خەبات مێدیا: یەکیەتی ئورووپا هاوبەشیی ئیستراتیژی لە گەڵ ووڵاتانی شۆرای هاوکاری کەنداوی فارسی پەسەند کرد.
شۆرای وەزیرانی یەکیەتی ئورووپا ڕۆژی یەک شەممە 30 جۆزەردان بەڵگەی کۆتایی هاوبەشیی ئیستراتیژی لەگەڵ ووڵاتانی ئەندامی شۆرای هاوکاری کەنداوی فارسی بە مەبەستی دروست کردنی هاوبەشیی ئیستراتیژیکی لەگەڵ ئەم ووڵاتە عەرەبیانە پەسەند کرد و ڕژیمی ئێرانی وەکوو سەرچاوەیەکی ناسەقامگیری لە ناوچەکە ناوبرد. بەپێی بەڵگەی 9لاپەڕەیی ئەم هاوبەشیە ئیستراتیژییە کە لە وێبسایتی یەکیەتی ئورووپا بڵاو بووەتەوە، زیاد بوونی هاوکاری بەربڵاو لەگەڵ ووڵاتانی ناوچەی کەنداوی فارس بۆ یەکیەتی ئورووپا لە پێشینەیە و قازانجگەلێکی هابەشیان بۆ بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ ململانێ و کێشە ناوچەییەکان هەیە. جێی ئاماژەیە، لە بەڵگەنامەی شۆرای وەزیرانی یەکیەتی ئورووپا هاتووە: ڕژیمی ئێران بە پشتیوانی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی نیزامی و سیاسی لە گرووپە چەکدارەکانی و هەروەها بە بەرنامەی پەرەپێدانی مووشەکی بالستیک و هەناردە کردنی چەک و چۆڵ بۆ بەکرێگیراوانی حکوومی و ناحکوومی، سەرچاوەی هەموو کێشەکانی ناوچەکەیە. شایەنی باسە کە شۆرای هاوکاری کەنداوی فارس پێک هاتووە لە شەش ووڵاتی وەکوو، عەرەبستانی سعوودی، عەممان، قەتەر، بەحرەین، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و کووەیت. پەیوەندی ئەم ووڵاتانە لەگەڵ ئامریکا و یەکیەتی ئورووپا لە ساڵەکانی پێشوو لەگەڵ ئەوەی بەرز ونزمی زۆری بەخۆیەوە بینیوە بەڵام ئەو وڵاتانە خوازیاری ڕوو بەڕوو بوونەوەی ئورووپا و ئامریکا لە هەمبەر هەنگاوەکانی ڕژیمی ئێران بۆ ناسەقامگیری ناوچەکە بوون. ئەم ووڵاتانە هەروەها لە وتووێژەکانی بەرجامیش خوازیاری گونجاندنی بابەتە ناوچەییەکان و بەرنامە مووشەکیەکەی ڕژیمی ئێران بوون.