زیاتر لە 20 مامۆستا و چالاکی مەدەنی و پیشەیی لە شارەکانی سنە، سەقز و دیواندەرە گیراون
بەپێی ڕاپۆرتەکانی هەواڵدەری هەنگاو ڕۆژی چوارشەممە 25ی جۆزەردان، لە بەردەوامی ناڕەزایەتی مامۆستایان لە شارە جیاجیاکانی ئێران و کوردستان زیاتر لە 20مامۆستا و چالاکی مەدەنی پیشەیی لە شارەکانی سنە، سەقز و دیواندەرە، لەلایەن ئیتڵاعاتەوە بانگ کراون و دواتر دەستبەسەر کراون.
هەروەها 18کەس لە مامۆستایان و ئەندامانی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان لەقی سەقز- زێویە لەلایەن ناوەندی ئیتلاعاتی شاری سەقز بانگ کراون و گیراون و هەتا ئێستا ناسنامەی پێنج کەسیان ئاشکرا کراوە کە بریتین لە: خالید عەبدوڵاهی، محەممەد فەتاحی، سلێمان عەبدی، عەزیز مەرزی و سەلاح سورخی و هەروەها ناسنامەی 13کەسی دیکەیان نادیارە و هیچ هەواڵێک لە شوێن و چارەنووسی ئەم 18مامۆستایەی خەڵکی شاری سەقز لەبەر دەستدا نیە.
هاوکات، پێنج کەس لە ئەندامانی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی شاری دیواندەرە بەناوەکانی ئومید شامحەممەدی، عوسمان ڕەزایی، هیوا قوڕەیشی، پەرویز ئەحسەنی و کاوە محەممەدزادە لەدوای بانگهێشت کردنیان لەلایەن ناوەندی ئیتلاعاتی ئەم پارێزگایە دەسبەسەر کراون.
جێی ئاماژەیە لەلایەکی دیکەوە و هاوکات، مریەم ئەحمەدی، ڕەزا ئەلیاسی، بەها مەلەکی، جەبار پاکزاد و فاتێح ئاسەدی لە مامۆستایانی و چالاکانی پیشەیی شاری سنە سەعات 5:30 دوانیوەڕۆ بانگهێشتی ئیتلاعاتی ئەو شارە کراون و دەسبەسەر کران.
شایەنی باسە کە ناوەندی ئیتلاعاتی ئەو مامۆستا و چالاکانەیان ناچار کردووە و هەڕەشەیان لێ کردوون کە ئەگەر بەشداری لە ناڕەزایەتیەکاندا بکەن دەگیرێن و بەتوندترین شێوە سزا دەدرێن.
بەپێی هەواڵی شۆرای هاوئاهەنگی پێکهاتە پیشەییە فەرهەنگیەکانی ئێران، سەرەڕای هەڕەشە تەلەفۆنیەکان، بانگکردن و تەنانەت دەسبەسەرکردنی چالاکانی پیشەیی مامۆستایان، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی فەرهەنگیان بەڕێوەچوو.