەنگرێکی سازمانی خەبات بەناوی ئەکبەر سەنجابی لە نزیک بنکەی پێوەندییەکانی سازمانی خەبات لە شاری هەولێری پێتەختی هەرێمی کوردستانی عێراق، بوونە هۆی مەترسی بۆ سەر خەڵکی گەرەکی سێ تاقان و بە داخەوە لە ئەنجامی ئەو کردەوە ترۆریستیە ئەکبەر سەنجابی بەسەختی بریندار بووە و بە هاوکاری پێشمەرگەکانی بنکەی پێوەندی هەولێر گوازرایەوە نەخۆشخانەو ئێستا لە ژێر چاوەدێری پزیشکیدایە.
وەک ئاشکرایە ڕژیمی ئاخوندی بە بەردەوامی لە ڕێگەی بەکرێگیراوانی لە هەوڵی زەربەت وەشاندن و ئەنجامدانی کردەوەی ترۆریستی لە دژی کادرو پێشمەرگەکانی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێرانەو تا ئێستا دەیان شەبەکەی جاسوسی و ترۆریستی ڕژیمی ئاخوندی لە لایەن بەشی ئەمنیەتی سازمانی خەبات و ئیدارەو ناوەندە ئەمنیەتیەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرا بوون.
سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران لە گەڵ مەحکوم کردنی کردەوەی ترۆریستی بەکرێگیراوانی ڕژیمی ئێران دژ بە گیانی ئەکبەر سەنجابی لە هەمانکاتدا داواکارە ناوەندە ئەمنیەتیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گرتن و سزادانی ترۆریستان هەوڵی جیددی بدەن.
سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران
ناوەندی ئەمنیەت و دژی ترۆر
16 ی جۆزەردانی 1401 کۆچی خۆری